بەهێزکردنی نیشتمانپەروەرێتی لەکوردستان
یەک ساڵ لەمەوپێش
د.سەڵاح عزیز
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە:
کنێر عەبدوڵا
ئەو کاتەی لەنیشتمان دەژیت، هەست بەخۆشەویستییەکەی ناکەیت، بەتایبەتی گەر هەست بەنامۆیی بکەیت یان بەژیانەوە بناڵێنیت. بەڵام کاتێک لەدەرەوەی وڵات دەژیت و جارجار دەگەڕێیتەوە بۆی هەستەکە جیاوازە؛ لەنامۆییدا درک بەهەستێکی بەهێز دەکەیت بۆ نیشتمان و هەست بەنیشتمانپەروەرێتییەک دەکەیت کەپاڵنەرت دەبێت بۆ بەرگریکردن لێی و کارکردن بۆ باشترکردنی باری ئەمنی و ئیداری و ئابوورییەکەی. بەڵام بۆچی لەدڵی گەنجانی کوردستاندا بەدەگمەن نیشتمانپەروەرێتی بەدیدەکەم؟
نیشتمانپەروەری چەمکێکی فرە لایەنەیە، کۆمەڵێک هەست و هەڵسوکەوتی پەیوەندیدار بەخۆشەویستی کەسێک بۆ وڵاتەکەی دەگرێتەوە. لەناوەڕۆکیدا، نیشتمانپەروەرێتی پەیوەندییەکی قووڵی سۆزداریی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان لەخۆدەگرێت. تەنیا سنووری جوگرافی تێدەپەڕێنێت. مەسەلەکە پەیوەندیدارە بەپەیوەندییەکی سۆزداریی و هەستکردن بەسەربەخۆیی و پابەندبوون بەخۆشگوزەرانی نەتەوەو خەڵکەکەیەوە.
چەندین هۆکار هەن بۆ خۆشەویستی نیشتمان، لەوانە: هاووڵاتییەک کەوڵاتەکەی خۆی خۆشدەوێت، هاووڵاتییەکانیشی خۆشدەوێت، جیاوازییە بچووکەکان تێدەپەڕێنێت و کار بۆ ئامانجی هاوبەش دەکات. ئینتیمابوون بەنیشتمان گەورەترە لەوەی سەر بەخێڵێک یان حزبێک یاخود شارێک بێت، وێڕای زانینی ئەوەی هەموویان پێویست و گرنگن بۆ مرۆڤ. هاووڵاتی نیشتمانی ئامادەیە زیاتر بەرگری لەنیشتمان و گەلەکەی بکات و کار بۆ باشترکردنی بکات. بەڵام هاووڵاتی چۆن خۆشەویستی خۆی بۆ وڵاتەکەی دەربڕێت؟
شێوازو رێگەی جیاواز هەیە کەهاووڵاتیان لەکوردستان دەتوانن خۆشەویستی و نیشتمانپەروەرێتیان دەربڕن، بەنموونە: بەشداریکردنی چالاکانە لەکاروباری گشتی و ناوخۆییدا، نمایشکردنی ئاڵای کوردستان، پاراستنی سروودی نیشتمانی، بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکان، بەهێزکردن و پاراستنی کولتوور، نەریت و کەلەپووری نەتەوە، پشتیوانیکردنی ئابوری ناوخۆ.
لەکوردستاندا هەندێک بەربەست هەن کەهاووڵاتیان لەنیشتمانپەروەرێتی دووردەخەنەوەو بەرەو ونبوونیان دەبات، بەنموونە: پێواری ناسنامەیەکی یەکگرتووی کوردستان بۆ هەرێم، لەدەستدانی بەها پیشەییەکان، نەبوونی هێما یەکگرتووە مێژووییەکان، نەبوونی رۆژێکی نیشتمانی، نەبوونی هەستکردن بەئاسایش، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و خراپی بەڕێوەبردن و ...هتد. ئەم هۆکارانە بوونەهۆی هەڵهاتنی گەنجان لەواقیع و چوونە ناو جیهانێکی خەیاڵییەوە کەئینتەرنێت دابینیکردووە.
کاتێک سەردانی ئەرجەنتینم کرد، وڵاتێکە لەئەمریکای باشوور، خەڵکەکەیم بینی شانازیی بەتیپی تۆپی پێی، سەمای تانگۆ، وئاڵاکەیانەوە دەکەن هتد. ئەرجەنتینییەک توانی هێماکانی وڵاتەکەی لەجیهاندا بڵاوبکاتەوە لەڕێی گواستنەوەی وێنایەکی جوانی، وێڕای زانینی ئەوەی کەئەرجەنتین یەکێکە لەوڵاتە تازە گەشەکردووەکان. هەمان هەستی شانازی بەدیدەکرێت لەوڵاتانی ئەفریقا کەتوانیان خۆیان لەداگیرکاری رزگار بکەن و ناسنامەی نیشتمانی خۆیان پێکبهێنن.
گەنجانی کوردستان بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەرێتی خۆیان نیشانبدەن، دەتوانن چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن :
1) ئاهەنگگێڕان بەبۆنە ئاینییەکانی ئیسلام و ئایینەکانی تر، چونکە بەشێکن لەناسنامەی کوردستانیان.
(2ئاهەنگگێڕان بەڕۆژی 19ی ئایاری 1992، کەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
3) ئاهەنگگێڕان بەو هێمایانەی بەشداربوون لەخزمەتکردنی مرۆڤایەتی، بەشێوەیەکی گشتی و کوردستان بەشێوەیەکی تایبەتی.
(4ئاهەنگگێڕان بەجلوبەرگی گەشاوەو هەڵپەڕکێی کوردی.
(5 ئاهەنگگێڕان بەسروودی نیشتمانی.
6( پێویسته هەر شارێکی کوردستان بهشێوازی خۆی ئاهەنگ بۆ «رۆژی شار» سازبکات.
رەنگە خوێنەر بڵێت کەئێمە بۆ هەموو ئەمانە ئاهەنگدەگێڕین ، بەڵام لەواقیعدا بەشێوەیەکی بیرکردنەوە ناکرێت و سوودی لێوەربگیرێت بۆ بەهێزکردنی نیشتمانپەروەرێتی. گرنگییەکی گەورە هەیە بۆ گەشەکردنی هەستی نیشتمانی لەکوردستاندا، چونکە ئەو قەڵغانەیە کەیەکگرتوویی خەڵک و بەرگریکردن لێی و سەقامگیری خۆشگوزەرانییەکەی مسۆگەر دەکات، بۆیە هاوڕام لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن کەحوکمڕانی بێ نیشتمانپەروەری دەبێتەهۆی لاوازبوونی نیشتمانپەروەریی و ئینتمابوون، بەڵام دەبێت نیشتمانپەروەرێتی لای تاک و کۆمەڵ نەکوژرێت و هیچ هێزێکی ستەمکار ناتوانێت خەڵکی زیندوو بکوژێت، چونکە ئەوە مەحاڵە.
پێویستە وەزیرانی پەروەردەو رۆشنبیری لەبەرنامەکانی خوێندن و کات بەسەربردنەکاندا ئەوانە بخەنەڕوو کەهاندەری هاووڵاتیبوونی باش و نیشتمانپەروەری و حوکمڕانی باشن، بۆ ئەوەی ئینتمای نیشتمانیی و خۆشەویستی نیشتمان لای نەوەی نوێ بەهێز بکەین.