دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن، دیماگۆگیو ڤەڵگەریزم
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
دەسەڵاتدارێتیی لەهەریمی کوردستان، چەندە پرسێکی رەوای لەژێردەستدا بووەو وەکو پاساوی بوونی خۆی بەکاریهێناوە، کە ئەویش دۆزی رەوای ئینسانی کوردە، لەدۆخی هەرێمی کوردستاندا لەپەیوەند بەدەوڵەتی عێراقەوە، هێندەش دیماگۆگیی یەکیک لەپێکهێنەرە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بووە هەم لەئاستی نێوخۆ لەپەیوەند بەحزبەکانەوە و بەکۆمەڵگاوە بەگشتی هەم لەئاستی دەرەوە روو بەعێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش.
دیماگۆگیی، بریتییە لەو گوتارە سیاسییەی کە لایەنە سۆزیی و هەستییەکانی جەماوەر دەدوێنێت بەجێی دواندنی لایەنی عەقڵیی و لۆژیکیییان. هەستی ئاینیی، رەگەزیی، یان نەتەوەیی جەماوەر دەبزوێنێت. هەموو بەڵێنێک بەجەماوەر دەدات و ئاوڕ لەهیچ یەک لەبەڵێنەکانی ناداتەوە و تەنانەت کەسی دیماگۆگ هەر لەجێدا لەبیریدەچێتەوە چی بەڵێنێکی داوە. دیماگۆگ، ئاگایی و هۆشیاریی سادەی جەماوەر بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت تا بەتوانای قسەکردن، وتاردان و ریتۆریکی خۆی بەلای خۆیدا سەرنجیان رابکێشێت و بیانخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
بەوپێیەی بەر لەدروستبوونی دیفاکتۆی دەسەڵاتدارێتیی یەکێتیی و پارتی لەهەرێمی کوردستان، لەسەردەمی شۆڕشدا لەشاخ جۆرێک لەکەڵەکەبوونی دەسەڵات روویداوە لە ناوچەیەکی بەرتەسک ئەمە وایکردووە گوتارێکی سیاسیی دابتاشن بەپێچەوانەی واقعی ژیانی پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلی ئەو زۆنەوە و هەروەها دژ بەهەموو دروشمە سیاسییەکانیشیان. واتا لەپڕاکتیزەکردنی دەسەڵاتدا دژ بەهەموو ئەو پرەنسیپانەی لەدروشمە سیاسییەکانیاندا بانگەشەیان بۆ کردووە وەستاونەتەوەو بۆ ئەمەش ناچاربوون گوتارێکی دیکەی سیاسیی دابتاشن هاوتەریب بەدروشمە سیاسییەکانیان کەگوتارێکی دیماگۆگیی بووە بۆ چەواشەکردنی ئەندام، لایەنگرو چەکدارەکانیان، خەڵکی ئەو زۆنەو هەندێجار حزبەکانی دیکەش. ئەو ناوچانەی تیایاندا تۆپەڵبوونی دەسەڵات روویداوە، بۆ نموونە سەرباری ئەوەی سەرکوتکردنی (ئازادییە سیاسییەکان، دەربڕینی بیروڕای جیاواز، ئازادییە کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسییەکان) سیمای سەرەکیی ئاکاری دەسەڵاتداران لەو ناوچەیە بووە کە تۆپەڵبوونی دەسەڵات تیایاندا ڕوویداوە بەڵام بە ناوچەی ئازاد یان ئازادکراو ناوبراوە. یان نموونەیەکی دیکە سەرباری ئەوەی جیاوازییەکی گەورە لەژیانی نێوان پێشمەرگە ئاساییەکان و سەرکردەکانی حزبدا بووە بەڵام گوتارە سیاسییەکە ئاخنراوە بەچەمکەکانی یەکسانیی و سۆسیالیزم. هەموو ئەمانە ئێستا لە لێدوان و نووسینەوەی یادەوەری بەرپرسانی حزبی ئەوکاتی شاخ ئاشکراو دیارن.
بەکورتی دیماگۆگیی، گوتارێکی دیکەی هاوتەریب بەگوتارە سیاسییەکەی حزب بووە کە لەتۆپەڵبوونی دەسەڵات و پڕاکتیزەکردنی دژ بەبنەما سیاسییەکان و دروشمەکانی، سەرچاوەی گرتووە.
دیماگۆگیی، گوتاری سەرەکی
لەدوای راپەڕینەوە، ئەوەی بوو بەگوتاری سەرەکیی ئەم دەسەڵاتدارێتییە خێڵ-حزبییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیماگۆگیی بوو. لەبەرئەوەی ئەو گوتارەی کە باسی لەڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیی و ئازادکردنی شارەکانی کوردستان لەستەمی نەتەوەیی و ... هتد دەکرد بەشێکی گەورەی قورسایی خۆی لەدەستدا، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی حزب-خێڵە دەسەڵاتدارەکان بۆ هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، شێوەژیانی ئەرستۆکراتیک بەگوێرەی نزیکیی لەلوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی و سەپاندنی بێبەشیی بەسەر تەواوی خەڵکدا وایکرد پەنابردنە بەر گوتاری دیماگۆگیی ببێتە شاگوتاری ئەم دەسەڵاتدارێتییە.
لەپرسی ئازادیی سیاسیی و مێدیایی، یەکسانیی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی، دامەزراندنی ژێرخانی ئابووریی، بونیادنانی دامودەزگای دەستووریی، یاسایی و سەروەربوونی یاسا، شکستهێنانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە هەمووی قەرەبوو کردەوە بەدیماگۆگیکی سیاسیی و مێدیایی هەم روو بەنێوخۆی کۆمەڵگای کوردستان هەم ڕوو بەعێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. بەکورتیی ستەمکاریی «دیسپۆتیزمی»، دەسەڵاتدارێتیی برد بەرەو پەنابردنەبەر دیماگۆگیی وەکو گوتاری سەرەکیی.
قۆناغی یەکەمی ئۆپۆزیسیۆن:
گوتارێکی راستەقینەو شتێک لەهەریەک لەدیماگۆگیی و پۆپۆلیزم
ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزو کاریگەر تاوەکو دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەگوتاری خۆیدا وەکو جێگرەوەیەک خۆی ناساندبێت، بەنزیکەیی لەخانەی نەبوودا بوو. ئەو حزبانەی دیکە لەگەڵ هەردوو حزبی سەرەکییدا ناوەناوە لەدەسەڵاتدا هاوبەش بوون، ئەمە جگە لەوەی هێزو کاریگەرییان بەو ئاستە نەبوو کەخۆیان وەکو جێگرەوەی دوو حزبەکە لەگرتنەدەستی دەسەڵاتدا بەکۆمەڵگا پیشانبدەن، هەروەها لەگوتاری خۆیاندا هەرگیز ئەوەیان رانەگەیاندووە، تەنها تا ئاستی ریفۆرم «چاکسازیی – اصلاح» گوتاری سیاسیی خۆیان بەرزکردووەتەوە.
دەتوانین بڵێین لەدروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ململانێی راستەقینە لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بەرجەەستە بوو و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزو راستەقینە هاتە بەردەمی هەردوو هێزی دەسەڵاتدارو کۆمەڵگا. لەسەر ئاستی گوتاری سیاسیی و میدیایی ئۆپۆزیسیۆنێکی تاڕاددەیەک خاوەن دیدو جیهانبینییەکی راستەقینەو واقعیی، لەسەر ئاستی چالاکییە پەرلەمانییەکەش خاوەن پێگەو قورسایی، سەرەڕای ئەوەش هێشتا هەم گوتارە سیاسیی و میدیاییەکەی هەم تەکنیکەکانی ململانێی خاڵی نەبوون لەهەندێ رەگەزی سەرچاوەگرتوو لەدیماگۆگیی و پۆپۆلیزم.
بەڵام لەدوای چەند ساڵێک، بزووتنەوەکە بۆ راگرتنی باڵانسی هێزی خۆی بەبڕێک و هەندێ لە ەڵسوڕاوو چالاکەوانەکانی بەبرێکی زیاتر، بوون بەهەڵگری گوتارێکی پۆپۆلیستیی و دیماگۆگیی هاوتەریب بەگوتارە سیاسییە راستەقینەکەی بزووتنەوەکە.
قۆناغی دووەمی ئۆپۆزیسیۆن:
گوتارێک لەدیماگۆگیی و پۆپۆلیزم - ڤەڵگەریزم
لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و نزیکبوونەوەی لەهەردوو هێزی دەسەڵاتدارو تەماهییکردن لەگەڵیاندا، بۆ نموونە لەبەشداریکردنی لە حکومەتدا، پرسەکانی پەیوەند بەدەوڵەتی ناوەندەوە، پرسی ریفراندۆم ... هتد زەمینەی سازاند بۆ دروستبوونی «نەوەی نوێ» وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەم هێزە «نەوەی نوێ» نە پێکهاتەیەکی سیاسیی، حزبیی و ئیداریی جێگیر، دیارو راستەقینەی هەیە کە لێیەوە سەرکردایەتییەکی رەوایەتییپێدراوی هەڵبژاردبێت. نە خاوەنی گوتارێکی راستەقینەی سیاسیی و میدیایی جێگیرە. هەموو گوتاری ئەم هێزە لەسەر توڕەیی و ناڕەزایەتیی رۆژانەیی خەڵک و دەربڕینە سادە میدیاییەکەی هەڵچنراوە بەبەشێک و بەبەشێکیتری نمایشێکی لەیەککاتدا پۆپۆلیستیی و دیماگۆگیی هەروەها کورتبوونەوە و چڕبوونەوەی هەموو توانای ئەم هێزە لەقسەو چاوپێکەوتن، دیدارو دەرکەوتنەکانی کەسی یەکەمییدا کەوەکو هەر هێزێکی پۆپۆلیستیی لەجیهاندا هەموو تواناو هێزەکەی لەسەرۆک یان کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکەدا چڕ دەبێتەوە.
پۆپۆلیزم، گوتارێکی رۆژانەیی سادەی سیاسییە. ناوەڕۆکێکی جێگیر و قووڵی نییەو لەسەر کێشەکان بونیادنراوەو بەجەختکردنەوەی زۆر لەبارەیانەوە دەیەوێت رەوایەتیی و هەژموون لەنێو جەماوەردا پەیدابکات. گوتارێکی سیستماتیک نییەو هەردەم لەسەر تەوەرێک کاردەکات. کۆمەڵگا دابەش دەکات بۆ دوو بەرە، بەرەی ستەمکارو ستەملێکراو یان بەرەی خەڵکی پاک و بەرەی گەندەڵکاران. گوتارێکە بەبێ ستراتیژو لەسەر بابەتی رۆژ دەژی.
کەم لیاقەیی سیاسیی-فیکریی، ڤەڵگەریزم
کەم لیاقەیی سیاسیی-فیکریی کەسی یەکەمی ئەو هێزە «نەوەی نوێ» وایکردووە جگە لەوەی لەنێوان هەردوو گوتاری دیماگۆگیی و پۆپۆلیزم لەهاتووچۆدا بێت و هەروەها دەربڕینە سادەو بازاڕییەکانی «لە نموونەی منەتیان نەبێت، نەقیزە ...هتد» و جووڵەو ئاماژە ئاست نزمەکانیشی «لەنموونەی پێڵاو بەرزکردنەوە لە ەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن» وایانکردووە ڤەڵگەریزم سەرلەبەری گوتاری ئەم هێزە پێکبهێنێت.
ڤەڵگەریزم، واژەیەکە چەندین مانای جیاواز دەگرێتە خۆی کەهەموویان نێگەتیڤن. بەمانایەک، زمانێکی ئاست نزمی رۆژانەییە خاڵیی لەهەر چەمک و دەستەواژەیەکی قووڵ. زمانێکی خاڵیی لەبەهای ئیستاتیکیی و فیکریی. بە مانایەکیدی، زمانێک کەتامێکی ناخۆشی هەڵسوکەوت و ئایدیا دەدات. بەمانایەکیدی، شێوازێکی ئاخاوتن کەنمایشکردنێکی بێتامی سەروەت و سامانی لەخۆیدا هەڵگرتبێ. هەروەها بەمانایەکیدی، زمانێکی پڕ لەهەڵەی لۆژیکیی و مانایی. زمانێکە لەڕستەی تەواونەکراوو دەستەواژەی شکاو پیکهاتووەو زیاتر لەنێو نەوجەواناندا باوە.
دیمەنی هەنووکەیی
دۆخی شکستی سایکۆلۆژیی و بێهیواییەکی گشتیی
نائومێدکەر بۆ هەر کەسێکی بیرکەرەوەو بەرپرسیار لەئاست ئایندە و چارەنووسیی کۆمەڵگا، ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە لەلایەکەوە لەبەردەم دەسەڵاتدارێتییەکدایە، بەڕەوایەتییەکی پلە سفرەوە ئەمەش نەوەکو تەنها لەبەرئەوەی هەموو دامودەزگاکانی بەسەرچوون و زۆر لەوادەی هەڵبژاردنە رووکەشییە ساختەکەی خۆی دواکەوتووە بەڵکو لەبەرئەوەی کەمترین بەرپرسیارێتیی لەهەناوی ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارەدا لەمێژە نەماوە لەئاست کێشەو قەیرانە بێشومارەکانی کوردستان. دەسەڵاتدارێتییەک ئەوپەڕی نابەرپرسیارانە و بەهەڵەی گەورەی یەک لەدوای یەک کۆمەڵگای ئێمەی کێشابێت بەچەندین قەڵبەی کوشندەدا لەنموونەی قەیرانی ئابووریی لەبەرئەنجامی ئابووری قاچاخیی و تاڵانیی بەناوی سەربەخۆوە، ریفراندۆمێکی ساختەی شکستخواردوو، دەستگرتنی دەوڵەتانی داگیرکەری دراوسێ و هێنانی بۆ نێو قووڵایی کوردستان، ...هتد ئەگەر هەموو رۆژێک هەڵبژاردن سازبکەن و دامودەزگاکانیان نوێبکەنەوە بەگوتەی خۆیان، هێشتا رەوایەتییان لەپلەی سفر بەرزتر نابێتەوە چونکە بەمانای وشە بێهیوایی، سەرگەردانیی و دەردەدارییەکی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی بێوێنەیان رووبەڕووی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە. لەلایەکیترەوە کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم ئۆپۆزیسیۆنێکدایە، جگەلەوەی هیچ بنەمایەکی ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینەی بەتەنگەوەهاتوو بۆ کۆمەڵگاو بەرپرسیاری تێدا نێیە، هەروەها دیماگۆگیی و پۆپۆلیزمێکی ڤەڵگەریش هێندەیتر خەڵکی بێهێوا کردووە. بەرەیەک بەناوی ئۆپۆزیسیۆن، هەموو چالاکیی و ئەکتی بەرەنگاریی خۆی لەوەدا کورتبکاتەوە کە لەنێو پەرلەمان کامێرای مۆبایلەکەی بکاتەوەو گرتەی چەند چرکەیی تۆمار بکات لەهەندێ قسەی هەرە سادەو ئاست نزم «پۆپۆلیزم و ڤەڵگەریزم بەپلە نایاب»، بەناوی داکۆکیکردن لەخەڵکی کوردستان بەکۆمەڵگای بفرۆشیتەوە. لەولاشەوە عێراقێکی مەزهەبیی-قەومیی لەسەر مۆدێلی کوردایەتیی و هاوئاهەنگ لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان هەر رۆژ لەستەمکردن، برسییکردن و یاریپێکردن بەخەڵکی کوردستان و ئینکارکردنی مافەکانی هەنگاوی زیاتر دەنێت.