قوربانیانى بومەلەرزەکەى ئەفغانستان هەزاران کەسى تێپەڕاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبۆوە.
عەبدولواحید رەیان، وتەبێژی وەزارەتی زانیاری و کولتووری ئەفغانستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-10-2023) رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە و پاشلەرزەکانی، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەبدولواحید رەیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا 6 گوند وێران بوون و سەتان هاووڵاتیش کەوتوونەتە ژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکانەوە.
لەبارەى بومەلەرزەکەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاند کە زیاتر لە 600 ماڵ وێران بوون و نزیکەی 42 هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی زانیاریی دەزگاکانی کەشناسی ئەو وڵاتە چەندین پاشلەرزەی دیکە لە رۆژئاوای ئەفغانستان رویانداوە و ژمارەی قوربانیانیش لەبەرزبونەوەدان.
ئەفغانستان لە ئێستادا بەدەست قەیرانێکی مرۆیی سەختەوە دەناڵێنێت، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبانیش بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، هاوکارییە دەرەکییەکان تاڕادەیەکی زۆر وەستاون.
بوومەلەرزەکە کاتژمێر 9:30ـی بەیانی رۆژی شەممە 7-10-2023 بە دووری 40 کم لە باکووری رۆژئاوای شاری هیرات لە پارێزگای هیرات روویدا. دوای ئەوەش چەند پاشلەرزەیەک لەو پارێزگایە و پارێزگاکانی بادغیس و فەرا روویاندا.
