کــەلتووری ئەنفال‌و جەنگی نــێوان ئیســـــراییل (یەهوودی) / فەلەستین (ئیسلام)

یەک ساڵ لەمەوپێش



زەردەشت نورەدین

بۆ فەلەستینییەکان شەڕ دەکەن؟ لەبەرئەوەی ئیسراییل خاکی فەلەستینی داگیر کردووە. بۆ ئیسراییلییەکان شەڕ دەکەن؟ لەبەرئەوەی خاکی داگیرکراوی خۆیان لە فەلەستینییەکان بستێننەوە. چۆن بزانین ئەو شوێنەی ئێستا پێی دەوترێت ئیسراییل/فەلەستین هی کامیانە. هەرکامیان بۆ کتێبی پیرۆزی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ یەکلابوونەوەی ئەم پرسە. ئیسراییلییەکان (یەهوودییەکان) بۆ کتێبی پیرۆزی خۆیان واتە تەناخ (پەیمانی کۆن) دەگەڕێنەوە کە بەگوێرەی ئەو کتێبە، ئەو خاکە خاکی ئیسراییلییەکانە. فلستینییەکان (ئیسلامییەکان) بۆ کتێبی پیرۆزی خۆیان واتە قورئان دەگەڕێنەوەو بەگوێرەی ئەو کتێبە ئەو خاکە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە فەتحکراوە (داگیرکراوە) و بووە بەخاکی خۆیان». {پرسیارو وەڵامە باوەکان}

لەڕووی یەزدانناسییەوە ئیسلام و یەهوودی جیاوازی بناغەییان نییە هەردووکیان سەر بەیەکتاپەرستی ئیبراهیمین. هەروەها لەڕووی مێژووییەوە هەردووکیان نەژادی سامین و هەروەها زمانیشیان هاوڕیشەو لەزمانی ئەکەدییەکانەوە (سامی) دێت. هەردووکیان (ئیسلام پاشتر) لەجەنگێکی ٢٥٠٠ ساڵەدا بوون بەرانبەر نەریتە یەزدانناسییە جیاوازەکانی پێش خۆیان، بەرانبەر نەژادو ژیارە جیاوازەکانی پێشخۆیان و ئەمان براوەی ئەو جەنگە بوون، هەربۆیەش ئێستا نەریتی ئەوان زاڵە؛ کەچی کوشتارو جەنگی گەورەتر لەوانەی پێش خۆیان هەڵگیرساندووەو هەڵی دەگیرسێنن. کتێبی پیرۆزی هەردووکیان بەتاوانکار، فاسدو جەنگخواز تەماشای شارستانییەتەکانی پێش خۆیان دەکەن لەوانە شارستانییەتە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیاو میسر کەچی نووسراوە ئایینیەکانی ئەوان خاڵی بووە لەو جەنگخوازیی و تاوانکارییەی دواتر لەلایەن یەهوودی/ئیسلام دێتە ئاراوە.

لە نەرام-سینـی ئەکەدییەوە بەناو ئاشوورییەکاندا تاوەکو داریوشی یەکەمی ئەخامینییەکان بەدرێژایی زیاتر لەدوو هەزار ساڵ زنجیرەیەک گۆڕانکاری ریشەیی لەمیزۆپۆتامیادا لەبوارەکانی سیاسەت، ئابووری، کەلتوور، سەربازی روودەدات کەپێشتر لەکۆڕابردووی مرۆڤایەتییدا پێشینەو وێنەی نەبووە؛ سیاسەت و قەوارەی سیاسی بەرەو جەنگخوازی و ئیمپراتۆری دەبات؛ ئایینەکانیش بەرەو یەکتاپەرستی. (ئەمە بەدوورودرێژی و بەوردەکارییەوە لەنووسینی تردا باسم کردووە). ئەم نەریتە لەئیمپراتۆری-یەکتاپەرسی تاسەردەمی مۆدێرن درێژە دەکێشێت؛ لەسەردەمی مۆدێرنەوە و زیاتر لەناو ئاراستەکانی هزری رزگاریدا فۆرمی تر لەشێوەی ئەڵتەرناتیڤدا دەردەکەوێت. {ئەگەر وایە بۆچی ئیسلام/یەهوودی و دواجار رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناو ئەم ئاراستە مۆدێرنانەدا ناڕوات؟}

لەبەرئەوەی بەدوەرچەرخانەکانی نەرام-سین/داریوشی یەکەم لەناو یەزدانناسی ئیبراهیمیدا دەبێت بەنەریتی یەزدانی و دەڕواتە ناو کتێبی پیرۆزەوە. لەمێژووی دێریندا هیچ گەلێک هێندەی ئاشورییەکان کەدەکەونە نێوان مەودای نەرام-سین و داریوشی یەکەمەوە؛ تووندوتیژ نەبوون. لەگەڵ ئەو هەموو فۆرمە جیاوازەگەلەی توندووتیژی کەدژی نەیارەکانیان و هەندێ جاریش دژی خۆیان بەکاریان دەبرد؛ نەیان گواستەوە بۆ ناو میراتی ئایینی و نەبوو بەفەرمانی یەزدانی. ئەمەش بەهۆی شەریفی ئاشورییەکانەوە نەبوو بەڵکو بەهۆی ئایینی فرەخوداییی زاڵی ئەو سەردەمەوەوە بوو کە هەر بەبونیاد رێگەی بەو دەستوەردانە یەزدانناسییە نەدەدا.

یەهوودییەکان لەسنووری دەسەڵاتی خۆیان هەمان نەریتی ئاشوورییەکان هەڵدەگرنەوە. نەک وەک پاشاکانی ئاشوور لەدەقی ناپیرۆزو بیرئانیندا بینووسنەوە بەڵکو لەدەقی پیرۆزدا نووسراوەو پشتیوانی خواشی هەیە. بێگومان ئاشوورییەکانیش پشتیوانی خوا-ئاشووریان هەبووە بەڵام جیاوازییەکە ئەوە بوو، بۆ ئەوان تەنیا لەناو سیاسەتدا، لەناو دەقی نائایینی و بیرئانینی نووسراوەو نەریتی سیاسی و جەنگی بووە، نەوەک نەریتی پیرۆزی ئایینی و یەزدانی؛ واتە نەبووە بەبەشیك لەدەقی پیرۆزی پەرستگاکان و کاهینەکان بیخوێننەوەو بڕواتە ناو خەڵکەوە وەکوو باوەڕێکی ئایینی. یەهوودییەکان کردە قێزەونەکانی ئاشوورییەکان پیرۆز دەکەن و دەیکەن بەشەریعەت و دەقی پیرۆز.

لەناو ئیسلامیشدا هەمان شت لەپەیوەند بەکۆمەڵکوژی و نیگارشکێنی دووبارە دەبێتەوە؛ یان بەدەربڕینێکی نیگارشکێنی و کۆمەڵکوژی لەشێوەی ئەنفالدا لەئیسلامدا دووبارە دەبێتەوەو نەریتی (ئاشوری، یەهودی، ئەخامینی) هەڵدەگرنەوە. مەنسوور تەیفووری لەکتێبی «ڕەچەڵەکناسی ئەنفال»دا پەرە بەو تێزە دەدات کەکۆمەڵکووژی و تاڵانی لەفۆرمی «ئەنفال»دا بەخششێکە کە خودا تەنیا بۆ محەمەدی پەیامبەری حەلاڵ کردووەو بۆ پەیمابەرانی پێش ئەو قەدەغە بووە؛ خوێنەر بۆ وردەکاری تێزەکەی تەیفووری دەتوانێت بۆ کتێبەکەی بگەڕێتەوە. لێرەدا تێزەی تەیفووری بەشێوەیەکی تر راڤە دەکرێت تاوەکوو بەجیاوازییەکی بنەڕەتی نێوان تاڵانی و قڕکردنی یەهوودییەکان و ئەنفالی ئیسلام دەربکەوێت. یەهوودییەکان هەموو ئەو تاڵانی و قڕانەی کردوویانە لەناو سەرزەمینی بەڵێنپێدراوی یەهوەدا بووە کە لەڕێگەی پەیمانێکەوە بە ئیبراهیم و گەلەکەی بەخشیوە؛ واتە لەسنورێکی دیاریکراودا ئەمانە رووی داوە و بۆ ئەو دیوو ئەو سنورە نەپەڕیوونەتەوە. ئەنفال شتێکی زیاتر لەبەڵێنەکەی یەهوە بۆ ئیبراهیم؛ ئەنفال ماستەر پلانی داگیرکاری هەموو سەر زەوییە بەمەبەستی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکی جیهانی، تا ئێرە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ خەونی ئاشوورییەکان نییە کە بۆ یەکەمجار داریوشی ئەخامینی بەدی دەهێنێت؛ ئەوەی جیاوازی دەکات؛ ئەوەیە لەڕێگەی فەرمانی خوداوە کە لەقورئانی پیرۆزدا هاتووە بۆ هەمیشە وەکو مافێکی خودای بۆ فەرمانڕەوایانی ئیسلام بەشێوەیەکی هەمیشەیی جێگیر دەبێت. راستە داریوش لەبەردنووسەکانی بێستووندا ئەهورامەزدا وەکو پاڵپشتی خۆی دەبینێت؛ بەڵام نە داریوش پەیامبەرە و نە ئەو بەردنووسە بەشێکە لە ئەڤێستا؛ بۆیە شکڵی نەریتێکی پیرۆزی نەگۆڕی هەمیشەیی ئیمپراتۆری و کۆمەڵکوژی بەخۆیە ناگرێت کەهەموو فەرمانڕەوایەکی ئەخامینی و هەموو تاکێکی ئاسایی خەونی پێوە ببینێت. لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ یەهوودی جیاوازی ئەوەی هەیە؛ بۆ یەهوودییەکان ئیمپراتۆری پرس نییە تەنیا بەدەستهێنانی خاکی خۆیان و دامەزراندنی پاشایەتی یەهوود لەو خاکەدا پرسە. ئیسلام دەبێتە میراتگری سیاسی ئاشوورییەکان و ئەخامینییەکان و دەبێتە میراتگری یەزدانناسی یەهوودی/زەردەشتی. کەواتە ئەگەر پێناسەی ئەنفال بکەینەوە بەم جۆرەی لێدێت: ئەنفال ماستەر پلانی داگیرکاری هەموو سەر زەوییەو قڕکردن و کوشتنی هەموو ئەوانەی نیشتەجێی ناوین بەمەبەستی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکی جیهانی لەڕێگەی فەرمانی خوداوە کە لەڕێگەی قورئانەوە ئەبەدی بکرێتەوە بۆ هەموو فەرمانڕەواکانی تری ئیسلام.

ئەنفال، کوشتار و قڕکردن نەریتی یەهوودی/ئیسلامە کەئێستا بەسەر خۆیاندا تەقیوەتەوە و لەناوەوە خەریکە خۆیان وێران دەکات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێوە کردووە بە دۆزەخ. هەندێ جاریش لەناو ئیسلامییەکاندا خۆیاندا بەڕووی خۆیاندا دەتەقێتەوە وەک ئەوەی داعش بەرانبەر موسڵمانەکانی تر ئەنجامی داو هەروەها بەرانبەر نا-موسڵمانەکانی وەکو ئێزدی ئەنجامی دا. خەونێکی جیاواز لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەدەرەوەی خەونی ئەنفال و ئیمپراتۆری بۆ ژیانێکی ئازاد دەگەڕێت وەکوو پرۆژەی دەسەجەمی لەئێستادا لەناو کوردەکان و هاوپەیمانە کەمینەکانی کوردەکاندا لە رۆژئاڤا لەڕووداندایە وەکوو پرۆژە و خەون بەجیهانێکی باشترەوە وێڕای هەر رەخنەیەک شایەنی پشتگیرییە و بەناو ئەم هاوپشتییەدا دەتوانین باس لەکوژرانی هەزاران مرۆڤی بێگوناهی ئیسراییلی و فەلەستینی بکەین کە بەناحەق بۆ دوو پرۆژەی چەوت و ستەمکارانە خوێنییان دەڕژێت.

لەخوارەوە چەند ئایەتێک لەقورئان و پەیمانی کۆن دەهێمنەوە کە تێیدا کردەی کوشتن، کوشتار و ئەنفال تێیدا دەبێت فەرمانی یەزدانی و دەبێتە نەریتی پیرۆزیی هەمیشەیی. ئەمانە ئایەتەکانی پەیمانی کۆنن:

ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن(٣)، چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات(٤). بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن، قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوەو بتەکانیان بەئاگر بسووتێنن(٥). [دواوتار:٧]

ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کەوەک خۆتە بەنهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆو نە باوباپیرانت نەیانناسیوە(٦)،  لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن، لەمپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی(٧)، لەگەڵی ڕەزامەند مەبەو گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزەو بۆی دامەپۆشە(٨)، بەڵکو بەدڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لەکۆتاییدا دەستی هەموو گەل(٩). بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لەیەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لەخاکی میسر لەماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت(١٠). ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات(١١). ئەگەر سەبارەت بەیەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست(١٢)، کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوەو دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووەو دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون(١٣)، ئێوە لێی بکۆڵنەوەو بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە راستەو بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە(١٤)، ئەوا بەشمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایەو بەئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە (١٥). هەموو شتومەکەکانی لەگۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوەو هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە(١٦). {دواوتار:١٣}

یەزدان پێی فەرمووم: بڕوانە، ئەوا دەستم پێکرد سیحۆن و خاکەکەی بدەمە دەستت، ئێستا دەستپێبکەو دەست بەسەر خاکەکەیدا بگرە(٣١). کاتێک سیحۆن و هەموو سوپاکەی لە یەهەچ بۆ جەنگ لەدژمان هاتنە دەرەوە(٣٢)، یەزدانی پەروەردگارمان ئەوانی دا بەدەستمان و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی و هەموو سوپاکەی(٣٣). لەو کاتەدا هەموو شارۆچکەکانیمان گرت و لەهەموو شارۆچکەیەک پیاو و ژن و منداڵمان بەتەواوی قڕکرد، نەمانهێشت کەس دەرباز بێت(٣٤)، بەڵام ئاژەڵە ماڵییەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کردو دەستکەوتی شارۆچکەکانمان برد(٣٥). {دواتار: ٢}

یەزدانیش پێی فەرمووم، «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێدەکەیت کە بەسیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لەحەشبۆن فەرمانڕەوا بوو(٢) جا یەزدانی پەروەردگارمان، عۆگی پاشای باشان و هەموو سوپاکەی دایە دەستمان و لێمانداو نەمانهێشت کەس دەرباز بێت(٣). لەو کاتەشدا دەستمان بەسەر هەموو شارەکانیدا گرت. هیچ شارێک لەو شەست شارە نەمایەوە کە لێیان نەستێنین، واتا هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ شانشینی عۆگ لەباشان(٤). هەموو ئەو شارانە شوورابەند بوون بەشوورای بەرزو دەروازە و شمشیرەیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوندێکی زۆر شوورایان نەبوو(٥). جا بە تەواوی قڕمان کرد، وەک ئەوەی بە سیحۆنی پاشای حەشبۆنمان کرد، لەهەموو شارێکدا پیاوو ژن و منداڵەکانمان بەتەواوی قڕکرد(٦). بەڵام هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان و دەستکەوتی شارەکانیان بۆ خۆمان تاڵان کرد(٧). {دواوتار:٣}

کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنایە ئەو خاکەی کەدەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردابگرن و گەلانی زۆری لەبەردەمتان دەرکرد، حیتی و گرگاشی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، حەوت گەلی لەخۆتان مەزنترو بەهێزتر(١)، کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی دایە دەستتان و ئێوەش لێتان دان، دەبێت بەتەواوی قڕیان بکەن، پەیمانیان لەگەڵ مەبەستن و بەزەییتان پێیاندا نەیەتەوە(٢). [دواوتار:٧]

ئەمانەی لای خوارەوە ئایەتەکانی قورئانن:

ئهی ئهوانهی باوهڕتان هێناوه بجهنگن دژی ئهو بێباوهڕانهی کهلێتان نزیک دهبنهوهو با توندوتیژی و هێزو تواناتان تێدا بهدی بکهن، بشزانن بهڕاستی خودا یارو یاوهری پارێزکارانه{٩ ــــ ١٢٣}

ئەمجا ئەگەر گەیشتن بەوانەی بێباوەڕن ئەوە بدەن لەگەردنیان و بیانکوژن ھەتا کاتێك کوشتاری زۆریان لێدەکەن ئەمجا (دیلەکانیان) قایم ببەستەنەوە جا دواتر یان بەمنەت یان بە فیدیە وبریتی وەرگرتن (بەرەڵایان کەن)، تا جەنگ کۆتایی دێت بەنەمانی بت پەرستان، ئەوەیە فەرمانی خودا. ئەگەر خوا بیوویستایە خۆی تۆڵەی لێ دەسەندن بەڵام (فەرمانی پێدان بەجەنگ) تا بەیەکتری تاقیتان بکاتەوە، ئەو کەسانەش لە پێناو ڕێبازی خوادا کوژران ئەوە خوا ھەرگیز (پاداشتی) کردەوەکانیان وون ناکات {٤٧ ــــ ٤}

(باوەڕداران) جەنگ بکەن لەگەڵ بێباوەڕاندا ھەتا ئاژاوە (بێباوەڕی و بتپەرستی) نامێنێت و ئاین و ملکەچی ھەمووی بۆ خودا دەبێت و تا دەست لەبێباوەڕی هەڵدەگرن ئەوە بەڕاستی خودا بەھەر کردەوەیەک کە (بێباوەڕان) دەیکەن بینایە {٨ ــــ ٣٩}

(ئەوانە) نەفرەت لێکراون لەھەر کوێیەك بەر دەستت کەوتن بەدیل دەگیرێن و بەکوشتن دەکوژرێن {٣٣ ــــ ٦١}

بەڕاستی تۆڵەی ئەوانەی کەجەنگ و دوژمنایەتی دەکەن لەگەڵ خوداو پێغەمبەرەکەی داوە ھەوڵدەدەن لەزەویدا خراپە بڵاوبکەنەوە (ئەوە تۆڵەیان) ئەوەیە بکوژرێن یا ھەڵبواسرێن بەدارا یــان دەسـت و قاچیان ببڕدرێت بەپێچەوانەوە (ڕاسـت و چەپ) یان دوور بخرێنەوە لەووڵات ئەمە زەبونی و ئـابـڕوبردنیانە لەجیھاندا لەدواڕۆژیشدا بۆیان ھـەیــە ســزایـەکی گــەورە {٥ ــــ ٣٣}

جەنگ بکەن لەگەڵ ئەوانەی کەبڕوا ناھێنن بەخودا و بەڕۆژی دوایی و بەحەرامی دانانێن ئەوەی کەخوداو پێغەمبەرەکەی حەرامیان کردووە و مل کەچ ناکەن بۆ ئاینی راست و دروست (ئاینی ئیسلام) لەئەوانەی کتێبیان پێ بەخشراوە (مەبەست پێی گاور وجولەکەکانە) ھەتا باج و سەرانە دەدەن (بەدەوڵەتی ئیسلامی) بەدەستی خۆیان و بەملکەچی لەکاتێکدا ئەوان سەرشوڕو ریسوان {٩ ــــ ٢٩}

ئەوان ئاواتە خوازن ئێوەش بێباوەڕبن وەک چۆن خۆیان بێباوەڕ بوون تا ئێوەو ئەوان یەکسان بن کەواتە ئەوان بە دۆست و یارمەتیدەر ھەڵمەبژێرن ھەتا (پەشیمان دەبنەوەو) کۆچ دەکەن لەڕێی خودادا ئەمجا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕاو پشتیان ھەڵکرد ئەوە (بەدیل) بیانگرن و بیانکوژن لەھەر شوێنێک تووشیان بوون وە ھیچ دۆست و یارمەتیدەرێک لەوان ھەڵمەبژێرن [٤ــــ ٨٩]

(بیھێنەوە بیر) کاتێک کەپەروەردگارت نیگای نارد بۆ فریشتەکان (کە بەپێغەمبەر وباوەڕداران ڕابگەیەنن) کە بێگومان من (خودای گەورە) لەگەڵتانم دەی دڵی کەسانێک قایم و دامەزراوکەن کە باوەڕیان ھێناوە بەزوویی ترس و بیم دەخەمە دڵی ئەو کەسانەی کە بێباوەڕ بوون جا ئێوەش لەسەرووی گەردنیان بدەن (واتە: سەریان) وە لەھەموو سەر پەنجەکانیان بدەن (واتە لە ھەموو لاشەیان بدەن لەسەرەوە تا خوارەوە) {٨ ــــ ١٢}

ئەمجا کاتێک مانگە حەرامەکان (ژو القعدە ، ژو الحجە، محرم، رەجەب) تەواو بوون ئەوە ھاوبەش دانەرەکان بکوژن لەھەر شوێنێک دەستان کەوتن و (بە دیل) بیانگرن و ڕێگریان بکەن لەدەرچوون و بۆیان دانیشن لەھەموو جێگایەکی چاوەڕوانیدا جا ئەگەر پەشیمان بوونەوە و نوێژیان کرد و زەکاتیاندا ئەوە ڕێیان بەرەڵاکەن و وازیان لێ بھێنن بەڕاستی خودا لێبووردەو میھرەبانە {٩ ــــ ٥}

بەڵام ئەگەر سوێندو پەیمانەکەیان ھەڵوەشاندەوە پاش بەستنی پەیمانەکەیان و تەشەرو تانەیاندا لەئاینەکەتان ئەوە بجەنگن لەدژی پێشەوایانی بێباوەڕ بەڕاستی ئەوانە ھیچ جۆرە پەیمانێکیان نیە بەڵکو کۆتایی بھێنن (بە بێباوەڕی) {٩ ــــ ١٢}

بیان کوژن (کافران) لەھەر شوێنێ دەستتان کەوتن و زاڵ بوون بەسەریاندا و دەریان بکەن لەو شوێنانەی کەئێوەیان لێ دەرکردوە لادان لەڕێی یەکتاپەرستی خوای گەورە لە خەڵک کوشتن سەخت و گەورەترە جەنگیان لەگەڵ مەکەن لەلای مزگەوتی کەعبەدا تا ئەوان لەوێدا نەجەنگن لەگەڵتان دا ئەمجا ئەگەر جەنگین لەگەڵتاندا ئێوەش بجەنگن لەگەڵیاندا ئەمەیە تۆڵەی بێ بڕوایان {٢ــــ ١٩١}.

 

*سەرنووسەری گۆڤاری فر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار