رەهەندییەکانو پرسی دووبارە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
لێرەدا دەمەوێت بەراوردێک بکەم لەنێوان رەهەند وەک ناوێک بۆ گروپێکی فیکریی یان رۆشنبیریی لەگەڵ هەر گروپێکی تری سیاسی کوردستان. مەبەست لەم بەراوردە، هەڵسەنگاندن و دادوەریی هیچ لایەک نیە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کە قسە لەسەر قەیرانی یان نەبونی عەقڵی دەزگایی و سیاسی و فیکریی کوردی بکەین، کە لەئەنجامدا نابێتە هۆکاری دابڕان، بەڵکو دەبێتە مایەی دووبارە.
دووبارە کاتێک روودەدات، کەڕێگایەکی تر نەبێت، جگە لەئەو رێگایە یان بێتوانایی هەبێت لەدۆزینەوە یان بونیادنانی رێگایەک یان شێوازێکی تر، یان ئاگایی نەبێت بەچیەتی رێگا سەرەتاییەکە، بۆیە دووبارە دەکرێتەوە. یان دووبارە دەبێتەوە.
پێش رەهەندییەکانیش گروپی تری رۆشنبیریی هەبوون، بەڵام لەئێستادا لەیادەوەرییدا نەماون، وەک روانگە. رەهەندییەکان لەسەرەتای نەوەدەکان، پاش راپەڕین، دێنە ناو کایەی فیکریی و سیاسی کوردی. ئەمان کەسانی خاوەن پاشخانی جیاوازن، بەڵام لەڕووی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابوریی و رەفتارەوە هەتا ئاستێکی زۆر هاوشێوەن.
سەرهەڵدانینان سەرەتا وەک وەرچەرخانێکی جۆریی لەقەڵەمدەدرێت لەمێژووی رۆشنبیریی کوردیدا. من لێرەدا کارم بەسەر بەرهەمەکانیانەوە نیە، چونکە ئەوە بۆ من جێگای مەبەست نیە، بەڵکو کۆمەڵێک بواری تر جێگای بایەخە کە گرنگی گەوەری هەیە بۆ کۆمەڵناسی سیاسی کوردی، بۆ دەزگاناسیی، بۆ بێتوانایی دابڕان و چوونە ناو پانتاییەکی نوێوە، لە نەبوونی توانا بەسەر زاڵبوون بەسەر پرسە سایکۆلۆجی و کەسییەکاندا، لەهەناو گروپەکەدا. کە بەگشتی قەیرانی رەگ قوڵن لەدونیای کوردیدا، بەڵام بەئەستەم هەستیان پێدەکرێت چونکە هەتا ئاستێکی زۆر ئاسایی بوونەوەتەوە، یان بوون بە نۆرم.
رەهەندییەکان، ناوەکەیان دەرخەری ئەوەیە کەڕەهەندی پرسەکان، یان کێشەکان یان دیاردەکان یان رووداوەکان لایان گرنگن، هەروەها لەناواخندا ئاماژەیە بۆ جەختکردنەوە لەسەر رەهەند، کە هەروەها هەمیشە زیاتر لەڕەهەندێکە، چونکە تاک-ڕەهەندی پێویست بەجەختکردنەوە لەسەر رەهەند ناکات. دیارە تاک رەهەندیش وەک نێگەتیف دەبینرێت. رەنگە ناونیشانی کتێبە بەناوبانگەکەی هێربیرت مارکۆزە، مرۆڤی تاک-ڕەهەند، بۆ روونکردنەوەی ئەم مەبەستە بەس بێت. بەڵام فرە رەهەندێتی یان فرەیی، پرسێکی تەواو جیاوازە، پاشان دەبینین رەهەندییەکان لەبری ئەوەی پیادەی بکەن بەدەستیەوە هەڵدەوەشێن وەک زۆر هێزو گروپی تری سیاسی و رێکخراوەیی. جیابوونەوەی جیاوازەکان، هەڵوەشانەوە لەبری جیاوازبوون، پەراوێزخستن و سزادانی جیاوازەکان، هۆکاری هەرە سەرەکی دیاردەی پەرتبوونن؛ کە دیاردەیەکی ئێجگار سەرەکی ناو کایەی سیاسی کوردییە لەسەدەی بیستدا. رەهەندییەکان ئەم دیاردەیە وەک هێزە سیاسییەکان پیادەدەکەن. ئەم دووبارەیە، لەئاستێکی باڵادا، دووبارەیەکەی نەستییە، پاشان کردەیی. ئەم دووبارەیە رێگرە لە اتنە ئارای رووداوی دابڕان، یان سەرهەڵدانی نوێ. دیارە مەبەستمان لەدابڕان ئەو مانایە نیە کە لەدونیای کوریدا بۆی دروستبووە. زۆر چەمک لەدونیای فەیکی سیاسی و فیکریی کوردیدا ژەهراویی بوون.
رەهەند کە لەهەمانکاتدا بەڕەهەندییەکان ناسراون، بەو مانایە گروپێکن لەکەس، کە دێن وەک گروپ دێن، وەک گروپ مامەڵە دەکەن، وەک گروپ بەرگریی و هێرش و گەلەکۆمە دەکەن. خەسڵەتی پێکەوەبوونیان، سەرباری جیاوازبوونیان، ئەو خەسڵەتەی دەرخست کە لەهێزی سیاسییدا بونی هەیە لەسەرەتاوە. یەکبوونێک کە ناوی دەنێین یەکبوونی نادەزگایی، یان نامۆدێرن، جۆرێک لەعەسەبیەتی خەلدونی. ئەم جۆرە پێکەوەبونە جۆرێک لەیەکبوونی دروستکرد، بەڵام لەوەدا جیاوازە لەدەزگا کەڕۆڵی ئەندامەکان نادیارە، یان شاراوەیە، جیاوازییەکان پەردەپۆش دەکرێن، بەمجۆرە دایەلۆگ و رۆڵی تایبەت و تایبەتمەندیی و هەماهەنگیی و بوونی دونیابینی جیاواز بوونی نیە، بەڵکو کاری سەرەکی لەسەر تۆپەڵەبوونە، بە لۆجیکی برا لەپشت برابێت. ئەمەمان، بەهەمانشێوە، لەسەرەتاکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بینی. کە پاشان رێگریی هەرە گەوەرە بوو لەگواستنەوەی ئەو بزوتنەوەیە لەکاریزماوە بۆ دەزگا یان دەزگایی بوون.
وەک دەیبینین هەموو ئەم خەسڵەتانە کە لەساتێکدا وەک بنەمای بەهێزبوون دەردەکەون، هەرزوو دەبنە بنەمای هەڵوەشانەوە. ئەمە بنەمای بێتوانایی پێکەوەبوون دادەڕێژێت لەدونیای کوردیدا. کە یەکێکە لەدەردە کوشندەکانی ناوەندە سیاسی و فیکریی و مەدەنییەکان. لەئەم جۆرە پێکەوەبونەدا هەرزوو پرسی کەسیی و شەخسی و دەرونی و ئیگۆیی زاڵ دەبێت و دەبێتە بنەمای هەڵوەشانەوە. دیارە لەهەناو حزبدا، لەنێو میکانیزمی باڵ یان فاکشندا، ئەمانە زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت. باڵی حزبی کوردی لەسەر بنەمای فیکر یان دونیابینی دروست نەبووە، بەڵکو زیاتر بنەمای هێزو شەخسیی هەیە. لەناو حزبی کوریدا ئەگەر کەسێک سەر بە باڵێک نەبیت، ئەوا هەمیشە بێ-ڕۆڵ و بێکاریگەریی دەبیت و دەپووکێیتەوە. جارێک کەسێکی حزبی زۆر بەپوختی ئەمەی دەربڕی کاتێک گوتی، کە دەپرسن فڵانەکەس دەنگوباسی چیە، ئەگەر بڵێن خەڵکی لەدەورە، ئەوا پێگەی بەرز دەبێتەوە و قەدری دەگیرێت، ئەگەر بڵێن کەسی لەدەورنیە، ئەوا دەستوبرد پەراوێز دەخرێت، بۆیە هەموو کەس لەپێناو پەراوێزنەبووندا، هەوڵدەدات باڵ یان کتلە لەدەوری خۆی دروستبکات. دیارە دیاردەی باڵ لەهەناو هەموو حزبێکدا بەشێوازی جیاواز بوونی هەیە. ئەوەی باڵی ناو حزبی کوردی تایبەت دەکات، شەڕە لەسەر خاوەندارێتی حزبەکە، چونکە حزب دەزگانیە بەڵکو یەکەیەکە کە بەموڵک دەکرێت.
باڵی حزبی کوردی لە ەناو سیستەمێکی باوکایەتیدا بەڕێوەدەچێت. ئەم باوکە بۆ مانەوەی هەمیشە هەوڵدەدات میکانیزمی گۆڕین و بەشەڕدان و بەرزکردنەوە و لابردنی کەس و باڵەکان بدات، هەتا ملکەچی و وەفای هەموان بۆخۆی وەک باوکی باڵا مسۆگەر بکات، (دیاردەیەکی بڵاوی ناو حزبە چەپەکانی سەردەمی سۆڤیەتدا). بۆیە بەمردنی باوک زۆرینەی حزبی کوردی وەک گەڵای داری پایز هەڵدەورێن.
لەهەردوو رەهەندییەکان و حزبی کوردیدا، نەبوونی دید، دونیابینی، کە نابنە هۆکاری هاتنە ئارای مۆدێلی نوێی دەزگا، هەتا کەسەکان جیاوازییەکانیان بکەنە بنەمای گەشەو دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدان، بەڵکو هەموو پرۆسەکان لەسەر بنەمای لەگەڵ و لە دژ-دا بەڕێوەدەچێت.
ئەمەشە هۆکاری زاڵبوونی هێرشی شەخسیە (جنێو) کەدیاردەی هەرەزاڵی رەهەندییەکان و حزبی کوردی و گروپە پاش حزبییەکانە، لەدونیای ئەمڕۆی سۆشیا میدیادا. چونکە ئەگەر پێکەوەبوونی دەزگایی هەبێت، لەسەر بنەمای رۆڵ یان دونیابینی جیاواز ئەوا ساتی قەیران دەبێت ساتەوەختی کرانەوە و کەسەکان بۆ هەمیشە لەپۆستەکانیاندا نابن، پێویست ناکات شەڕو باڵ باڵێن بکەن، هەموو ناوەندەکانی هێزو داهات قۆرغبکەن.
دیارە رەهەندییەکان ئەم سەرچاوانەیان نەبوو، بەڵام هەرزوو وەک حزبی کوردی پەرتبوون. پەرتبوون لە ایەی فیکریدا دەکرێت مایەی رووبەڕووبوونەوەو مشتومڕو دەوڵەمەندی و کێبڕکێ بێت، بەڵام ئەمە روینەدا، ئەوەی روویدا هەمان مۆدێلی حزبی سیاسی بوو، کە پرسەکان بوون بەهێرشی شەخسی و تیرۆری کاراکتەر، کینەی ئەزەلی.
خەسڵەتێکی تری رەهەندییەکان و هێزی سیاسی کوردی تەمەن کورتییە. ئیبن خەلدون دەڵێت بنەماڵەکان سێ نەوە زیاتر بەردەوام نابن. هۆکاری ئەم بەردەوام نەبوونە زاڵی پێگەی شەخسە، لەبەرامبەر لاوازی دەزگادا. بێتوانایی یان نەبوونی خواست لە بونیادنانی دەزگا، حزبی کوردی وەک پێکەوەبوونێکی لاواز هێشتەوە، کە پاشان بەئاسانی بوو بە نێچیری دەزگا چەسپیوەکانی وەک شەخس و خێزان. خێزان هەرگیز دوورنەبوو لەپێکەوەبوونی رەهەندییەکان کە پاشتر بەباشی دەرکەوت.
ئەم دیاردەیە کۆمەڵێک خەسڵەتی ناو دونیای سیاسی و ئاگایی و فیکریی کوردیمان بۆ دەردەخات. ئەمرۆ لەناو گروپ و وەتس-ئاپ و میدیاکاندا زۆر قسە لەسەر دروستبوونی گروپی نوێ، دەکرێت. لەمیانەی گفتۆگۆی ئەمانەدا بەئاسانی قسە لەسەر گۆڕانکاریی و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و هاتنەئارای گۆڕنکاریی دەکرێت. ئەم سادەییە نیشانەی ئەوەیە کە ئاگایی نیە بەرامبەر رەگەکانی ئێستا. ئەوەی دەبینرێت رەگ و ریشە قووڵەکانی دۆخەکە نیە، بەڵکو تەنها رواڵەتە رووکەشەکەیەتی. پەیوەندییەکی پێچەوانەیی هەیە لەنێوان ئاسانی و گۆڕین. هەتا زیاتر ئاسایی لەدۆخەکە تێبگەیت، ئاسانتر وێنای دەکەیت و لەدەرئەنجامدا نەک نایگۆڕیت بەڵکو درێژەی پێدەدەیت و دووبارەی دەکەیتەوە. وەک چۆن رەهەندییەکان هەڵگری هەمان خەسڵەتەکانی کایەی سیاسی کوردی بوون لەگەلەکۆمەو پەرتبوون و نەبوونی دەزگا و شەڕی یەکتریی و کینەی کۆتایی نەهاتوو و پاشان فەنابوون، ئەم هێزە نوێنانەش ئەگەر توانای بونیادی دابڕانی مەعریفییان نەبێت، ئەوا مڵۆیەکی تر دەخەنە سەر مڵۆ گەورەکەی پرۆژەی دووبارەی ئەزەلی دونیای ئێمە.