حهماسییهكان چی‌یان به‌سه‌ردێت؟
.jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
سیروان غەریب
جەنگێکی خوێناویی ده‌ستیپێكردووه، هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان دەڵێن هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه سەدقاتی هێرشەکانی پێشوو خوێناویی ده‌بن و تائێستاش هەر وابووە، چاوه‌ڕوانیی مرۆڤایه‌تیی و ئه‌وانه‌ی ئاشتیییخوازن بۆ کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە نه‌ك دڵخۆشكه‌ر نیین؛ به‌ڵكو دیمه‌نه تۆقێنەرەکانی ئەم خوێنپژانە، تابلۆی ژیانێكی نا‌ئومێد لەئاسۆدا دەنەخشێنن و پێشبینیی ئەوەش دەکرێت ئاگری جەنگەکە تەشەنە بکات و شه‌ڕو خوێنڕێژیی سه‌رجه‌م خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێته‌وه.
رووتكردنه‌وه‌ی خانمانی به بارمته‌گیراو، سه‌ربازی كوژراو، كۆمهڵکوژیی نێو بیناكان و راكێشانی سه‌ربازی ئیسرائیلیی بەسەر شهقاماكانی غه‌ززه‌دا، ترس و تۆقینی ئه‌و هاووڵاتییه مه‌ده‌نیانه‌ی مەینەتی جەنگەکەیان بەسەردا باریوە؛ ته‌نها یەک دیمه‌نی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی رووداوه‌كانی زاڵ کردووە کە ئه‌ویش «تۆڵه«یه. جا شه‌ڕێك شه‌ڕی «تۆڵه«بێت و سوپایه‌ك بیكات كه خۆی له‌چه‌ندین پێشێلكاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ تێوه‌گلاوه، ده‌بێت چی لێبکەوێتەوە؟
شیکاریی لایەنە سه‌ربازییه‌كانی جەنگەکە، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌م چه‌ند رۆژه‌دا خراونەتەڕوو و بەرهەمی تێڕوانین و دیدی كه‌سانی پسپۆڕ و شارەزایانی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئیسرائیل و فەڵەستینە، ئەوەی لێ گەڵاڵە دەکرێت کەئەمجارە ده‌رپه‌ڕاندنی حه‌ماس له‌غه‌ززه و راوه‌دونانیان به‌هێزترین سیناریۆی جەنگەکەیە، ره‌نگه ئه‌مه‌ش تاقە سه‌بووریی بێت بۆ قوربانیانی ده‌ستی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس، ته‌نها رێگر له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئەم سیناریۆیەشدا، به‌كارهێنانی بارمته‌كانه له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه وه‌ك قەڵغانی مرۆیی، ئەوانەشی ئەو ئەگەرە بەدوور دەزانن بیریان چۆتەوە کە هەمیشە قوربانیی ریزی پێشەوەی جەنگەکان کەسانی مەدەنیی و بێوەی بوون و سەرباری دژواریی و لێکەوتە جەماوەریی و یاساییەکانی؛ پێدەچێت حکوومەتەکەی نەتەنیاهۆ ژیانی ئەو چەند کەسە بکاتە قوربانیی ئامانجە هەرەگەورەکە کەڕیشەکێشکردن و لەبندەرهێنانی بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامییە.
له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، یەکێک لەدیدە هەرە باو‌و بەربڵاوەکانی بەشێک لەچاودێرانی سیاسیی و شیكه‌ره‌وانی جەنگەکە بریتیی بوو لەسهرسامیی بهدزهكردنی حه‌ماس بۆ دەرەوەی غەززەو بڕینی دیواری دابڕی غەززە لەکۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلییەکان و لەگەڵیشیدا وێناکردنی هێزو ئاگایی و دەسەڵاتی ده‌زگای مۆساد وەکو شتێکی کارتۆنیی و هەیبەتێکی فشەڵی ناو فیلمە تەمویلکراوەکان لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە...
کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لەخوێندەوار و نووسەران، دەستیان دایە نووکتە کردن لەسەر مۆساد، کەههمیشه به‌وه ناسراوە یەکێکە لەدەزگا هەواڵگرییە هەرە کاراکان لەدونیادا، ئەمانە ئاگاداری ئەوە نیین کە تۆماس فریدمان، نووسه‌ری دیار، چه‌ند كاتژمێرێك دوای دەستپێکردنی هێرشه‌كه‌ی حەماس لهڕۆژنامەی نیویۆرك نووسی «هه‌ركه‌سێك به‌دیار هه‌واڵه‌كانی ئیسرائیله‌وه دانیشتبێت ده‌یزانی حه‌ماس راستهوخۆو به به‌رچاوی سوپای ئیسرائیله‌وه سه‌رقاڵی شتێك بوو كه له‌مانۆڕی مه‌شقكردن ده‌چوو بۆ هێرشێكی له‌و جۆره، به‌درێژایی سنووری كه‌رتی غه‌ززه«.
ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌و راستییه‌دا بگه‌ڕێین و بمانەوێت بیسەلمێنین کە مۆسادو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل پێویستیان بهبیانوویهكی گه‌وره‌ی له‌چه‌شنی رووداوه‌كه‌ی شه‌ممه بووه بۆ شه‌ڕێكی خوێناوی گه‌وره دژی فەڵەستینییەکان، ره‌نگه له‌سه‌ر ئه‌رزو لەئاسمانیش نه‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵام كه باسی سیاسه‌ت و ئه‌گه‌ره كراوه‌كانی ده‌كه‌ین، ده‌كرێت ئاگاداربوونی مۆساد له‌ئەگەری هێرشێکی لەو جۆرە وه‌ك ئه‌گه‌رێك وه‌ربگرین، چونكه دوورخستنه‌وه و بەرپاکردنی جەنگێکی خوێناوی بۆ سڕینه‌وه‌ی «دوژمن» بیانوویه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێت تاوه‌كو هه‌موو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌بێ جیاوازی بیروڕا بخرێنە نێو شه‌ڕه‌كه‌وه.
جەنگی «تۆڵه‌ی»ی ئیسرائیلییه‌كان به‌باجێكی گه‌وره‌ی حهماسییهكان كۆتایی دێت، ئه‌وه‌ی پێشبینییكراوه ئەوەیە حه‌ماس له‌غه‌ززه دەردەپەڕێنرێت دوور نییه له‌بیابانی سینای نێوان میسر‌و ئیسڕائیلدا پەرتەوازە ببن.
