ته‌نها رێگا، هه‌ڵبژاردنه
یەک ساڵ لەمەوپێش
سیروان غەریب
بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵیی عه‌ربه‌ت له شاری سلێمانی، بۆ ژمارەیەک سه‌ركرده‌ی دیاری هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تی یه‌كێتیی هەژێنەر بوو، چونكه ئەوان لە چاوه‌ڕوانی ئه‌وەدا بوون توركیا گه‌شته‌كانی سلێمانی-ئه‌سته‌نبوڵ دەست پێ بكاته‌وه و فڕۆکەخانەی شارەکە لەژێر گه‌مارۆی گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ربهێنێت نه‌ك بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی تری ژێر ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازیی و ئه‌منیی و كارگێڕییه‌كه‌ی بكات.
ئه‌م بۆردومانه كه سێ له كارمه‌ندانی هه‌ستیارترین ده‌زگای یەكێتیی تیایدا شه‌هید بوون، ڕووداوێكه ده‌بێت وه‌ك قۆناغێكی نوێ و زۆر مه‌ترسیدارتر له هه‌رێمی كوردستان ته‌ماشا بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر بۆردومان و ده‌ستدرێژیی و چالاكییه‌كانی توركیا لە قۆناغی پێشوودا له هه‌رێمی كوردستان؛ ڕاسته‌وخۆ بۆ پێكانی چه‌كدارانی هێزه ئۆپۆزسێۆنه‌كانی وڵاتەکەی له‌نێو چیا‌و و نزیك گونده‌كان بووبێت، ئه‌وا له‌م قۆناغه نوێیه‌دا ڕاسته‌وخۆ په‌لاماری هه‌موو شوێنێك دەدات كه گومانی هه‌یه نه‌یارانی له‌وێ بن، ئه‌گه‌ر هات و گومانه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی نادروست گەڵاڵە کرابێت.
مێژووی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا له هه‌رێمی كوردستان زۆر به ئاسانی گه‌یشتۆته ئه‌م قۆناغه مه‌ترسیداره، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی 1992وه، چه‌كدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان خۆیان پێش سوپای تورکیا كه‌وتن بۆ لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئه‌مه‌ش بە سه‌ره‌تای كه‌وتنی گوتاری نیشتیمانیی و كوردستانیی ئه‌م دوو حزبه له‌قه‌ڵه‌م درا، ئه‌گه‌رچی یه‌كێتیی زوو له‌و به‌ره‌یه كشایه‌وه.
بێگومان ئه‌وه‌ی ئێستا له سلێمانی ڕوو ده‌دات ده‌رئه‌نجامه، ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كورد به گشتی (به حیزب و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تیی و خه‌ڵكی هه‌رێمه‌وه) نه‌یانتوانیوه شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی مه‌ده‌نیی له‌سەر ئاستی جیهان دژ بەم ده‌ستدرێژییانه بكه‌ن، ئێستاشی لەگەڵ بێت هه‌موو فشاری هێز و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان له بایكۆتكردنی په‌نیری توركی تێنه‌په‌ڕیوه. ئه‌و چالاكییانه‌ی له 31 ساڵی ڕابردووەوە تائێستا کراون و دەکرێن؛ هه‌رگیز بارتەقای ده‌ستدرێژییه‌كان نه‌بوون و ئه‌وه‌نده‌ش شه‌رمنانه بوون هه‌ندێك جار بوونەتە نووكتەی سەر زاران.
دەتوانم بڵێم ٣١ ساڵی ڕابردوو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی باش بوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی نیشتیمانپه‌روه‌ریی به‌شێكی زۆر له حیزب و ڕێكخراو و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، کە بە کۆکردنەوەی نمرەیەکی زۆر کەم زۆرینەی ڕەهایان كه‌وتن، چونكه ڕۆژ دوای ڕۆژ ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌رین له‌گۆڕ ده‌نرێن، ئازادی -کە شا ده‌سكه‌وتی خه‌ڵكی ڕاپه‌ریوی گه‌لی كوردستان بوو-؛ له پاشه‌كشه‌یه‌كی بێوێنه‌دایه، ده‌ستدرێژییەکی قووڵ کراوەتە سەر قووتی خه‌ڵك، گه‌نده‌ڵی تا ئاستی بێشه‌رمیی ڕۆشتووە، له‌به‌ر ئه‌مانه و ده‌یان كێشه‌ی تر له هه‌رێمی كوردستان وا له شه‌قام كرا له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەران؛ كه‌چی ئێستا خەڵک لە دژی دەسەڵاتەکەی خۆیان سەنگەریان لێ داوە.
ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستی توركیا واڵاتر ده‌كات و كوردیش لاوازتر، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت پێگه‌ی كورد لاواز نه‌بێت یان ئه‌وانه‌ی خۆیان به دڵسۆزی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن و ڕێزی خوێنی شه‌هیدانی ده‌گرن؛ ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ درووستكردنی هه‌رێمێکی به‌هێز بێت و شه‌رعییه‌ت بۆ دام و ده‌زگاكانی بگه‌ڕێننه‌وه و چیتر نه‌هێڵن به‌م شێوازه به‌سه‌رچووە بەردەوام بێت کە بێگومان دەگاتە کەوتنێکی حەتمیی و زۆر نزیک.
بە بڕوای من تاكه ڕێگه بۆ دەربازبوونی ئه‌م قه‌واره‌یەش لە کەوتن، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه له‌و كاته‌دا کە بۆی دانراوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی ئەمجارە هه‌موومان په‌رله‌مانێك درووست بكه‌ین له كاتی ده‌ستدرێژییه‌كاندا گڕ لە شه‌قام به‌ر بدات و فشار بكات له حكومه‌ت به ئاراسته‌ی ده‌رچوون له‌و ڕاگه‌یاندراوه شه‌رمنانه‌ی لەو‌كاتانەدا بڵاویان ده‌كاته‌وه.
ئەمە گۆشەیەکە لەیەککاتدا چوارشەممان هەم لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و هەم لەسایتی وێستگە بڵاودەبێتەوە