شەخسبازیی و شکست
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
گەیشتنی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە، قەیرانێکی فرە ئاستە کەشایستەی چەندین تووێژینەوەی فرە روانگەیە. بەڵام کاتێک هۆکارێکی سەرەکی شکستەکە نەبوونی مەعریفەیە، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت، قەیرانەکەی ببێت بە بابەتی مەعریفە. بەشێک لەباری دەروونی مرۆڤی باشوری وەهایە کەدەبێت بەپەلە شتێک بکرێت. ئەم دۆخی تەنگەتاوییە، بوارە بەبیرکردنەوەو تێگەیشتن و رامان و روانین و بەرهەمهێنانی مەعریفە نادات. هەمیشە قیرە زلەکان دەبنە قارەمان و دۆخەکەش هەتابێت وەک خۆیەتی.
لەم روانگەیەوە یەکێک لەهۆکارەکانی شکست بەلای منەوە شەخسە. دەمەوێت سەرەتا شەخس بچەمکێنم وەک چەمکێکی تایبەت بەخۆم لێرەدا. شەخس دەربڕینێکی ئاڵۆزە لەدونیای دەربڕینی ئاینی، کەلتوری، کۆمەڵایەتی کوردیدا. شەخس لەهەناو دینی فۆلکلۆریدا مەزارگای کەسێکی ئاینی پیرۆزە. چوون بۆ سەر شەخس، بەتایبەتی پێش هاتنی ئیسلامی سیاسی، کەهەوڵدەدات ئیسلام بەپێوەرەکانی مۆدێرنە دژ بەمۆدێرنە لەقاڵب بداتەوە، سەردانی شەخس بەشێک بوو لەڕیتواڵی مرۆڤی ئاسایی کورد. شەخس لەگۆرانی و ئەدەبیاتی فۆلکلۆردا بوونێکی زۆری هەیە. کە بەگشتی دەتوانین بڵێین شەخس کەسایەتیەکە کەزەمەن تێپەڕەو لەسەر زەوی جێگایەکی هەیە، کە خەڵکی پێوە پەیوەست دەبن بەهۆکارو حەکایەتی جیاوازەوە. بەم پێیە شەخس گۆڕی کەسێکە، کە کەسێکی ئاسایی نیە، هەتا گۆڕەکەی ون بێت. چەمکێکی تری زیاتر دینی مەرقەدە. مەرقەد لەئێستای عێراقدا رۆڵێکی ئێجگار کاریگەری هەیە لەداڕشتنی پێگەو دونیابینی ئابوری و سیاسەتدا لەعێراق. مهیار کاپر، لێکۆڵەر لەزانکۆی لەندەن، دەربارەی کەلتوری عێراقی، نەجەف وەک ڤاتیکان دەشوبهێنێت. بەڵام ئاڵۆزی دونیای نەجەف کاری ئێمە نیە لەئێستادا. لەڕاستیدا کورد زۆر پێویستی بەوەیە کەبزانێت نەجەف چۆن بەڕێوەدەچێت، چونکە کلکی کورد لەدەستی نوخبەی شیعەدایەو عێراق لەپرۆسەیەکی چەند ئاستی ئاڵۆزی بەشیعەبووندا دەڕوات.
بەڵام شەخس لەچەمکاندندا لەهەناو دۆخی کەلتوریی و عەقڵی کوردستاندا جیاوازە. بۆ ئەوەی بزانین کە پرۆسەی شەخسبازی و باوەڕی خێراو زۆری خەڵک بەشەخس، لەهەواوە نەهاتووە دەبێت ئەو پاشخانە کەلتوریی و مێژوویی و دەروونییە بەخێرایی ئاماژەپێبدەین.
بەم پێیە شەخس کەسێکی بان-ئاساییە، کەگۆڕێکی هەیە لەجێگایەکدا، موریدانی دەتوانن سەردانی بکەن، بۆ زیارەت و شەفاعەت. وەک دەبینین کاتێک بەم شێوەیە شەخس دەچەمکێنین، دەبین چۆن ئەم پرۆسەیە بەتەواوی بەعەلمانی [لێرەدا عەلمانی یانی دونیایی] کراوە لەهەناو کایەی حزبی کوریدا. بیرمەندی راستڕەوی ئەڵمانی کارل شمت باس لەوە دەکات کەچۆن زۆر چەمکەکانی سەبارەت بەدەوڵەت لەئاینەوە بەعەلمانی کراون، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین بوونی گۆڕی سیاسی و کەسایەتی سیاسی ریشەی لەئایندا هەیە، بۆیە هێندە بەئاسانی و بێ بەرگریی وەردەگیرێت لەلایەن مرۆڤی کوردەوە، کاتێک لەکایەی عەلمانی یان دونیاییدا کاری پێدەکرێت.
شایانی باسە لەفەلسەفەی سیاسی ئەمڕۆی رۆژئاوادا کارەکانی بیرمەندی ئیتاڵی ئەگامبین بەچەندین کتێب لەتوێی پرۆژەیەکدا باس لەدرێژەپێدانی جیهانبینی کاتۆلیکەت دەکات لەدونیای ئەمڕۆی عەلمانی رۆژئاودا.
ئێمە بەپێی پۆلێنەکانی ماکس ڤەیبەر لەوە بەئاگابووینەوە کەکەسەکان دەسەڵاتیان لەسێ جۆردا بەرجەستە دەکەن یان بەدەستدەهێنن، کەلەپور، کاریزما لەگەڵ یاسایی. لای ماکس ڤیبەر کاریزما تایبەتمەندی کەسەکە خۆیەتی، کەوەها دەکات ئەوانیتر وەهای ببینن کەجیاوازترە لەئەوانیترو توانای هەیە بەهەندێک کار هەڵبستێت کەزۆرێکی تر ناتوانن پێی هەڵبسن. ئەمە لەدونیای ئێمەدا دەگوزەرێت بەڵام بەبێ تێڕامان. وەک دەزانین کەیەکێک لەدەردەسەرییەکانی ئاین ئەوەیە کە ڕێگە بگرێت لەتێکەڵی لەنێوان شەخس و خودادا. چۆن مرۆڤەکان پەنا بۆ شەخسەکان نەبەن. ئەمەش دەلالەتی رەگ قوڵی شەخس پەرستی و کاریگەری شەخسە لەسەر کەسەکان.
لەزمانی رۆژانەی کوردیدا دەوترێت کابرا شەخسیەتی هەیە، بەو مانایە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە کەجیاوازە یان گرنگە یان جێگای سەرنجە.
سی ساڵی رابردووی دەسەڵاتی هەرێم بەئاگایی و بێئاگایی زۆر رەهەندی ئەم پرسەی تۆکمەتر کرد. بەو مانایە بەهەبوونی پاشخانێکی قووڵی کەلتوریی و ئاینی و زەمینەی ئەوە سازا کە ببێت بەبەشێک لەکایەی سیاسی و ئابوریش. پێش ئەوەی بچینە تان و پۆی ئەم دیاردەوە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کەشەخس بەمانای تاک نایەت، وەک وشەکە لەزمانی عەرەبیدا ئەو مانایە دەبەخشێت.
پرۆسەی دەسەڵاتی شەخس، تەنها یەک دەرکەوتەو شێوازو پرۆسەی نیە، بەڵکو لەچەندین ئاستدا بەڕێوەدەچێت. لەگواستنەوەی کۆمەڵگای ئێمە لەکۆمەڵگایەکی تەقلیدی بۆ کۆمەڵگایەکی شاریی و مۆدێرن بەئاستێکی تایبەت، سود لەئامرازە مۆدێرنەکان بینرا بۆ دروستکردنی شەخس یان شەخس هەستیکرد بۆ دروستبوونی پێویستی بەئامرازە مۆدێرنەکانە. یەکێک لەدەرکەوتەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەبوو کە کەسەکان بۆ دروستبوونیان لەسەرەتادا پێویستیان بەپارەیە، پاشان بەپارە یان لەڕێگای پارەوە دەتوانن کەس و شارەزاو ئامرازەکان بونیادبنێن بۆ بەشەخسبوونی خۆیان، وەک تەلەفزیۆن، رۆژنامە، پەیج، کەسی کاریگەر دروستکەر. بۆ ئەوەی ئەمە هەبێت دەبێت کەسەکان داهاتی ئابوری تایبەت و زۆریان هەبێت، کەهۆکاری هەرە سەرەکی گەندەڵییە. ئەمانە هەموو مانای ئەوەن کەنابێت سیستەمێکی ئابوری نیشتمانی یان سەرانسەری هەبێت. دەبێت تۆڕی قۆرغکاریی ناوچەیی و هەرێمایەتی بەردەوامی هەبێت. دووەم، نابێت دەزگا بوونی هەبێت، چونکە رۆڵی دەزگا راستەوخۆ رۆڵی شەخس سنوردار دەکات، بۆیە شەخسەکان هەمیشە هەوڵدەدەن لەڕێگای ئەوانەوە پرسەکان چارەسەر بکرێت، زۆرجار بەمە دەوترێت سیاسەت. کاتێک دەڵێن پرسێک سیاسییە، مەبەست ئەوەیە کەپرسەکە نابێت لەڕێگای یاساو دەزگاوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. رۆڵی شەخس هۆکارێکی سەرەکیە لەوەی کەخەڵک نازانن سیاسەت چیە. لەهەمانکاتدا شەخس دژ بەیاسایە. چونکە یاسا تێپەڕاندنی پێگەی شەخسە، گواستنەوەیەکی پارادایمی گەورەیە بۆ موجەرەد یان ئەبستراکت.
لێرەدا دەبێت ئاماژەیەک بەڕۆڵی گۆڕ بدەین لەدرێژەپێدان بۆ پێگەی شەخس. گۆڕی بارزانی، تاڵەبانی و نەوشیروان، هەموو دەچنە نێو پرۆسەی درێژەپێدانی پێگەی شەخسەوە لەسیاسەتدا. گەرچی لەسەرانسەری عێراقدا مەزارو مەرقەد بازرگانییەکی گەورەو بونیادنانی تۆڕێکی بەرفراوانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، لەکوردستان بەشێکە لەپرۆسەی هێشتنەوەی شەخس پاش مردنی و گواستنەوەی بۆ سیمبول و پیرۆز.
هەموو ئەمانە وەها دەکات کەقسەکردن لەسەر هەر چاکسازییەکی سیاسی لەکوردستان پێویستی بەگۆڕانی زۆر بوار هەبێت. چۆن لەپەرتەوازییەکی ناسیاسی و نایاسایی و نادەزگایی کەئامرازە مۆدێرنەکان هەموو تۆکمەو بەرجەستەی دەکەن، دەگوێزیتەوە بۆ مۆدێلێکی تر لەسیاسەتکردن. یەکێک لەڕێگرییە سەرەکییەکان ئەوەیە کاتێک دژایەتی ئەم بنەما بەهێزانە دەکەیت، چونکە کۆمەڵگا ئامادەیی عەقڵیی نیە ئەوا زۆرجار دەبیتە قوربانی پرسەکە لەبری بوونی توانای زاڵبون بەسەریدا.
ئەم شەخسگەرایی پۆستمۆدێرنە، بەپشتیوانی هێزە دەرەکیەکانیش بەردەوام دەبێت. یەکێک لەهۆکارەکانی شکستی ئەمریکا لەعێراق نەبوونی توانای تێگەیشتن بوو لەم پرۆسە ئاڵۆزە.