جەماوەر و مرۆڤی ئاپۆڕایی

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئەحمەد رەسوڵ

جەماوەر ئەو واژەیەی چەندین مانای پێکدژ لەخۆدەگرێت، لەدوای سەدەی بیستەوە، یەکێک لەئەفسووناویترین واژەکانی نێو گوتاری بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان، کایەی سیاسیی و گوتاری دەسەڵاتداران بووە، سەرباری ئەوەی یەکێک لەو چەمکانەیە کە لەنێوەندی فیکریی و زانستی سیاسییدا هەروەها لەکۆمەڵناسیی و دەروونناسییدا توێژینەوەی زۆری لەبارەوە کراوە لەگۆشەنیگای جیاوازەوە.

لۆبۆن و جەماوەر

گۆستاڤ لۆبۆن، بیرمەندێکی فرەزانستی فەڕەنسییە، چەندین کتێبی هەیە لەبارەی دەروونناسیی کۆمەڵیی وعەقڵیی دەستەجەمعیی، لەنموونەی «سایکۆلۆژیای سۆسیالیزم»، «ئاپۆڕا؛ لێکۆڵینەوە لەعەقڵی جەماوەریی»، «سایکۆلۆژیای شۆڕش» و لەهەموویان کاریگەرترو بەنێوبانگتر «سایکۆلۆژیای جەماوەر»ە کە لەساڵی ١٨٩٥ بڵاوکرایەوە. تا ئەوکاتە دەروونناسیی لێکۆڵینەوە بوو لەسەر لایەنی عەقڵیی، لایەنی دەروونیی، لایەنی سۆزیی، هەستەکان و بیرکردنەوەی مرۆڤ وەکو تاکە کەس. هەروەها دیوە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ لەپەیوەند بەگروپە جیاوازەکانەوە و بەکۆمەڵگاوە بەگشتیی و کاریگەریی بوونە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ خۆی وەکو تاکە کەس واتا دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی «علم النفس الاجتماعي». لۆبۆن بۆ یەکەم جار توێژینەوەی لەسەر سایکۆلۆژیای جەماوەر کرد. (١٩٩١- سایکولوجیە الجماهیر- غوستاف لو بون - ترجمة وتقدیم هاشم صالح، المقدمة)

بەگوێرەی لۆبۆن، کاتێک تاکەکەس لەنێو جەماوەردا کەسێتیی و تایبەتمەندییەکانی وەکو مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار لەدەستدەدات و دەبێتە بەشێکی تواوە لەنێو پێکهاتەیەکی گەورەدا کەجەماوەرە، لۆژیک و بیرکردنەوەی تاکەکەسیی خۆی لەدەستدەدات و لۆژیک و بیرکردنەوەی کۆمەڵیی زاڵدەبێت بەسەریدا. مرۆڤ وەکو تاکەکەس بوونێکی تەواو جیاوازی هەیە بەروارد بەهەمان مرۆڤ کاتێک لەنێو ئاپۆڕایەکدایە. ئاپۆڕا دەشێت گردبوونەوەی خەڵک بێت لەدەوری یەکتری لەکاتی شۆڕش و راپەڕینەکاندا، کۆبوونەوەی خەڵک لەچوارچێوەی ئایین، تۆپەڵبوونی خەڵک لەچوارچێوەی حزبە سیاسییەکان و سوپا چەکدارییەکان. تاکەکەس لەنێو ئەم ئاپۆڕایانەدا، کاراکتەری راستەقینەی تاکیی خۆی لەدەستدەدات و کاراکتەرێکی دیکە وەردەگرێت کەکاراکتەری ئاپۆڕاییە. لەنێو ئاپۆڕادا ئەوەی پاشەکشە دەکات لۆژیک و عەقڵەو ئەوەی زاڵدەبێت سۆزو هەستە. کاتێک لەسەرەتاوە وتمان جەماوەر مانای پێکدژ لەخۆدەگرێت، لێرەدا رووندەبێتەوە کەچۆن سۆزو هەستی دەستەجەمعیی زاڵدەبێت بەسەر تاکەکەسداو ئەم هەست و سۆزە رووکەشییە دەبێتە ئەکت و دەیجوڵێنیت، لەهەمان کاتدا بەدیوە پێچەوانەکەیدا، لاوازبوون و پاشەکشەکردنی هەەست و سۆزی تاکەکەسییە و ویژدانی راستەقینەی مرۆڤ دەبێت بەژێرەوە. واتا لەڕوانگەی هەست و سۆزو ویژدانیی راستەقینەی تایبەتیی تاکەکەسییەوە مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی داماڵراو لەهەست، سۆزو ویژدان.

فرۆیدو جەماوەری دروستکراو

سوپاو ئایین

سیگمۆند فرۆید، دامەزرێنەری دەروونشیکاریی، لەپەرتوکی «سایکۆلۆژیای گروپ و شیکردنەوەی ئیگۆ» دا کە لەساڵی ١٩٢١ بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات لیبیدۆ کەئارووز یان حەزی مرۆڤە بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە لەگەڵ رەگەزەکەی تر لەدۆخی تاکەکەسییانەی مرۆڤدا بەڵام لەدۆخی کۆمەڵییانەی مرۆڤدا یان بەواتایەکیدی لەو دۆخەدا کە تاکەکەس تایبەتمەندیی و کەسێتیی تاکەکەسیی خۆی لەدەستدەدات لەنێو کەسێتیی دەستەجەمعیی گروپدا دەتوێتەوە، لیبیدۆ لەخواستی پێکەوەمانەوەو پێکەوەبوون لەگەڵ رەگەزەکەیتر دەگۆڕێت بۆ خواستی پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە لەگەڵ گروپداو بۆ ئەمەش ئیحاو، ئەو پێشنیارو پێشکەشکردنانەی کە لەئاپۆڕاوە دێت بۆ تاکەکەس، تاکەکەس بەڕەزامەندییەکی زۆرەوە وەریاندەگرێت و دەیکاتە بەرگی داپۆشەری تایبەتمەندیی و کەسێتیی تاکەکەسیی خۆی. خواستی مانەوەی تاکەکەس لەچوارچێوەی کۆمەڵ «گرروپ» دا وادەکات سەرباری لیبیدۆ «حەزی پێکەوەبوون لەگەڵ کۆمەڵدا»و ئیحاو «پێشنیارو پێشکەشکردنەکانی ئاپۆڕا بۆ تاکەکەس یان راستتر فۆڕم و کڵێشە رەفتاریی، سۆزیی و هەستییە سەپێنراوەکانی گروپ بەسەر تاکەکەسدا» پڕۆسەیەکیدی، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی توانەوەی تاکەکەس لەنێو کۆمەڵدا، بێتە پێشەوە کەپڕۆسەی تەماهییکردن یان چوونیەکییکردن»التماهی»ە. لەم پڕۆسەیەدا فراوانبوون و هەڵئاوسانی هەست و سۆز لەلایەک و بچووکبوونەوەو چوونەوەیەک «انکماش»ی لۆژیک و عەقڵ روودەدات لەکەسێتیی تاکەکەسدا. تەماهییکردنی تاکەکەس لەگەڵ گروپ، واتا کاراکتەری تاکەکەس بەتەواوی ئاوێتە دەبێت بەکاراکتەریی کۆمەڵیی، هەست و سۆز، لۆژیک و عەقڵی دەستەجەمعیی دەبنە هەست، سۆز، لۆژیک و عەقڵی تاکەکەسیی و بەتەواوی ئاوێتە و ئاوێزان دەبن. مرۆڤ لەوەها دۆخێکدا، چیتر نییە جگە لەژمارەیەک یان بوونێکی بەتاڵکراوە لەخودێتیی، کەسێتتی و تایبەتمەندییە کەسییەکانی تاکەکەس و تەنها قاڵبێکە یان لاشەیەکە «body» بەتەنیشت قاڵب و لاشەکانی دیکەوە کەهەمووان پێکڕا تۆپەڵدەبن و کۆمەڵ «گروپ» یان ئاپۆڕا پێکدەهێنن. (٢٠٠٦- علم نفس الجماهیر- سیغموند فروید - ترجمة وتقدیم جورج طرابیشي)

هەروەها لەبەشێکی تایبەتدا بەناونیشانی «دوو جەماوەری دروستکراو، سوپاو کەنیسە» فرۆید باسی چەندین جۆری جەماوەر لێکجیادەکاتەوە و پۆلینیان دەکات لەڕووی فۆڕم و چۆنێتیی پێکهاتنەوە کە لەزۆربەی کاتدا جیاواز و پێچەوانەی یەکترین. جەماوەری کاتیی و هەمیشەیی. جەماوەری چوونیەک «متجانس» کە تاکەکانی نێوی هاوشێوەن و جەماوەری ناچوونیەک «غیر متجانس»، جەماوەرێک کەپێشڕەوی هەیەو جەماوەرێکی بێ پێشڕەو، جەماوەری سەرەتایی و جەماوەری تایبەتمەند دواتریش جیاکارییەکی گرنگ دەخاتەڕوو کەجەماوەری سروشتیی و جەماوەری دەستکردە. هەردوو ئەو جەماوەرەی کە لەسوپا و لەئاییندا لەجۆری دەستکردن و بەرزترین ئاستی دیسپلین و مۆبەڵایزیان تێدایە. بۆ نموونە لەسوپادا هەمووان هەمان فەرمان بەبێ گفتوگۆ جێبەجێدەکەن و هەمان شێوەی جلوبەرگ و هەمان جوڵەو هەمان دەرکەوتن و هەمان تەکنیک و هەمان ئامانج. لە مۆبەڵایزی ئایینیدا هەمووان هەمان جۆرە تێگەیشتن و باوەڕیان تێدا جیگیردەکرێت و هەمان رەفتارگەل، هەمان کۆمەڵە دەستەواژەو رستە لەلای هەموو تاکەکانی نێو ئەو جەماوەرە ئایننیە و تەنانەت لەزۆر دۆخدا هەمان شێوازی جلوبەرگ و رووخساریش، دەبینرێت.

مرۆڤی ئاپۆڕایی، بوونێکی بێکاراکتەر

لاشەیەک، بەتاڵ لەخودێتیی

حەسەن حەنەفی لەپەرتوکی «توێژینەوە فەلسەفییەکان»دا باسی مرۆڤی جەماوەریی دەکات لەڕوانگەی مارتین هایدیگەرەوەو دەڵێت: مرۆڤی جەماوەریی، تاکێکە لەنێو جەماوەرو مرۆڤێکی عامییە کە بەخێرایی پێکدێت و بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوەو لەئەوانیتر دەچێت، یادەوەریی نییەو ئارەزوویەکی قووڵ، جددی و ماناداری نییە، هەموو رژێمێکی سیاسی قبوڵ دەکات و بەئەو شێوەیە خۆی بار دێنێت کەداوای لێدەکرێت. زۆرترین ماف و کەمترین ئەرکی هەیە، خاڵییە لەمێژوو، ملکەچە بۆ هەر رژێمێکی سیاسیی. لەناوەوەیەکی بەتاڵ و لەنەبوونی خودێتییدا «الذاتیة –  Subjectivity» دەژی. مرۆڤی جەماوەریی دەکرێت لەهەر توێژێکی کۆمەڵایەتیی بێت. داخراوە بەسەر خۆیداو پەیوەندییەکی قووڵ و ڕاستەقینەی بەئەوانیترەوە نییە. دیالۆگ نازانێت و توانای ئاشنابوون و هەڵبژاردنی نییە لەنێوان بژاردە جیاوازەکان. دژایەتی ئازادیی و ئاڕاستە ئازادیخوازییەکان دەکات و ئارەزوو دەکات لەبوارە ساختەو رواڵەتگەرییەکاندا بمێنێتەوە، ئازادییش گەڕانەوەیە بۆ بنچینەیەکی راستەقینە. ئینسانی نێو قەرەباڵغییەکانە. ئازادیی و ئازادیخوازیی جەخت لەسەر تاکگەرایی و تەنیایی ئینسان دەکاتەوەو مرۆڤی جەماوەرییش، نقومبووی نێو قەرەباڵغییە. ئەم جۆرە ئینسانە، نە فەردییەتی هەیەو نە بوونێکی مرۆیی سەربەخۆ. ئەو یەکێکە لەنێو گشتێک کەسەرکردە «سیاسیی، سەربازیی یان ئایینیی» ئاراستەی دەکات بەو شێوەیەی دەیەوێت. ئاماژەی پێدەکرێت بۆ چەپڵەلێدان، ئاماژەی پێدەکرێت بۆ وەستان لەچەپڵەلێدان، کۆدەکرێنەوە بۆ پێشوازییلێکردن. (٢٠٢٠ - دراسات فلسفیة «الجزء الثاني» – حسن حنفي)

جەماوەرو مرۆڤی ئاپۆڕایی لەدۆخی کوردییدا

دۆخی هەنووکەیی لەکۆمەڵگای ئێمەدا جەماوەرخوازییەکی فراوانە لەسەر هەموو ئاستەکان،  بەتایبەتی لەسەر ئاستە سیاسیی و ئایینییەکەی. جەماوەرخوازیی، بەواتای ئەوەی کە لەئاستی سیاسییدا دەبێت ئەندامان و لایەنگرانی حزب ببنە تاکی بێکاراکتەرو خاڵیی لەخودێتیی تاکاکەسییانەی خۆیان و لەبەرامبەردا ببنە لاشەیەک و قاڵبێک لەنێو جەماوەری سیاسیی حزبدا.

کۆمەڵگای ئێمە بەشێکی گەورەی لەدەرەوەی رووبەری سیاسییە. ئەو بەشەی کەدەمێنێتەوە دابەشبووە بەسەر حزبەکاندا. هەر حزبێک لەئەندامان و لایەنگرانی خۆی جەماوەڕێکی هاوشێوەی دروستکردووە و تاکەکانی لەبوونی مرۆیی سەربەخۆی خۆیان داماڵیوەو مۆبەڵایزی کردوون بەگوتاری سیاسیی و مێدیایی خۆی هەڵبەت کە لەئاستێکی زۆر نزمدا. لەبەرئەوەش کە دەکرێت لەیەککاتدا تاک لەنێو دوو ئاپۆڕادا ئەندام بێت بۆیە بەشێکی زۆر لەئەندامانی جەماوەری حزبەکان، لەئاپۆڕایەکی تریشدا ئەندامن کەئاپۆڕای ئایینی بەسیاسییکراوە «ئیسلامی سیاسیی». واتا لە نائاگایی خۆیاندا، تاکەکان بوونەتە ئەندامی ناڕاستەوخۆی جەماوەری ئاینیی کە مەبەست لەجەماوەری ئیسلامیزەکراوە «ئیخوانیزم و سەلەفیزم».

ئەو بێکاراکتەرکردن و بەتاڵکردنەوەی ئینسانی کورد لەخودێتیی و بەئاپۆڕاییکردنی مرۆڤی کورد لەلایەن حزبی کوردیی و ئیسلامی سیاسییەوە، لەهەموو وێستگە و رووداوە وردو درشتەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەواقعی ژیانی رۆژانەو لەفەزای مەجازی ژیانی دیجیتاڵیی و لەنێو پانتایی سۆشیاڵمیدیا، خۆی بەرجەستە دەکات. ئەو رۆحە ئەسیمیلیزەکراوو لەتاکێتیی و تایبەتمەندیی خراوە لەهەر هەڵویستێکدا بەردەوام خۆی نمایشدەکات.

سەرچاوەکان:

•غوستاف لو بون، سایکولوجیة الجماهیر، دار الساقي، الطبعة الاولی ١٩٩١، ترجمة و تقدیم هاشم صالح، المقدمة ص ٥-٩

•سیغموند فروید، علم نفس الجماهیر، ترجمة و تقدیم جورج طرابیشي، دار الطلیعة – بیروت، الطبعة الاولی ٢٠٠٦، ص٥١، ٥٢، ٥٩-٦١

•حسن حنفي، دراسات فلسفیة «الجزء الثاني؛ في الفلسفة الغربیة المعاصرة «، الطبعة الثانیة ٢٠٢٠ مؤسسة الهنداوي للنشر «صدرت الطبعة الاولی للکتاب عام ١٩٨٧» ص٢٢٣

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار