بۆ کاربەدەستانی ئیسرائیل

یەک ساڵ لەمەوپێش



حەکیم عەبدولکەریم

زۆر خەمبارم بەو تراژیدیایەی کە بەسەر گەلی جوولەکەو گەلی عەرەبدا دێت. وەکو کوردێک نامۆ نیم بەدیمەنی ئەو کوشت و کوشتارە. چونکە لەههڵهبجهو لەشەنگال، لەکۆبانی و لەعەفرین، لەجهزیرهو نوسەیبین هەمان شت بەسەر گەلی کوردیشدا هاتووە. هەربۆیە تاکە نەتەوەیەک کە لەناخەوە هەست بەئێش و ئازاری گەلی فەلەستین و گەلی جوولەکە بکات، نەتەوەی کوردە. دیمەنی راکردنی جوولەکەکان لەدەست چەکدارەکانی حەماس، شەنگال و عەفرینمان بیردەهێنێتەوە، سەرێکانیم بیردەهێنێتەوە. ئەو کاتەی کەکورد لەدەست ئەو کەسانەی کەهەمان دروشمی ‹ اللە اکبر»یان دەگوتەوە هەڵدەهاتن.

ئێستا هەموو کەسێک بیر لەوەدەکاتەوە ئاخۆ چارەسەر چییە؟ ئەم خوێنەی لەجەستەی رۆژهەڵاتی ناوین دەچۆڕێت چۆن رادەوەستێت. با سەرەتا ئەوە بڵێم، ئەوەی کەئێستا بیری لێدەکەنەوە چارەسەر نییە. خوێن بەخوێن راناوەستێت. حەزرەتی موسا دەفەرموێت: مەکوژە. چەندەش کوشت و کوشتار بکەن، ئەنجام پاش پەنجا ساڵی دیش هەمان شت دەبێت. چونکە ئەم پرسە سەرچاوەی مێژوویی هەیە، هەم لەکاتی دەرکەوتنی ئایینە ئاسمانییەکانەوە سەرچاوەی گرتووەو هەم لەکاتی دەرکەوتنی ئایینی سەردەمی نوێ کە پارەو لیبرالیزم و مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەو سەپاندنیانه بەسەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناویندا. گەلی جوولەکە هەروەکو چۆن داهێنەری یەکەم ئایینی ئاسمانییە، بەهەمان شێوە داهێنەری یەکەم ئایینی سەردەمی نوێ واتە پارەو لیبڕالیزمە. کارەسات ئەوکاتە روویدا کەهەردوو ئەم ئایینانە کە لەکاتی خۆیاندا سیمبۆلی ئازادیخوازی بوون پاشان ئاوێتەی چەمکی دەسەڵات بوون و ویستیان راستەوخۆ ببن بەدەسەڵات. هەربۆیە لەبەرامبەر هەموو ئازادیخوازان و گەلانی بندەست وەستانەوە. ئەمە هەم لەدژی پرنسیپهكانی حەزرەتی موسایەو هەم لەدژی فکری رۆشبیرە جوولەکە ئازادیخوازەکانی  سەردەمی نوێیه.

بەداخەوە ئەوانەی کەپاش حەزرەتی موسا بوون بەدەمڕاستی ئایینی جوولەکە لەبری ئەوەی ئازادیخوازی هەڵبژێرن، دەسەڵاتخوازییان هەڵبژاردو لەم پێناوەدا زۆر ستەمکارییان کرد. رووی دەمم لەجوولەکە دەوڵەتپارێزو دەسەڵاتخوازەکانە، نەک جوولەکە ئازادیخوازەکان. ئێوە لەسەردەمی کۆندا عیساتان رادەستی دەسەڵاتدارانی رۆما کرد، لەسەردەمی نوێشدا ئۆجەلانتان رادەستی دەسەڵاتدارانی بیزانس (کۆنستانیتنپۆلیس) کرد. لەسەردەمی کۆندا عیساتان لە رۆما لەخاچدا، لەسەردەمی نوێشدا ئۆجەلانتان لەئیمرالی لەخاچدا. نە لەخاچدانی عیسا توانی گەلی جوولەکە بپارێزێت، نەش لەخاچدانی ئۆجەلان مەترسییەکانی سەر جوولەکە بڕەوێنێتەوە. من نازانم ئێوە بۆچی هێندە لەدژی ئۆجەلان وەستانەوە؟ ئەو هاونیشمانی حەزرەتی ئیبراهیمە، خەڵکی ئۆرفایە، تاوانەکەی ئەوە بوو کە بتی تورکە فاشیستەکانی شکاند.  لەجیاتی ئەوەی پشتگیری بکەن، دەستان دایە دەستی گورگە بۆرەکان  و ئەوتان خستە ناو ئاگر. ئۆجەلانیش وەکو حەزرەتی موسا هیجرەتی کرد، پەنای هاوردە وڵاتی کەنعان بۆ ئەوەی لەوێوە شەڕی ئازادی گەلە بندەستەکەی بکات، ئێوە نە لەبیلاد کەنعاندا جێتان بۆ هێشتەوەو نە لەبیلادی شام. دراوسێی ئێوە بوو لەدۆڵی بیقاع، لەوێ دەرتانکرد. رووی کردە شام، لەوێش دەرتان کرد. هەوروەکو چۆن حەزرەتی موسا لەکەنارێکی ئارام دەگەڕا بۆ گەلەکەی، ئۆجەلانیش باری گرانی گەلەکەی گرتبووە سەرشان و لهدونیادا دەگەڕا بۆ ئەوەی چارەسەرییەک بدۆزێتەوە، بەڕێگەی هەمان خوداوەندەکانی رۆم و یۆنانەوە گەلەکۆمەتان لێکردو رادەستی جەلادەکانی کۆنستانتینپۆلیستان(بیزانس) کردەوە. ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاندبوو و کیشوەر بەکیشوەر بەدوای چارەسەری ئاشتییانەدا دەگەڕا، بەمیوانداری دەڕۆیشت بۆ لای ماندێلا، بەڵام ئێوە ئەوتان رادەستی ئاپارتایدی تورک کردەوە. واتە لەکەسایەتی ئۆجەلاندا ئێوە خیانەتتان لەمێژوو و لەئایینی خۆشتان کرد.

لەبواری سیاسیشدا هەڵەتان کرد. ئۆجەلانتان لەخاچداو هەوسارەکەی نەمروودی زەمان- ئەردۆغانتان کردەوە. ئەو ئەردۆغانەی کەدۆست و پەناگای داعش و حەماسە. رێگەتان بۆ ئەردۆغان کردەوە کە لەشەنگال و لەعەفرین نیشتمانی کوردان داگیربکات و چەکداری داعش و چەکداری حەماسیان تیا نیشتەجێ بکات. ئێستا لۆمە لەکێ دەکەن؟ ئەوەی کەئێستا بەسەر گەلی جوولەکەو گەلی فەلەستیندا دێت، بەرهەمی سیاسەتی خۆتانە. ئۆجەلانتان لەئیمرالی لەخاچداو فەرماندەکانی حەماسیشتان ناردە ئەستەمبۆڵ (بیزانس) تا  لەباوەشی ئەردۆغان و لەڤێلاکانی ئەستەمبۆڵ خەریکی داڕشتنی پلانی کۆمەڵکوژی جوولەکە بن. خودکردە را تدبیر نیست.

کاتی ئەوە نەهاتووە کە رەچاوی ئەم سیاسەتە بکەنەوە؟ تاکەی دەتانەوێت گەلی کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆتان؟ بۆ دەست لەپشتیوانیکردنی ئەردۆغان هەڵناگرن؟ ئەوەتا ئەمڕۆ  ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتییە دژ بەئۆجەلان. کلیلی چارەسەری کێشەی ئیسرائیل-فەلەستین، چارەسەری کێشەی کوردە.  تاگەلی کورد ئازاد نەبێت، تا لەکوردستاندا ئاشتی بەرقەرار نەبێت، لەهیچ شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوین ئاشتی بەرقەرار نابێت.  کاتی ئەوە هاتووە کە ئۆجەلان ئازاد بکەن، چونکە ئەو ناونیشانی ئاشتی و چارەسەرییە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوین. مەڵێن زەحمەتە، هێندەی گرتن و رفاندنەکەی زەحمەت نییە. خۆتان رفاندتان و زیندانیتان کرد، خۆشتان دەتوانن ئازادی بکەن.

چارەسەری کێشەکەی ئێوە لای ئەو کەسەیە کە ٢٥ ساڵ لەمەوپێش لەخاچتاندا. بەرگی دووەم و سێهەمی پارێزنامەکەی (سۆسیۆلۆژیای ئازادی) بخوێننەوە، چارەسەری کێشەی ئیسرائیل- فەلەستین لەوێدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار