بەغداو هەرێم؛ بەرەو کوێ؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ئایا کورد لەعێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ با بێین لەبنەماکان بنواڕین. ماوەی رابوردوو کارم لەسەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا کرد بۆ ناوەندێکی بیر. ئەو پرسیارەی بەدوای وەڵامیدا دەگەڕام ئەوەبوو ئایا هەرێم و بەغدا دەتوانن بگەنە رێکەوتنێکی درێژخایەن؟ بۆ وەڵامی ئەمە پێویستم بەزانینی چیەتی پەیوەندییەکە بوو. ئایا هەولێرو بەغدا چ جۆرە پەیوەندییەکیان هەیە؟ ئەم پرسیارە ئاسان نەبوو وەڵام بدرێتەوە. ئایا پەیوەندییەکە دەستوریی فیداڕاڵییە، وەک ئەوەی لەدەستوردا باسکراوە؟ هەندێک لەنوخبەی کوردی دەڵێن، فیدراڵیزم جێبەجێ نەکراوە لەعێراق، بۆیە کێشە هەیە. چارەسەر ئەوەیە کەدەبێت فیدراڵیزم فەراهەم بێت. بۆ نموونە فیدڕاڵیەت پێویستی بەبوونی ژووری دووەمی پەرلەمانە کە لەسەر بنەمایەکی یەکسانتر داڕێژرابێت نەک لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینەی ژووری گشتی. [لێرەدا نازانم لەئەدەبیانی کوریدا بۆ ژوورە جیاوازەکانی پەرلەمان چی دەوترێت، لەزمانە ئەوروپیەکاندا هەردوو ژوورو ماڵیش بەکاردێت، بۆ نموونە لەمۆدێلی وێستمینستەردا ماڵ بەکاردێت، هاوس ئۆف کۆمۆن بۆ نموونە، بەڵام لەمۆدێلی کیشوەری ئەوروپیدا زیاتر ژوور بەکاردێت، بۆ نموونە لەزمانی هۆڵەندیدا کامەر بەکاردێت].  هەروەها نەبوونی دادگای فیدڕاڵی، چونکە ئەوەی هەیە شەرعیەتی نیە یان لاوازە، بەڵام ئەوەشی کەدەبێت دروستبکرێت کێشەلەسەرە.

لەبەرامبەر ئەمەدا نوخبەی سیاسی عێراقی وەها دەبینێت هەرێم زیاتر لەفیدڕاڵی هەیە. فیدڕاڵ لای ئەوان وەها دەبینرێت کەمافی پەیوەندی دەرەکی و دەروازەو گرێبەست و واژۆو سەربەخۆیی ئابوری نیە.

لەدونیادا فیدڕاڵیەت چەندەها نموونەی هەیە. هەندێک فیدڕاڵیەت هەن تەنها ئیدارین، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە تاک نەتەوەن، وەک ئەڵمانیاو نەمسا. هەندێک فیدڕاڵی تر هەیە جۆرێک لەسەربەخۆیی و خواستی سەربەخۆیی هەیە، بۆ نموونە سکۆتلەنداو کەتەلۆنیا.

دەستور فیدڕاڵیە، بەڵام فیدڕاڵیزم چەمکێکی کیشە لەسەرە. لەدونیای کوردیدا لێکۆڵینەوەی تایبەتم بەم بوارە نەبینی. بەڵام بیانییەکان کاری زۆری تیوریی و کردارییان لەسەر کردووە. بۆ ئەوەی بزانین فیدڕاڵیزمی عێراقی دەبێت چۆن بێت، دەبێت سەرەتا بزانین وەڵامی ئەو پرسیارە چیە، ئایا بۆ عێراق لەناوەندییەوە گۆڕا بۆ فیدڕاڵی؟ ئایا ئامانجی فەرمی هێشتنەوەی یەکێتی عێراقە. عێراق وڵاتی کێیە؟ وەڵامەکەی روون نیە لەنێوان سوننەو شیعەو کورددا. کورد نایەوێت ببێت بەخاوەنی عێراق وەک شیعەو سوننە، بەڵکو دەیەوێت وەک خۆی هەبێت یان ئەگەر بۆی بلوێت جودابێتەوە.

عێراق کەزۆربەی تەمەنی سوننە بووە، ئێستا بەپرۆسەیەکی چڕی بەشیعەبووندا دەڕوات، لەئاستی سیاسی و کەلتوری و فەرهەنگی و یاساییەوە. ئەمەش وەها دەکات کەعێراقی فرەیی یان ناناوەندێتی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نموونە شیعە لەهەر پانزە پارێزگاکەی عێراقی عەرەبی لیستی هەڵبژاردنیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ، تەنانەت لەئەنباری تەواو سوننەشدا.

لێرەدا نەبوونی فیدڕاڵیزمێکی روون بۆ عێراق هەمیشە دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی سەپاندنی زۆرینە بەسەر ئەوانیتردا. کەواتە، وەک مەحمود مەمدانی لەکەیسی روەندادا پێمان دەڵێت دیموکراسی چارەسەرنیە، بەڵکو رەنگە هۆکاری قڕکردن بێت. دیارە قڕکردن تەنها ئەوەنیە خەڵک بگریت و زیندەبەچاڵی بکەیت، بەڵکو ئاوارەکردن، پەراوێزخستن، برسیکردن، رێگەنەدان بەگەڕانەوە هەموو بەشێکن لەو پرۆسەیە یان زەمینەسازن. ئەگەر تەماشای کوردانی ئێزیدی و کوردانی شیعەی حەمرین بکەین دەبینین لەسەردەمی ئەم حکومەتەی عێراقدا هەردوو رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.

کێشەی سەرەکی شیعە نەبوونی باوەڕە بەخۆی و هەروەها نەبوونی شەرعیەتە. بۆیە زۆر دەترسێت لەهەموو ئەگەرێک، بەتایبەتی لەلایەن سوننەوە. ئەمە بەڕوونی لەدۆخی جورف السەخردا دەیبینین.

دەستوری عێراق بەئەنقەست لەلایەن نووسەرانییەوە بەناڕوون نووسراوە، هەتا پاشان رێگا بەپرۆسەی سیاسی بدات بگاتە چارەسەر لەسەر پرسەکان. ئەمە زۆر بەتایبەت لەو بوارانەی کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بەکوردەوە هەیە وەک خاک، سامان، دەسەڵات و پەیوەندیی. بەڵام سیاسەت وەک هێز گەشەی کرد. پێکەوەبوونی سیاسەت و هێزی رووت زەمینەی ئەوەی رەخساند کەهاوسەنگی هێز ببێت بەڕێسای سەرەکی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.

پرینسیپی هەرە سەرەکی هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە بەهێز خاوەنی رەواییە. بۆ بەهێز بۆی هەیە ئەوەی دەیەوێت بیکات و لاوازیش دەبێت ئەوە بچێژن کەدەبێت یان ناچارن، وەک تیوسەدایس لەجەنگی پۆلۆپینەسیان هەڵیئێنجا.

ئێستا بەغدا، کورد واتەنی داشی سوارە. بەم پێیە لەپرۆسەیەکی لەقاڵبداندایە هەتا هەموو تواناکانی هەرێم کۆتایی پێبهێنێت و بیکاتە یەکەیەکی ناوخۆیی کۆنترۆڵکراوە. لەم پێناوەدا دادگاو یاساو بودجەو زۆر ئامرازی تر بەکاردەهێنێت. لێرەدا دادگای فیدڕاڵی هەم وەک ئامرازو هەم ئەکتەرێکی سیاسی رۆڵ دەبینێت. رۆڵی دادگا لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کەهەرێم وەک بەغدا لێبکات، یان لێبکاتەوە. ئەم پرۆسەی هۆمۆجنیویەتی دژ بەپرینسیپی فیدڕاڵییە کەدەبێت چوارچێوەیەک بێت بۆ فرەیی. دیارە سواری داشی دادگای باڵا، هۆکارەکەی ئەوەیە کەدادگا لەهەرێم سیاسییە، هەروەها سیستەمی هەرێم ناشەرعیەو ئاسانکاری دەکات بۆ دەستوەردان.

بەغدا لەم پرۆسەیەدا لەدۆخێکی کافکاییانەدایە. دۆخی کافکایی لەم پرسەدا یانی هەبوونی ئاڵۆزییەکی زۆر لەبڕیارداندا، دیارنەبوونی بڕیاردەری سەرەکی، زنجیرە ئەکتەرەکان بەردەوام بەشێوازی جیاواز، فشارو هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستوەردان دەدەن. هەرێم هەتا بێت ناچارە زیاتر زەلیل و ملکەچ بکرێت. ئەمەش وەهای کردووە کەکرۆکی پەیوەندییەکە و پەیوەندی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای زەلیلی بێت.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کەهەتا چەندێک هەرێم لاوازدەکرێت. لەئەدەبیات و مێژووی زاڵ و مەزڵومدا، رۆژئاوا وەک مۆدێلێک زۆر دڕندەیە. رۆژئاواییەکان لەهەر کوێ بەسەر هەر لایەکدا سەرکەوتووبن، کارێکی وەهایان کردووە کەهەموو تواناکان لەنەیارەکانیاندا بسڕنەوە. تەماشای خەڵکە رەسەنەکانی ئەمریکاکان و ئوسترالیاو ئەو جێگایانە بکە. لێرەدا بەتەواوی نازانین کەکێ بڕیاردەرە لەبەغدا، حکومەتی (سودانی)، چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئێران یان هەموویان. هەندێک کەس پێیان وایە ئێران لەهاوکێشەکەدا نەبێت باشترە، هەندێکی تر وەهایان دەگوت کە بەپێچەوانەوە، بەبێ ئێران خراپتر دەبێت، چونکە ئێران نایەوێت عێراق زۆر لاوازبێت یان زۆر بەهێزبێت بۆیە مانەوەی کورد وەک هێزێک لەخزمەتی ئەم هاوکێشەیەدایە. ئەگەر سەیری سوننە بکەین وەک مۆدێل، ئەوا تێکشکان و زەلیلکردن ناکۆتایە. پەرتبوونی کورد، پەنابردنی بۆ هێزە شیعییە توندڕەوەکان، هەڵپەی هێزی کوردی بۆ سەرکەوتنی خۆی وەک کەس و هێز هەموو زەمینەسازن بۆ کۆتایی رۆڵی کورد.

لەلای کورد خۆیەوە، دۆخەکە باشتر نیە. لەبەر نەبوونی ئاگایی و خواست بەدەزگایی بوون، کورد هەوڵی نەداوە پرسی خۆی بەدەزگایی بکات. لەڕاستیدا پرۆژەیەکی کوردی لەعێراقدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە هێزە سیاسییەکان و پاشان کەسایەتیە سیاسییەکان بازرگانی سیاسی بەم پرسەوە دەکەن. بۆیە چارەسەر نەبوونی پرسەکە، بەسودی زۆرێک لەنوخبەی سیاسییە.

بەم پێیە ئەکتەرەکانی ناو کایەی سیاسی یان ئەکتەرەکانی نێوان کوردو عێراق هەموو پرسەکە وەها دەبینن کە کێڵگەیەکە بۆ بەهێزبوون و مانەوەی خۆیان. ئەمەش وەهایکردووە کە پرسی کورد، پرسێکی سەرەکی نەبێت، بەڵکو هەتا ئاستێکی زۆر لاوەکی بێت. هەم کورد و هەم عێراق پێویستیان بە لەقاڵبدان و روانگەی جیاوازە بۆ ئەم پرسە. ئەگینا دۆخی هەڵکشان و داکشان، دەستوەردان و بەکاربردنی دەرەکی، نەبوونی چارەسەر لەخەسڵەتە سەرەکیەکانی دەبێت بۆ سەردەمانێکی زۆر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار