حکومەتی عێراق: گەلی عێراق لەپاڵی گەلی فەڵەستیندایە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی عێراق لەسەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هاتە دەنگ و رایگەیاند بەرگری لە مافەکانی گەلی فەڵەستین دەکەن و هۆکاری رودانی هێرشەکەی ئەمرۆ دەرئەنجامی "ستەمی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارانی زایۆنییە."
ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و دەڵێت، "عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی وەک و حکومەت و گەل بۆ پرسی فەڵەستین دووپاتدەکاتەوە. ئێمە لەپاڵ گەڵی فەڵەستینین بە تایبەت لە بەدیهێنانی خواستەکانیان و بەدیهێنانی مافە رەواکانیان. ئاشتی بەردەوام نایەتە دی لە هەبونی نادادپەروەری و نکوڵی کردن لەم مافانە."
بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" راگەیاند کە تێیدا چەکدارانی بزوتنەوەکە چوونە نێو چەند بەشێکی ئیسرائیلەوە. میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا 35 ئیسرائیلی بەدیل گیراون و فریاکەوتنی ئیسرائیل دەڵێت 40 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون.
هەر دوای هێرشەکە ئیسرائیل هەڕەشەی تووندی کرد و دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی چڕ بۆ دەرکردنی چەکدارانی حەماس و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە بە موشەک. بەپرسانی فەڵەستین دەڵین لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل 161 کوژراون و هەزار کەسیش برینداربوون.
لەبارەی هێرشەکەی حەماسەوە وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "ئەو کردانەی ئەمڕۆ لەلایەن گەلی فەڵەستینەوە ئەنجامدران دەرئەنجامی چاوەڕوانکراوی ستەمی ستستیماتیکی چەندین ساڵەیە کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی زایۆنی چەشتوویانە کە بەردەوام پێشێلی یاسا نیودەوڵەتیەکانی کردووە."
باسم عەواد لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێکاری تووند بگرنەبەر و "پێشێلکاریی جدی بوەستێنن و مافی شەرعی گەلی فەلەستین دابمەزرێننەوە کە بەردەوام لەژیر داگیرکاری و سیاسەتی جیاکاری و گەمارۆدان."
وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری دەدات، گرژی دروستکردن لەبەرامبەر ناوچەکانی فەلەستین ئەگەری هەیە سەربکیشێت بۆ ناسەقامگیرکردنی تەواوی هەرێمەکە و "داوا لە لە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی دەکەین کۆببنەوە و تاووتوێی ئەم روداوە مەترسیدانە بکەن لە ناوچە فەلەستینییەکاندا."