بەرپرسی پێشوتری مۆساد: هەر هەوڵێکی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لەم دۆخە قورس بەسەریدا دەشکێتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێفرایم هالۆی، بەرپرسی پێشوتری دەزگای هەواڵگری مۆساد، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ رادیۆ فەردا، لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا نا کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تووشی شۆک هاتن بەرامبەر بە هێرشەکانی حەماس ، هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی بیەوێت لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵک لەم دۆخە وەربگرێت بە تایبەت لە رێگای حیزبوڵای لوبنانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٧ی تشرین، گروپی فەلەستینی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزەی بە دەستە، نزیکەی پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی شار و شارۆچکەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کرد و دوای لە چالاکییەکی بێ وێنەدا، چەکدارەکانی حەماس و جەهاید ئیسلامی بە تێكشکاندنی دیواری غەزە چوونە شارۆچکە ئیسرائیلییەکانەوەو لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکان کەوتنە جەنگەوە.
ئێفرایم هالۆی لە گفتوگۆکەی لەگەڵ رادیۆ فەردا دەربارەی دۆخی ئێستای ئیسرائیل وتی، "ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە باشووری ئیسرائیل بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی هێزەکانی حەماس لە ئارادایە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا تەواو نەبووەو ژمارەیەک لە هێزەکانی حەماس هێشتا لە باشووردان. بەڵام بەشی کە زۆری ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست حەماس ئازاد کران، هەڵبەت بە بەهای کوژرانی خەڵکانێکی زۆر".
بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵا ئەمنییەی پێشتری ئیسرائیل، "لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ئارادایە و تا ئێستە 500 جار فڕۆکەی جەنگی چوونەتە ئاسمانی کەرتی غەزەوە. پێدەچێت دوای پاککردنەوەی ناوچە ئیسرائیلییەکان لە هێزی حەماس، ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی زەمینی لە غەزە دژی حەماس بەڕێوە بچێت."
هەڕەشەکردن لە ئێران لە ئەگەری دەستێوەردانی حیزبوڵڵا
ئێفرایم هالۆی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم رووداوەدا وتی :" یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێمە ئەمە بوو کە هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوانەی لە باشووری وڵات روو دەدەن، لەکاتێکدا ئێمە نیگەرانی ئەو رووداوانەین لە باشووری ئیسرائیل روو دەدەن، حیزبوڵڵا، کە هێزێکە لە لوبنانەوە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە ئەکرێت، هێرش بکات و ئێستا ئەمە روویداوە، بە دڵنیاییەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە باکوور وەڵامیان دراوەتەوەو زیاتریش وەڵام ئەدرێنەوە".
بەرپرسی پێشتری مووساد لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی، "ئەگەر من لە جێی ئێرانییەکان بام، بەرلەوەی هەوڵ بدەم کەڵک لەم رووداوە وەربگرم بۆ بەرژەوەندی خۆم بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ئیسرائیل، لە بری یەکجار دە جار بیرم ئەکردەوە. من لام وایە ئەم کارەیان زۆر قورس تەواو ئەبێت بۆیان و بە سەریاندا ئەشکێتەوە."
میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی حەماس ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک دیداریان هەبووە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا و ئەم دیدارانەیان وەک بەشێک لە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل هەڵسەنگاندووە.
حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم هاوكات لەگەڵ دەستپێکی گەڕی نوێی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پشتیوانی تەواوی خۆی لە حەماس راگەیاند و هەر لەو رۆژەدا، ژمارەیەک لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، نزیکی سنوورەکانی ئیسرائیل وەستان.
وەزیرێکی ئیسرائیل رۆژ شەممە ٧ی تشرینی یەکەم بە رۆژنامەی (یەدیعووت ئاخرونووت)ی وتووە پێدەچێت هێرشە کوتووپڕەکانی حەماس لە کەرتی غەزەوە بۆ باشووری ئیسرائیل، سەرەتایەک بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوتری حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلەوە.