پزیشکەکان هیوایان بە بەئاگاهاتنەوەی ئارمیتا گراوەند نەماوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و دەرەوەی ئێران دەڵێن، پزیشکەکانی نەخۆشخانەی فەجر، ڕایانگەیاندووە ئارمیتا گراوەند مێشکی مردووەو هیوایەک نییە بەوەی بە ئاگا بێتەوەو هێشتنەوە لە ژێر ئامێرەکاندا بێهوودەیە.

رۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی  حکوومی "برنا" هەواڵێکی لەمبارەوە بڵاو کردەوەو رایگەیاند ئارمیتا گراوەند مێشکی مردووەو دوای چەند خولەکێک هەواڵەکەی سڕییەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا هاوڵاتی پەیوەندی بە کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی گراوەندەوە کرد و ئەم کەسە وتی :" تا ئیستەش هیچ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە ئارمیتا لە نەخۆشخانە ببینن. تەنانەت باوکیشی نەیتوانیوە بیبینێت. دایکی ئارمیتا گراوەند چەند رۆژ لەوە پێش دەستبەسەر کراو هەڕەشەیان لێکردووە نابێ هیچ شتێک دەربارەی کچەکەی بە ڕۆژنامەنوسان بڵێت".

ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەک لە میدیا حکوومییەکان، لە زاری دایک و باوکی ئارمیتا گراوەندەوە رایانگەیاندووە ئەوان هەر کات بیانەوێت ئەتوانن کچەکەیان ببینن و تەنانەت هەواڵی دەستگیرکردنی شەهێن ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گراوەندیان بە ناڕاست زانیوە.

ئەم کەسە کە نزیکە لە بنەماڵەی گراوەند بە هاوڵاتی وت:" ئەو قسانەی لە زمانی دایک و باوکی ئارمیتاوە لە ماڵپەڕە حکوومییەکان بڵاو کراوەتەوە دوورە لە راستی و دایک و باوکیان ترساندووە و ناچاریان کردوون بەو شێوەیە قسە بکەن".

ئارمیتا گراوەند، کچە کوردی کرماشانی تەمەن ١٦ ساڵ، رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وێڕای دوو هاوڕێی لە کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، بە هۆی لابردنی حیجابەکەیەوە، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە مێترۆی تاران توندووتیژی بەرامبەر کرا، ئەو گەنجە ١٢ رۆژە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

حکوومەت هەر لە یەکەم ساتەکانەوە رایگەیاند کە ئارمیتا بوراوەتەوەو پۆلیسی ئەخلاق لەو شوێنە نەبووە. هەروەها دایک و باوکی ئارمیتا هێنرانە بەردەم کامێرا و رایانگەیاند کچەکەیان بە سروشتی بوراوەتەوەو دەستی پۆلیسی ئەخلاقی تێدا نییە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار