ئیسرائیل: گەمارۆی سەر غەززە هەڵناگرین هەتا بارمتەکان ئازاد نەکرێن

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، گەمارۆی سەر غەززە هەڵناگرن هەتا حەماس هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکات، رێکخراوی مانگی سوریش دەڵێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەو گەمارۆیە هەڵنەگیرێت، نەخۆشخانەکانی غەززە دەبنە "مەیتخانە."

ماوەی سێ رۆژە ئیسرائیل بەتەواوی خواردن، ئاو، کارەبا و سوتەمەنی لە کەرتی غەززە گرتووەتەوە کە شوێنی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، ئەمەش دوای ئەوەی کە بزوتنەوەی حەماس هیرشێکی گەورەی کردە سەر ئیسرائیل و بەپێی دواین ئامارەکان، هەزار و 300 کەس کوژراون و سێ هەزار و 200 کەسی تریش لە ئسیرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بزوتنەوەی حەماس 100 بارمتەی لەژێر دەستایە.

لەدوای هێرشەکە، ئیسرائیل بۆردومانێکی چری دەستپێرکردووە کە لەماوەی ململانێی 75 ساڵەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بوونی نەبووە و چەندین ناوچەی غەززە بەتەواوی وێران بوون. بەهۆی ئەم بۆردومانە چڕانەوە، هەزار و 417 کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزاری تریش لە فەڵەستین برینداربوون. 

بەهۆی زۆری بریندارەکانەوە، فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوبەری هەرێمی رێکخراوی مانگی سور دەڵێت، "بەبێ کارەبا، مەترسی ئەوە هەیە  نەخۆشخانەکان ببنە مەیتخانە." رێکخراوەکە هۆشداری ئەوەیداوە کە مۆلیدەی نەخۆشخانەکان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سووتەمەنییان نامێنێت.

لەسەر ئەم هۆشدارییە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "هاوکری مرۆیی بۆ غەززە؟ هیچ سویچپلاکێکی کارەبا هەڵناکرێت، هیچ بۆرییەکی ئاو ناکرێتەوە و هیچ بارهەڵگرێکی سووتەمەنی ناچێتە نێو غەززەوە هەتا بارمتە ئیسرائیلییەکان دەگەڕێنەوە نیشتمان، هاوکاری مرۆیی بەرامبەر هاوکاری مرۆیی، ئیتر نابێت کەس وانەی ئەخلاقمان پێ بدات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار