ئێران درۆنێکی نوێ نمایش دەکات ; توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی تۆڕی هەواڵی CNN دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان دروستکردوە بە ناوی "موهاجیر 10" کە توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام و مەودای فڕینی دەگاتە دو هەزار کیلۆمەتر (1240 میل).

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە مەراسیمێکدا کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و فەریق محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران ئامادەی بون، پەردەی لەسەر لادرا، هەروەک تۆمارێكی ڤیدیۆیی درۆنەکە لە میدیای فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە و تێیدا گرتە ڤیدیۆییەکانی هەڵفڕین و نیشتنەوەی درۆنەکە، خرانەڕو. 

وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، درۆنە نوێیەکەیان توانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر و فڕینی بە بەرزایی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر هەیە، خێراییەکەشی 210 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. هەروەها توانای هەڵگرتنی 300 کیلۆگرام بۆمبی هەیە، لەگەڵ ئەوەش کامێرای چاودێری و تۆمارکردنی لەسەر بەستراوە. 

سەبارەت بە درۆنە نوێیەکەیان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو بەرهەمە نوێیەیان توانا پێشکەوتووەکانی ئێران لە بواری تەکنەلۆژیا و سەربازیدا پیشان دەدات.  

هەروەها میدیای فەرمیی ئێران، ڤیدیۆی نمایشی درۆنە نوێیەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تواناکانی ئەو درۆنە لەلایەن لایەنی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. هەروەها هەتا ئێستاش ئیسرائیل هەڵوێستی لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیەی ئێران نەبووە. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار