لەسەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی گەلی ئێراندا
بنەماکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لەئێران!
یەک ساڵ لەمەوپێش
عبدولڕەحمان گەورکی
هەموومان دەزانین هیچ دیکتاتۆرێک لەمێژوودا خۆی لەخۆیدا نەڕووخاوە. رووخاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لەسەر زەوی، بەرهەمی ئەو خەبات و تێکۆشانە بووە کە بۆ رووخاندنی کراوە. (کات)ی رووخاندنیشی تێهەڵکێشێک بووە لەبەراوردی «هێزی دیکتاتۆرییەت» و «هێزی گەل» و «هێزی رووخێنەر»، کە لەسەر هەر خاکێکدا جیاواز بووە.
ئەوەی فاکتەری گرنگ بێت و هەندێک جار رۆڵی یەکلاییکەرەوەی هەیە، «دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان»ە کە جگە لە»زانستی خەبات»، دەبێت «کەشف» بکرێن. بەبێ دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان، پێناچێت هەبوونی (زانستی خەبات) بەس بێت بۆ ئەم کارە. جیاوازی نێوان «زانست» و «کەشفکردن»، سەبارەت بەوەی «چی هەیە»و «چ دەبێ بکرێت»، (ستراتیژی و تاکتیک)مان دەخاتە بەردەست. لە «پێناسەکردن»ی دەسەڵاتدایە کە «تایبەتمەندییەکانی خەبات» و «چ دەبێ بکرێت» دەبێتە (رەمزی بەرەنگاربوونەوەیەکی سەرکەوتوو).
بنەماکان:
پێناسەکردنی کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگاو تایبەتمەندییەکانی: تاکێشەی سەرەکیی کۆمەڵگا (واتا دوژمن) لەڕووی زانستی و واقیعییەوە پێناسەو دەستینشان نەکرێت، خەبات بێ ئاڕاستەو رێڕەڕەوو پۆتانسێل و تواناکانی ناو کۆمەڵگا، جێگای راستەقینەی خۆیان ناگرنەوە! پێناسەکردن و دۆزینەوەی ئەم تایبەتمەندییانە رۆڵێکی سەرەکیی هەیە لەهەنگاونان لەئێستاوە بەرەو ئایندە. بەرەی سیاسی کەخۆی هەڵقوڵاوی (هێڵ و هەڵوەستەی سیاسی)یە، بەرهەمی ئەمجۆرە پێناسەکردنەیە. کاتێک گرژی و ئاڵوزی لەنێوان هەردوو بەرەی گەل و دیکتاتۆرییەت روودەدات و دەگاتە دژایەتیکردن و توندوتیژی (ئانتاگۆنیستی)، هەر دانوستانێک لەنێوانیاندا، لەبازنەی سیاسی دەردەچێت و دەچێتە ناو بازنەی «دوژمنایەتیکردن» لەنێوانیاندا و پێی دەوترێت «سنووری سوور» یان «هێڵی سوور» و بەزاندنیشی بەواتای خەوشدارکردنی ئەم سنوورەیە لەنێوان دوو بەرەی دژ بەیەکدا و بەڕەسمی ناسینی بەرەی بەرامبەرو دانپێدانانی. چونکە «دیاگۆگ» و «دانوستاندن» رێگاچارەیەکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەناو بەرەیەیکی دیاریکردوەدا!.
کەم هێزو لایەن نەبوون کە لەسەرەتای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ئایینی لەئێران «لیبرالیزم»یان وەک دوژمنی سەرەکی پێناسەکردن و یەکسەر کەوتنە ناو داوی «دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی»ەوە دەسەڵات قوتی دان! هەڵبژاردنی پێچەوانە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت و هەندێکجاریش کوشندە دەبێت!
یەکڕیزبوونی هێزەکان لەبەرەیەکی دیاریکراودا: سەرنج لەسەر دیکتاتۆرییەت وەک دژبەری سەرەکیی کۆمەڵگا، تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە کە نابێت لێی لابدرێت. تیشک خستنە سەر جیاوازییە لاوەکییەکانی ناو بەرەی دژە دیکتاتۆرییەت، رێگا بۆ پراگماتیزم و هەلپەرستی خۆش دەکات و یەکڕیزبوونی هێزەکانی ناو (بەرەی گەل) دەکاتە ئامانج و لەهەنگاوی دواتریشدا، بەرەی دژە دیکتاتۆریەت پەک دەخات و براوەکەیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە.
پلاتفۆرم و بەرنامەو سیناریۆکان لەم تایبەتمەندییانەوە وەرگیراون. هەر پلاتفۆرمێک بتوانێت خۆی لەگەڵ راستییەکانی کۆمەڵگا و خواستی خەڵکدا بگونجێنێت، دەبێتە خاوەن پێگەی جەماوەریی زیاترو بەو هۆیەوە سەرکەوتوو دەردەچێت. بەتایبەتی ئەگەر «خاوەن پلاتفۆرم» لەناو جەماوەردا لاگری و خۆشەویستیی متمانەپێکراوی دروست کردبێت و شایستە بێت. ئازادی، دابینکردنی مافەکان، یەکسانی و فرەیی و سکۆلاریزم و تەنانەت جۆری سیستەمی حوکمڕانیش لەم تایبەتمەندییەوە وەرگیراوە.
یەکپارچەیی خاکی: باوەڕمەندبوون بەیەکپارچەیی خاکی وڵات، تایبەتمەندییەکی تری رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەتە لەئێران، کە یەکێکە لەفاکتەرەکانی یەکگرتوویی نێوان بەرەی گەل. لادان و دوورکەوتنەوە لێی، بەسوودی دیکتاتۆرییەتە و دەبێتە هۆی رژانی خوێنی زیاتر لەجەستەی خەڵکی ئێران. هێزێک دەتوانێت لەگۆڕەپانی خەبات و شۆڕشدا بمێنێتەوە کە پابەند بێت بەم یاساییە!
کۆماری و دیموکراتیک: تائێستا سیستمی «کۆماری» و «دیموکراتیک» لەوڵاتێکی وەک ئێراندا لەسەر کار نەبووە. سیستەمی «پاشایەتی» یان «ویلایەتی فەقیهی» لەئێراندا بەئەزموون کراوەو لەلایەن خەڵکەوە بەنەفرەتکراوەو رەت کراوەتەوە. چونکە لەبنەڕەتدا «دیکتاتۆرییەت» و «دژە دیموکراسی»ن. هەربۆیە یەکێک لەتایبەتمەندییەکان کە دەتوانێت خەبات پێشبخات و «گەرەنتی پێشکەوتن» بدات، پابەندبوونە بەسیستەمی «کۆماری» و «دیموکراتیک». چونکە دەتوانێت هەموو چین و تووێژەکانی خەڵکی ئێران، لە «ئامانجی هاوبەش»ەوە بەرەو «خەباتی هاوبەش» رێنمایی بکات و برەوی ئەم تایبەتمەندییە بدات و پێشی بخات.
جیاکردنەوەی ئایین لەحکومەت: رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لەئێران، یەکێکە لەئاڵۆزترین رووبەڕووبوونەوەکانی ناو مێژوو. چونکە لایەنی زاڵی ئەمجۆرە دیکتاتۆرییەتە لەژێر ناوی «ئایین»دایە، کە لەمێژوودا دەگمەنە یان ناوازەیە. بەتایبەت لەخاکێکدا کە ئایین پەیکەری کۆمەڵگای گرتووەتەوەو دیکتاتۆرییەت پەنای بۆ خراپ بەکارهێنانی بردووە. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە «نکۆڵیکردن لەئایین» و دوژمنایەتیکردنی، لەوڵاتێکی وەک ئێڕان، وەک یاریکردنە لەسەر زەمینی دیکتاتۆرییەتدا و براوەی یەکەمیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بۆیە نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، نەک بە واتای نکۆڵیکردنی ئایین نییە، بەڵکو «باوەڕمەندبوونە بەجیاکردنەوەی ئایین لەحکومەت»!
وریابوونێکی پێویست بەرانبەر بەهەڕەشەکردنەکان!
وریایی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە لەخەبات و شۆڕشدا. چونکە خەبات و شۆڕش و کۆماری و دیموکراسی و مافەکانی گەل، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانەوە «هەڕەشەیان لەسەرە». زۆرێک «هێڵی سوور»، «ئەوەی دەبێ بکرێت» و «ئەوەی نابێ بکریت» لەناخی ئەم وریاییەدایە. گرینگینەدان بەوریایی دەتوانێت چارەنووسەکان بگۆڕێت.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەنیا بەشێکە لەتایبەتمەندییەکانی خەباتێکی سەرکەوتوو لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەئێران، کە ئەگەر لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا پەیڕەو کرابا، بەدڵنیاییەوە دەستکەوت و دەرئەنجامەکانیشی زۆر جیاواز دەبوون.
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە رێگەنەدەن بەدیلی دیکتاتۆرییەت لەئێراندا جێگەی راستەقینەو پراکتیکی خۆی بدۆزێتەوە. بەتایبەت کە هەمیشە ململانەیەکی نایەکسان لەنێوان بەرەی گەل و بەرەی دیکتاتۆرییەت لەئارادا بووە. گوشراوەی مێژووی ئێران لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە راپەڕینی خەڵکی ئێران لە رۆژە چارەنووسسازەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە.
بیروڕای گشتی جیهان سەبارەت بەئێران!
لەو بەیاننامانەی لەم دواییانەداو بۆ پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی لەڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی و لەگردبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێراندا بەگشتی و لەئاستی «زۆرینەی پەرلەمانی» لەپەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهاندا راگەیاندراوە، جەخت کراوە کە: «ئێمە لێرەدا گرنگی مافی چارەی خۆنووسینی گەل بیردەخەینەوە. واتا مافی خەڵکی ئێرانە ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئێمە خۆمان بەبەشدار دەزانین لەگەڵ خەڵکی ئێران و پشتیوانیانین لەبەهاکانی کۆماریخۆازی، وەک : هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی گردبوونەوە و رادەربڕین، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی رەگەزی، جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، مافی خودموختاری بۆ کەمایەتییە نەتەوەیی و قەومییەکانی ئێران و ئێرانێکی نائەتۆمی، کە لەپلاتفۆرمی ١٠ خاڵی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێراندا هاتووە.
دواوتە:
بەپێی ئەوانەی سەرەوە، ئێستا کە لەسەروبەندی یەکەمین ساڵوەگەڕیی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێرانداین، بەر لەهەموو داواکاری و درووشم و بەرژەوەندییەک، دەبێ «رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی» و «دوورکەوتنەوە لەهەر شتێک کە سوودی بۆ ئەم رژێمە هەبێت» لەسەرووی بەرنامەی کاری هێزە جەماوەری و دیموکراتییەکاندا بێت. خواست و دروشمێک کەخەڵکی ئێران یەکگرتووتر و نەخشەرێگای داهاتوو روونترو بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەل نزیکتر بکاتەوە. لەو رێڕەوەدایە کەهەمووان لەئاست بزووتنەوەو راپەڕین خۆیان بە وریاو بەبەرپرس دەزانن و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران دەخەنە پێشەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسک و ناوچەییەکانەوە.
بەرخۆدانی ئێران و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران بە «سەربەخۆیی» و «خەبات لەپێناو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت» ناسراون و هەرگیز خۆیان لێ لانەداوە و لەپێناویدا تێچووەیەکی گەورە و زۆریان پێشکەش کردووەو لەسەری جیددی و پابەندن و بەردەوام لەگۆڕەپانەکەدان بەئێستایشەوە!