چوار سه‌رنج دەربارەی پێنجەمین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی

یەک ساڵ لەمەوپێش



سیروان غەریب

لهچرکەساتی رووداوهكانی ههشتی تهمموزهوه هەتا بهستنی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی، ماكینهیهكی بههێزی سهربازیی و ئابووریی لهگهڕدا بوو بۆ درووستكردنی جهستهیهكی دیکە بۆ یهكێتی، سهرهنجام دوای كۆنگره جهستهكه سهرێكی پێوە لکێنراو بە سەرجەم نهیارو دۆست و لایهنگرو خهڵكی كوردستانیان راگهیاند ئهمه یهكێتی نیشتیمانی كوردستانه.

له ههرێمی كوردستان، بەنزیکەیی حزب هەموو شتێکی مۆنۆپۆڵ کردووە، لهسهروو ههمووشیانهوه دهستی بردووه بۆ بینهقاقای سهرجهم دامودهزگاكانی حكوومهت، هەربۆیە کارێکی نەکردەیە پێگەو رۆڵی حزب و بۆنهكانی فهرامۆش بكرێن، بهتایبهتی بۆنەیەکی وەکو كۆنگرهی یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كه لهنێو تەپوتۆزی چهندان كێشمهكێش و ململانێی ناوخۆیی و لەشارێكی فهرامۆشكراوی وەکو سلێمانیدا کرا، شارێک كه یهكێتی بهقهڵای قهڵهمڕهویی خۆی دادهنێت و زۆرینهی كات  لهنههامهتیی و دهردهسهرییهكاندا هاووڵاتیان ناڕهزایهتییهكانیان ئاراستەی ئهو حزبه دەکەن، سهرنجەکانی ناو ئەم وتارەش هەر لەو سۆنگهیهوه نووسراون.

سەرنجی یەکەم: پێدەچێت هەموو ئهوانهی لەو كۆنگرەیەی یهكێتی بەچهپڵهو بهرزكردنهوهی دهستی سهركهوتن هاتنه دهرهوه؛ دهسهڵاته زۆروزەوەندەکانی سهرۆكی یهكێتییان پێ قبوڵ بێت و بهكارێكی باشی بزانن بۆ تێپهڕاندنی ئهم قۆناغه.

ئەوەی ئاگاداری مێژووی ٤٧ ساڵەی یەکێتیی بێت، رەنگە هەق بداتە ئەوانە کە بەو دەسەڵاتە بێچەندوچوونەی تاقە سەرۆکی بێ جێگری یەکێتیی، بافڵ تاڵەبانی، نەک هەر رازیی بن؛ بگرە دڵخۆش و سەرمەستیش بن، چونكه بەدرێژایی نزیکەی نیو سەدە (باڵ) و (هێڵ) و (خەت) و (جەمسەر) و (سەکۆ) و (پلاتفۆڕم)ـەکانی نێو یهكێتی، سەرباری هەندێک لایەنی ئەرێنیی، هەمیشە یهكێتییان بهرهو كێشمهكێش و فهوزا بردووە، راستییەکەی ئەوەی لەنێو یەکێتییدا هەبوو جیاوازیی بیروڕا نا بەڵکو فەوزا بوو بەمانای وشەکەو هیچکات ئەو «جیاواز»ییانە سیمایهكی دیموكراتییان به حزبهكه نهبهخشیبوو.

دواجار ئەو فەوزایە هەر لە هەناوی یەکێتییدا قەتیس نەبوو، بەڵکو دوای تەقینەوەی تەواوەتیی، ناوچەیەکی گرنگی وەکو سلێمانیی کردە گۆڕەپانی پێکدادان و ململانێی نێوان چەند هێزێک کە هەموویان لەهەناوی یەکێتییەوە هاتبوونە دەرەوە «بێ لەنەوەی نوێ« سەرەنجام ناوچەی سلێمانییان لەبری بردنە پێشەوە، زۆر بەرەو دواوە پەلکێشیان کرد.

سەرباری ئەو راستییەی سەرەوە، دەبێت (بهڵام)ـێکی گەورە دابنێین و ئەوانە لەشتێکی دیکەش ئاگادر بکەینەوە: ئهوانهی بهو مهركهزییهته دڵخۆشن دهبێت چاویان لهوه بێت کەئەگەرێکی بەهێز هەیە کەحزبەکە بەرەو خەرەندی تاکڕەویی و سهرۆكەکەشی بهرهو دیكتاتۆرێكی وا بهرێت كهدواتر ههمووان پهنجهی پهشیمانیی بگهزن، چونکە لەنێوان ئاژاوە و پشێویی و نەبوونی مەرکەزییەت و تاکڕەویی و دیکتاتۆرییەتدا مێتۆدو شێوازی دیکەی بەڕێوەبردن هەن، یەکێتییەکان حەقی خۆیانە خاوەنی حزبێکی تۆکمەو یەکدەست و تاکبڕیارو مەرکەزیی بن، بەڵام تۆکمەیی و یەکدەستیی و تاکبڕیاریی و مەرکەزییبوون دەکرێت بەڕاوێژو لەڕێی گوێگرتن لەبۆچوونە جیاوازەکان و دیموکراسیزمیشەوە گەڵاڵە بکرێت.

بۆیە ئاماژە بەمە دەدەم، چونکە ئێستاشی لەگەڵ بێت؛ حزبی كوردیی،  بهو پارتە نوێیانەشەوە کە تازە دادەمەزرێن، زهمینهیەکی لهباریان هەیە بۆ ئەوەی ببنە کۆپیی حزبی بەلشهفی، ئەو جۆرە لەحزب كه كۆنگرهو دامودهزگاكانی حزب هیچ بههایهكیان نییهو پابهندبوونی كادێر و ئهندام و لایهنگرانی بهزهبری تۆقاندن و پاره راگیراوه، تەواو جیاواز لهحزبە لیبراڵەکان، کە ئهندامێتیی ئارهزومهندانهیه و رهخنەگرتن و خۆڕهخنەکردن مافێکی دەستەبەرکراوو پرنسیپێکی باڵایە بۆ گەڵاڵەکردنی جیهانبینیی و سیاسەتی گشتی حزبەکە.

سەرنجی دووەم؛ زۆرینهی بهرپرسانی یهكێتیی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا، کاتێک دههاتنه بهردهم مایكی پهیامنێران، ئاماژهیان بۆ ئهوه دەكرد كهدوای كۆنگرهكه یهكێتیی لهسهر رێبازو سیاسهتهكانی مام جهلال بهردهوام دهبێت، ئەو بەڕێزانە دەشیانوت كۆنگرهی پێنجهم پڕ لهگفتوگۆ بووهو زۆر دیموكراسییانە بەڕێوەچووە، بهڵام ئایا ئهم قسەو بانگەشانه لهگهڵ ئهو وێنهو دیمهنانه یهك دهگرنهوه كه لەكۆنگرهكه دههاتنه دهرهوه، بێگومان نهخێر، چونكه لهنێو ههموو ئهو وێنانهی بڵاوكرانهوه تاقە ئهندامێكی كۆنگرهمان نهبینی تابلۆی نهخێر بهرزبكاتهوه، ئهگهرچی باس لهوه دهكرێت كۆنگره خاڵیی نهبووه لەدەنگی نەخێر، بهڵام خهڵك سهیری میدیا دهكات و لەوێشدا بۆ دەرمان دەنگێکی بەرزکراوەی نەخێرمان نەبینی.

سەرنجی سێیەم؛ زۆرینەی رەهای ئەوانەی چاودێریی پێنجەمین كۆنگرهی یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان کرد لەو میدیایانهوه تهماشای رووداوەکانی ئەو بۆنەیەیان دەكرد كه حزبی نین یان هەر بەتەواوەتیی سهربهخۆن، یاخود ئهو میدیایانهی تاڕادهیهكی زۆر مهرجهكانی حزب بۆ رووماڵكردن دەست و پێی نەبەستوون، کەچی سەرباری ئەو بایەخەی میدیاکان بەکۆنگرەیان بەخشی؛ سهرپهرشتیارانی كۆنگره نهیاتوانیبوو وەک کۆنگرە  یان هەر لەبیریشیاندا نەبوو وەک کۆنگرە راقییەکانی دنیا جێگهیهكی باش بۆ میدیاكان تهرخان بكهن، ئهمهش جۆرێک لەپشێویی و فەوزای درووستكردبوو، بە هۆی ئەمەشەوە لێدوانی ئەندامانی کۆنگرە کە لهپهیج و سایتهكانهوه بڵاوکرانەوە وەکو لێدوان و قسەی پەرش و بڵاو و رەئی شەخسی دەبینران نهك لێدوانی رۆژنامهوانیی.

سەرنجی چوارەم؛ ئەمە گوزارشتێکی شەخسیی و خوێندنەوەیەکی دەروونییانەی ئەو لێدوان و قسانەیە کە من لەماوەی ئەو چەندڕۆژەی کۆنگرەکەدا لەلام گەڵاڵە بوون، من وای دەبینم زۆرینهی ئهندامانی كۆنگره بۆ خۆنمایشكردن دههاتنه بهردهم كامێراكان، دەڵێم بۆ لێدوان نا بەڵکو بۆ خۆنمایشكردن، بۆچیی وادەڵێم؟ چونكه زۆرینەی ئەوانە پێیان خۆش بوو ئهو ههموو كامێرایه روویان تێبكهن و مایكهكانیش بخرێنه بهردهمیان لەکاتێکدا هیچ قسهو لێدوانێکیشیان نەبوو، ئاخر ئەزیزم كەمۆڵەتی لێدوانت نییەو بۆت نییه قسه بكهیت، ئەوا تهلاری هونهر ههمووی دهرگایە، لهو دهرگایهوه مل بنێ بۆ دەرەوە كه كامێرای لێ نییه.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار