عەلی خامنەیی: دەستی ئەوانە ماچ دەکەین پلانی هێرشەکەیان بۆ سەر رژێمی زایۆنی دانا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی نەبووە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەڵام نەیشاردەوە کە ئیسرائیل شکستێکی "لەبیرنەکراوی" چەشتووە.
عەلی خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، تاران بەشدار نەبووە لە هێرشەکەدا بەڵام "ماچی دەستی ئەوانە دەکەین کە پلانی هیرشەکەیان دژی رژێمی زایۆنی داناوە."
خامنەیی وتیشی، "ئەو بومەلەرزە تێکشکێنەرە کۆمەڵێک پێکهاتەی هەستیاری [ئیسرائیلی] خاپوور کردووە کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە... کردەوەی خودی رژێمی زایۆنی بەرپرسە لەم کارەساتە."
هەر دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چاوەکان چوونەسەر ئێران کە پشتگیری و پاڵپشتی ئیسرائیلی کردبێت. دوای ئەوەی رۆژی شەممە حەماس هیرشەکەی ئەنجامدا، وتەبێژێکی بزوتنەوەکە بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، حەماس هاوکاری کراوە لەلایەن ئێرانی هاوپەیمانی.
بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا گومانیان هەیە لە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران و دەڵێن هیشتا بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بێت بەوەی ئێران پشتگیری هێرشەکەی کردبێت هەرچەندە دڵنیان لەوەی کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لەگەڵ حەماس لە یارمەتیدانی گروپەکە.