ئەی ئەگەر مووچەیان دا؟

«واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن»

11 مانگ لەمەوپێش



نەبەز خالید

ئەم یاداشتە دەکرا بەپێشەکی و راپۆرتێکەوە لەسەر چۆنیەتی درووستبوونی قەیرانی مووچە، دەوری حزبەکانی دەسەڵات تێیدا، کاریگەریی دەوڵەت وەک مەکینەی بەرهەمهێنانی مووچەخۆرو کردنی مووچەخۆری بەفۆرمی باو و باڵای ژیانەوە دەستپێبکات، دواتریش بگات بەوەی بڵێ ئەمڕۆ قەیرانێک هەیەو ئەمانە هۆکانین، پاشان لەئاستی نێۆخۆییدا بڕێک ناوو ئەدرێسی کۆمپانیا ریز بکات کەخولقێنەری قەیرانن و لەئاستی جیهانیشدا بڵێ «نەوت هەرزان بووە» رێک وەک هەر یاداشتێکی باوو خۆپارێز کە هەمیشە پاساویکی لەگیرفاندایە. ئەگەرچی شیکاریی ئەم نێوکۆییە پێویستە، بەڵام با ئەمە بمێنێتەوە بۆ پسپۆڕەکان لەزانکۆو دەزگاکانی توێژینەوەی ستراتیژی و راوێژکارانی موعەززەم و موکەڕڕەمی هەموو سەرۆک رەنگەکان و  دەزگا میدیاییەکانیان، بەناسراوو نەناسراویانەوە.

گرنگتر لەمانە ئەوەیە بەشێک لەمووچەخۆران بڕیاریاندا بێنە سەر جادە. ئەمە مافی خۆیانە و هەموو لایەکیش لەسەری کۆک بوون. تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان دەستیان ناوەتە قوڕگی ئەم خۆپیشاندەرانە کۆک بوون لەسەر ئەوەی مافی خەڵکە خۆپیشاندان بکات.

بەڵام پرسیارێک لێرەدا بتوانین بیپرسین ئەوەیە : «ئەی ئەگەر هات و حکومەت تەسلیم ببێت چی؟ چی دەبێت ئەگەر بەدزیەوە دوو بیر نەوت بفرۆشن و تەرخانی بکەن بۆ مووچەی ئەم ناڕازییانە؟ ئایا بەختەوەریی دروست دەبێت؟ هەموو برسیەکان تێر دەبن؟ کەرامەتی لەدەستچوو دەگەڕێتەوە؟ ژنان و نایەکسانی چی؟ هەستی لەدەستچووی خاوەندارێتی نیشتیمان چی؟ بەڕاست بەسەرکەوتنی ئەوان چی دەگۆڕێت؟»

روانینی رووکەش کەشتێک لە راستیشی تێدایە پێمان دەڵێت:» لەو کاتەدا نان دەگەڕێتەوە سەر سفرەی خەڵک و لەبرسێتی رزگاریان دەبیت». بەڵام رێک بەرامبەر ئەمە دەتوانین بپرسین ئایا ئەمانە تاقە برسیەکانن؟ تەنیا ئەمانن کە ستەمیان لێدەکرێت و کراوە؟ ئەگەر مووچەیان بدەنێ ئیتر ستەم پاک دەبێتەوە؟ کێشەکەش لێرەوە دەستپێدەکات کە ئەمان بەڕاستی داوایان هەیەو قابیلی جێبەجێکردنەو خۆشیان دەزانن قابیلی جێبەجێکردنە.

مەرجێكی خێر یان چاکە ئەوەیە هەمووان بگرێتەوە، واتە فەیزو رەحمەت کوێرەو دەبێ هەمەگیر بێت، ئەگینا ئەو چاکەیەی تەنیا بۆ کەسانێکی تایبەتی نێو دۆخێکی دیاریکراوە خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک ستەم، بۆیە لەئاییندا فریشتەی دادپەروەری، کوێرە. لەپێچەوانەی ئەمەدا، بێ بوونی ئایدیای خێری گشتی، ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵی بۆ دەدەن تەنیا ئەوەیە ئەو دۆخەی هەیە وەک پێشووی لێبکەنەوە، واتە ئەگەر ئەوان، لێرەدا مەبەست مووچوخۆرانە، مووچەکەیان وەربگرن، کوردستان لەقەیران رزگار بووە؟ چونکە لەو وێنەیەدا کەئەوان لەگۆڕان دەیکێشن، سەردەمێکی پێش قەیران هەیە کە تێیدا مووچەخۆران بەختەوەربوون و ئەگەر دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کات،  کەواتە بەختەوەریی گەڕاوەتەوە.

بەڵام ئەم پەیامە هێشتا شتی دیکەی لەهەناودایە: ئەم پەیامە پێشووپەرستە، مادام لەسەر گەڕانەوەی مووچە/ بەختەوەری بۆ سەردەمی پێش قەیرانی دەستکرد (مەگەر نا کە هەموو قەیرانێک دەستکردە؟ سەرۆکەکان باش دەزانن ئەمە مانای چی) پێدادەگرێت، لەئەگەری بەدیهاتنیشیدا تەنیا دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمە، ئەو سەردەمەی کە تۆوی ئێستای هەمیشە لەهەناودا بووە. ئەم داواکارییە تەنیا دەتوانێت بمانباتەوە بۆ پێشتر، پێشترێک کە بەئێستا گەییشتووە و تەنانەت ئەو «پێشوو»ەشمان وەک بەختەوەریی پێ بفرۆشێتەوە. ئەی پێشووپەرستی مانای چی؟

مووچەخۆران خۆپیشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام بە بەدیهاتنی داواکانی ئەوان هێشتا هیچ ناگۆڕێت، ئەوان دەکرێ بۆ ماوەی کاتیی تێر ببن و نان بچێتەوە سەر سفرەکانیان، قیستی خانوو و سەیارەکانیان بدەن، بتوانن بچنەوە بۆ تورکیاو وڵاتۆکەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات و یان حەج وعەمرە، بەڵام ئەوەی دەستی لێنادرێت ئەسڵی سیستمێکە کە لەسەر نایەکسانیی دامەزراوەو بە رێکەوت ئەوانیش پشکیان لەو نایەکسانییەدا هەیە، ئەوان نوێنەرایەتیی دابەشکارییەکی گەورە دەکەن لەنێو ئینسانی ئێمەدا، دابەشکاریی بۆ مرۆڤی ئایدیال کە هەمان «پیاوی حکوومەت»ە و تاکە هیوایەک کە مرۆڤی «رەش و رووت» هەیبێت ئەوەیە بەجۆرێک ببێتە « پیاوی حکومەت».

بەڵام ئەمە لەسرووشتی خراپەوە نییە کە پەیامەکەی ئەوان هەڵگری ئەم تەفسیرانەیە، بەڵکو لەئەوەوە دێت کە ئەوان «داوا»یان هەیە. لەڕاستیدا ئەوەی ئەوان داوایان هەیە بەو مانایە نییە نابێ داوای هیچ بکەن، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەم «داوا»یە ئەوان دەکاتە خاوەن شوناس و کارەکەیان دەکات بەکاری خاوەن پیشەیەکی تایبەت، شوناسێکیان پێ دەبەخشێت و بەم جۆرەش شوناس و پیشەکانی دیکە لێیان کەم دەبێتەوە، ئیتر کرێکارانی نێوخۆیی و بیانیی کەرتی بیناسازی ناتوانن بچنە پاڵیان و ئەگەر بچن بەئاژاوەچی لە قەڵەمدەدرێن، ئەوان داواو شوناسیان هەیەو هەر ئەمە وادەکات بەشێکی تر لەستەملێکراوان کەهێزی پیشمەرگە بن مەجبوور بکرێن بڵێن لەمووچەی ئێمەیان بدەنێ و بەم شێوە هێزی پێشمەرگەشیان لەدەست دەچێ، ئەم رەوتە بەردەوامە تاهەر کوێ بمانەوێت، هەر ئەوەی کە بەشێک لەخۆیان واتە یەکیەتی مامۆستایان بەئاسانی دەتوانێت لێیان جیاببێتەوە، نیشانەیە بۆ ئەمە. بەڵێ لەم داواتەوەریە پیشەییەدا، کێ لەدەرەوەی پیشەکەوە بێتە ریزی خۆپیشاندان، دەکرێت وەک ئاژاوەگێڕو تێکدەرو بیانی ببینرێت. بەڵام ماویەتی بپرسین:  سەرکەوتنی ئەم داوایەی مامۆستایان سوودی بۆ کرێکاران و ئاوارەکان چییە؟ ئەی بۆ بنەماڵەی شەهیدو ئەنفال؟ ئەی بۆ پەککەوتەو خانەنشین و کەمئەندامان؟ بۆ کۆی مانای ئایدیای رزگاری؟ هیچ. وەڵامەکە روونە، ئەمان داوایان هەیەو بۆ داواکەی خۆیان هاتوونەتە دەرێ و با خەڵکی دیکەش هەر کەسە و بۆ خۆی هەوڵبدات. ئەمەیە کێشەی داواتەوەریی و شانسداریی و پیشەییکردنەوە، تۆ داوایەکت هەیەو بەئاسانی پێشوەخت شکستت خواردووە، چونکە بەشتێک هەر رازیت دەکەن، یان لەشێوە کۆمیکەکەیدا، ئەوەی کە رێگەت پێبدەن باسی مافەکانت بکەیت بەدیموکراتبوونی دەسەڵات پێت دەفرۆشرێتەوە.

لەئەگەری سەرکەوتنی ئەم داوایانەدا، دەچینەوە خاڵی سفرو سیمای کەسی رازی وەک ئەو کەسەیە روو لەباوکی تووڕە بکات و بڵێت:» ئەی سەرۆکی میهرەبان، من دەمەوێت موچەخۆر بمێنمەوە، ئەمەم لێ زەووت مەکە». لەئێرەوە تا پاڕانەوە لەخودا چەندە رێگەیە؟

بەرەنجامی ئەم یاداشتە شتێکی سادەو سەیرە؛ ئەوش ئەوەی کە ناکرێت داوای هیچ بکەیت، کەوتیان داوات چییە، بڵێ ئەوەی تۆ نەبینم. داواکاریی و داواتەوەریی جگە ئەوەی ریزەکان لەت دەکات، جگە ئەوەی دەمناباتەوە بۆ خاڵی سفرو پێش دەسپێک، جگە ئەوەی تەنیا چارەی کاتیی و بەپێی پیشەو شوناسی قەیرانەو قەیرانە سەرەکیەکان دەشارێتەوە، جگە ئەوەی سەنگەرەکان لەت لەت دەکات، لەخۆیشیدا شەرعیەتدانە بەئەوانەی ئەم دۆخەیان بەدەستی خۆیان دروستکردووە، رووکردنەوەی دووبارەیە لەئەوان و کردنەوەی دووبارەیانە بەمەرجەع. بێ داوایی دەکرێ بەم مانایە بێت کەجارێکیان ئەزموون کراو لەبارچوو: «واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن»، ئەوەی لەئێستادا ماناکەی ئەوەیە کە: من هیچم لەئێوە ناوێت، بەرچاوم بەردەن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار