"تۆفانی ئەقسا"؛ کاردانەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر هێرشەکەی حەماس بۆ ئیسرائیل

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی.

هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات.

وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا.

دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات."

بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.

شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن.

دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر.

وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟

ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی  سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە.

جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە."

گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە.

جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل  سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات."

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی.  کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە.  بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم  لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد.

یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە."

گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو".

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو.

تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس.

ناتانیاهۆ: لە جەنگداین

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن.

هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت.

ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین"

شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو.

هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە.

ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار