شیعەگەراو کوردایەتی لەئایندەی عێراقدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



عوسمان حاجی مارف

بەدرێژایی سەدەکان، رێوڕەسمی شیعەکان لەکاتی موحەڕەمدا بۆ چینە باڵاکان زۆر هاندانێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستن و وزەبەخشین بەکۆمەڵانی شیعە، لەهەمان کاتدا بۆ راگرتن و بەردەوامیدان و بەرجەستەکردنی جیهانبینی خورافات و ئەفسانەکان، تاکەسایەتی ناو چینە نەداراکان بەئاراستەی وەهم و خورافات، زەلیل و بێدەسەڵات ژیان بەرنەسەر، تائەو ئاستەی خۆ کوتانەوەی بەکۆمەڵ دەکەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە هەر لەڕێو ڕەسمی موحەڕەمدا، پەستانە ئاینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیە جۆراوجۆرەکانی ناو شیعە کێبڕکێ دەکەن، هەر لایەنێکیان  بۆ ئەوەی یادەکە بەئاراستەی خۆی لەقاڵب بدات و رێوڕەسمەکان بەڕوایەت و حکایەتی جۆراوجۆر بارگاوی دەکات، تاسیستەمی بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسیەکەیدا بگونجێنێت و بیفرۆشێتەوە بۆ پەیداکرنی زۆرترین نفوزو دامەزراوکردنی هێزەکەی، بەئاراستەی پەیداکردنی پێگەیەکی گونجاو لەدەسەڵاتدا. ئەمساڵ لەعێراق یادکردنەوەی موحەرەم لەکاتێکدا روویداوە کەخەریکە شیعەگەری  دەبێتە شتێکی هاوشێوەی عەقیدەی دەوڵەت، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیکەنە «ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی» بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمەش بۆیە لەئارادایە چونکە هاوپەیمانی شیعە لەهەوڵی پاوانخوازی و حوکمڕانی رەهادایە. ئەوەی کە لەئێستاو لەم نێوەدا جدییە بۆیان، خۆ گونجاندنیانە لەگەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بۆ ئانیدەی عێراق پێشبینی دەکرێت، بۆیە هەوڵدانیان بۆ باڵادەستی رەهای هێزی شیعەیە لەپرۆسەی بەناوەندی کردنی عێراقدا، هەروەها گرتنەبەری ئەو سیاسەتانەیە کەهاوپەیمانی شیعە بەتایبەتی کوتلەی حزبی دەعوە بۆ زاڵبون بەسەر تەواوی لایەنەکانی تردا پیادەی دەکات، ئەمەش هەر ئێستا لەچۆنیەتی نەرێنی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و مامەڵە لەگەڵ سونەکاندا رەنگیداوەتەوە.

بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی بەبەرگی شیعەوەو لەپەیوەند بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق دەچەرخێنێت، هەوڵدەدات ئەم دۆخە بەپاوانخوازی شیعە جێگیرکات، بەئاراستەی باڵادەستیان لەپرۆسەی ناوەندیکردنەوە لەحکومەتی عێراقدا.

ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایانگەیاند کەجەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە. ئەم جەژنە ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە کەگوایە محەمەدی پیغەمبەر، ئەوەی راگەیاندوە، کە عەلی ئەبی تاڵبی ئامۆزای و باوکی ئیمام حسێن دەبێتە میراتگری. بۆ شیعەکان کە عەلی یەکەم ئیمامە، لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لەساڵی ٢٠٠٣ەوە، گروپە ئیسلامییە شیعەکان داوای ئەوە دەکەن کەجەژنی غەدر بکرێتە جەژنێکی نیشتمانی.

لەسەرەتای مانگی تەمموزدا، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش کۆبوونەوەیەکی گەورەی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دەوڵەت بۆ یادکردنەوەی ئەلغەدیر، وتارێکی پێشکەشکرد، گردبوونەوەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی شیعە کەحوکمڕانی عێراق دەکات، رێکخرابوو. لەپشت سودانیەوە تابلۆیەکی زەبەلاح دانرابوو کە لەسەری نووسرابوو، «چوارچێوەکەمان هێزەو ئەلغەدیر رێبازمانە»، ئەمەش ئەو مەترسیەیە گەر بۆیان سەربگرێ شیعەگەرا بکەنە ئایدۆلۆژی حوکمڕانی.

ئەمە دوایین دەرکەوتنی دۆخێکە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، کە کایەی گشتی تادێت ئەوە نیشان دەدات دەیانەوێت هێماو وێنەسازی شیعە زاڵکەن. ئەم رەوتە لەباری واقعیەوە رەنگە وێنای رەنگدانەوەی دیمۆگرافیای عێراق بێت کەتیایدا شیعەکان زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن و هێزە میلیشیا شیعەکان بەجۆرێک دەیقۆزنەوەو سودی لێوەردەگرن، بەڵام لەبنەڕەتدا ئامانجێکی سیاسییەو هەوڵی پاوانخوازیەکی رەهایە بۆ دەسەڵاتێک کە لەپەیوەند بەباڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێگیر بێت، دەنا لەواقعیەتی شانۆی سیاسی عێراقدا نە بۆ هاوپەیمانی و نە بۆ سەدریەکان، ئیسلامی و شیعەگەرا گەر بۆ دەسەڵاتەکەیان بەدەر نەخوات دەیپێچنەوەو بەهەرزان دەیفرۆشن.

ئەم پڕۆسەیەی “شیعە”کردنی فەزای گشتی، هێما بۆ سێ واقیع سەبارەت بەدەسەڵات لەعێراقی ئەمڕۆدا دەکات.

یەکەم: لەکاتێکدا سەرەتا گروپە سیاسی و ئاینی و میلیشیا شیعەکان، کە بەفەرمی بەشداربون لەڕێکخستنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ کوتلە سوننەو کوردیەکاندا، بەڵام بەدوای ئاڵوگۆڕ لەهاوسەنگی هێزەکانی شیعەو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەتایبەتی هێزی هاوپەیمانی شیعە دەسەڵاتیان لەحکومەتدا لەئاستێکی باڵادا بۆ خۆیان دەستەبەرکردووە. هەربۆیە زیاتر هەست بەمەیلی نیشاندانی سەروەری خۆیان دەکەن، بۆیە دەبینین نەک کەمتر ناچارن بەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تردا درێژە بەڕێکەوتنەکانی پێشوویان بدەن، بەڵکو لەچوارچێوەیەکی تردا مەرجەکانی خۆیان بۆ پاوانخوازی زیاتر دەخەنەڕوو، لەم لایەنەشەوە پشتیوانی گەورەیان، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەتایبەتی کەئێستا کێشەکانی ئەمریکاو ئێران ئارامتر بووەتەوە، ئەمەش بووەتە پشتیوانی هاوپەیمانی شیعە کە رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لەپرۆسەی بەناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراقدا.

نموونەیەک کە بیخەینە بەردەست، بەتایبەتی لەبڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی هێمای شیعە بەرجەستە دەکەنەوە، کە لەبەغداو شارەکانی خواروو زیاتر دەرکەوتووە. بۆ نموونە پەیکەری ئەبومەهدی موهەندیس کە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە، سەر بەهاوپەیمانی میلیشیاکان کەگروپە ئاینی و شیعەکان رۆڵی باڵادەستیان تێدا دەبینی، هەروەها قاسم سولەیمانی کەسەرکردایەتی سوپای قودسی ئیسلامی ئێرانی کردووە، سوپای پاسداران، کەهەردووکیان لەهێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ کوژران، بەم شێوە نمایشانە دەیانەوێت نیشانەکانی کۆنترۆڵکردن بخەنەڕوو.

دووەم: لەکاتێکدا ئەم جۆرە رەفتارانەی هاوپەیمانی لەپرۆسەی پاوانخوازیەکەیدا کەهەوڵدانە بۆ کێشکردنی زیادبوونی متمانەی کۆمەڵانی شیعە بۆ گەڕانەوەو زیاترکردنی نفوزە جەماوەریەکەی، چونکە شیعەکان بینییان کەباڵادەستی خۆیان بەشێوەیەکی بێوێنە لەناو کۆمەڵگەی شیعەو لەناڕەزایەتیەکانی تشریندا تەحەدای کراو دەسەڵاتەکەیان ناچار بەهەندێ ئاڵوگۆر کرد. بۆیە حزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان بەهەوڵدان بۆ دووپاتکردنەوەی خۆیان و بڵاوکردنەوەی سیمبولەکانیان، هەم تێڕوانینێک بۆ دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆیان  کەیارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان. پلاتفۆرمە میدیاییەکان و کەسایەتیەکانی پەیوەست بەم گرووپە شیعەیە، لەترسی دووبارەبوونەوەی تشرینێکی تردان، بۆیە گوتارەکانی پاوانخوازانەیان پەرەپێداوە، لەبەرامبەر ترس و دڵەراوکێیان بۆ ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتی شیعە.

سێیەم: ئەو درزەی کەوتە نێوان چوارچێوەی هاوپەیمانی و بزوتنەوەی سەدریەکان، لەو سۆنگەیەوە  نیشانەیان دەگرتەوە، کەنیشانی بدەن کامیان زیاتر تەرخانکراوە بۆ شیعەگەری و بنەما سەرەکییەکان، هەرچەندە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ سەدریەکان فراوانتر بوون، بەڵام لەپروسەی پێکهینانی حوکمڕانیدا نەیانتوانی لەیاریەکەدا سەرکەوتووبن، یاریەکە بەپاشەکشەی سەدریەکان وەستێنرا.

ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی سەدریەکان و هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوید لەبەغدا دوای ئەوەی پەنابەرێکی عێراقی لەسوید قورئانی سووتاند، هەرایەک لەلایەن سەدرەوە بەڕێخرا، وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی بەئیسلامەوە نمایشکرد. لەم بۆنەیەداو چەندین بۆنەی دیکەدا، پلاتفۆرمی میدیایی سەدرییەکان رەخنەیان لەنائامادەیی چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعە دەربڕی، کەگوایە بۆ سازشکردن لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، ئیسلام بەکەم دەگرن، لەهەمانکاتدا سەدر بانگەوازی ئەوە دەکات کە لەلایەن رکابەرە «گەندەڵەکانەوە» رێگری لێکراوە لەجێبەجێکردنی چاکسازیەکاندا.

کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و رکابەرەکانیان کێبڕکێیەکە کەتیایدا هەر لایەنێک هەوڵی داوە لەچاو ئەوی دیکە کۆنەپەرستانەترو ئیسلامی و شیعە سەنتەرتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆرجار هۆکارە راستەقینەکانی دوژمنایەتی نێوانیان دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بەڕکابەری کوتلەیی بۆ دەسەڵات و بۆ تاڵانچێتی، ئەوەی پێویستە رۆشن بێت ئەو رکابەریەی لەلایەن هەردووکیانەوە پیادە دەکرێت، لەپێناو دەسەڵاتێکدایە کە بەمەرجی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە هەنگاودەنێت، بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە لەدڕندانەترین شێوازی چەوسانەوەو کەمترین کرێ بۆ  هیزی کارو قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابورییەکان بەچاودێری و سەرپەرشتی هێزە میلیشاکانیان، ئەمەش یاریەکی ئاسان نیە، چونکە هێزە میلیشیاکان لەڕێگەی دەسەڵاتێکەوە دەتوانن لەم کارەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، دەبێت وەک یاریزانێکی باشی نێوان کێشمەکێشی ئەمریکاو ئێران و خۆگونجاندن لەگەل دۆخی ناوچەکەدا دەرکەوێت.

لەماوەی چەندساڵی رابردودا هاوپەیمانی شیعەو بەدەوری حزبی دەعوە بەهەر نەخشەو زگزاکیەک لەسیاسەت و پابەبدبوون بەئێرانەوە، توانیویانە پرۆسەکە بەقازانجی خۆیان بچەرخێنن، لەپاڵ تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەهالەتدا سیستمی سەرمایەداریان پێرۆزکرد.

ئێستاش لەهەوڵی پرۆسەی ناوەندکردنی حکومەتی عێراقدا، هاوپەیمانی شیعە قۆڵی جددی لێهەڵماڵیەوەو بووەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، بەتایبەتی ماڵباتی بارزانی و پارتی کردووەتە نیشانیەک کەجار بەدوای جار زیاتر ملەکەچی نەخشەکانی هاوپەیمانی و دەسەڵاتی شیعەگەرایان دەکات، گورزێک کەهێمای ئەو نیشانەگرتنەیە، بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم و گورزدانە لەپێگەی ماڵباتی بارزانی و دەسەڵاتەکەیان. گەر ئەو پرسیارەش بێتە پێشەوە، ئاخۆ لەم کەین و بەینەدا پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی لەکوێدا راوەستاوە؟ دەتوانین ئەوە ببینین کە ماڵباتی تاڵەبانی لەلایەک دەمێکە بووەتە پاشکۆی ئێران و هاوپەیمانی شیعە، واتە پێشوەخت دەستیان لەهەموو شتێک شتووەو چاوەڕوانن ئاراستەی رووداوەکان بەرەو کوێیان دەبات، هەر ئەمەشە یەکێتی ناچارە کە زیاتر لەگەڵ قەیرانەکانی خۆیدا سەوداو مامەڵە بکات، تائەوەی بتوانێ بچێتە سەر رەوتی پاراستنی قەوارەی هەرێم، ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە، جەلال تاڵەبانی هەرزوو دەرگای موجامەلەی بۆ شیعە گەراو حوسێنیە ئاواڵە کرد.

ئەوەی لەم نێوەدا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت و ئاگاهانە مامەڵەی بکەین، ئەم دۆخەی ملکەچی ئێستای بارزانییە بەدوای نامەکەی مەسرور بۆ بایدن، کەخەریکە بارزانی بەناوی گەشبینیەوە بەئاکامی دانیشتنە ناڕۆشنەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا چەواشەکاری دەکات، چونکە ئەو نەخشەو ئاراستەیەی لەپرۆسەی ناوەندیکردنەوەی عێراقدا بەڕێدەخرێت، چەندین بارگژی و ئاڵۆزی و نشێوی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دۆخەکە بەدانی چەند موچەیەک یەکلایی نابێتەوە.

ماڵباتی بارزانی و ماڵباتی تاڵەبانی چاوەڕوانی ئەوەیان دەمێکە دۆڕاندوە، کە بیانەوێت، یابتوانن بەڵانسەکە وەها راگرن خەڵکی کوردستان بەسەلامەتی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت، چونکە هەر لەسەرەتاوە لەساڵی نەوەدەکانەوە وەک دوو هێزی ملیشیا پاشکۆی سیاسەتی جەنگی دەوڵەتی ئەمریکا بوون، تەنها ئەوەیان پێبڕا کەپاشماوەکانی دوای جەنگ کۆکەنەوە، هەر بۆیە کوردایەتیەکەیان کردە قومارێکی دۆڕاوو قوربانی لەناو رێڕەوی پێکهاتەی حکومەتی عێرقدا، کەئێستا بەنەخشەو سیاسەتەکانی شیعەگەرا بەڕێوەدەبرێت.

ئەم واقعیەتە جەنجاڵە نە بە بارزانی، نە بە تاڵەبانی نە بەیەکڕیزی و نە بەوەستانەوەیان لەبەرامبەریەکدا بۆیان ناگەڕێتەوەو راست نابێتەوە، ئەوە نەفەس و رۆڵی جەماوەری ناڕازیە کە دەتوانێ بەئاراستەیەکی تر ئەم واقیعە بگۆڕێت.

پێویستە خەڵکی کوردستان فریای خۆیان بکەون، بەدوای هیچ تەوەهم و بەڵێن و دروشمەکانی بزوتنەوەی شکستخواردووی کوردایەتیەوە نەبن، ئایندەی کوردستانێکی سەقامگیرو ئاسایش و خۆشگوزەران و ئازاد، لەهەلومەرجی سیاسی پڕ گێژاوی ئێستای ناوچەکەدا، تەنها بەئیرادەو هێزی رێکخراوو جەماوەری و دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا دابین دەکرێت.

 

لەم وتارەدا بۆ وەگرتنی هەندێ زانیاری سود لەوتارێکی حارپ حسن وەرگیراوە بەناونیشانی تأرجح شيعة العراق بين توجهين متناقضين)

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار