ئیسرائیل چەند کاتژمێرێکی کەمی داناوە تا خەڵکی غەززە خۆیان رزگار بکەن؛ بەنیازی ئۆپەراسیۆنی زەمینییە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سوپای ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ دانیشتوانی باکوری غەززە کە بەزوترین کات شوێنی خۆیان بەرەو باشور چۆڵ بکەن و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوەی ئیسرائیل داوای دەکات "مەحاڵە" و لەوکاتە کەمەدا ئەو هەموو خەڵکە رزگار ناکرێت. 

ئەمرۆ هەیینی 13ی تشرینی یەکەمی 2023 میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی بەنیازی ئۆپەراسیۆنی زەمینییە داوای لە دانیشتوانی باکوری غەززە کردووە کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 100 هەزار کەسە ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوری شارەکە بڕۆن "بۆ سەلامەتی خۆیان." 

بەپێێ ئاگادارکردنەوەکە تا ئێستا 16 کاتژمیر لەو وادەیە رۆشتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت رزگارکردنی ئەو هەموو خەڵکە لەو کاتە کەمەدا "مەحاڵە" و ناکرێت بۆیە دەیەوێت، ئەو فەرمانەی سوپای ئیسرائیل کردوویەتی "بیکشێنێتەوە" بەهۆی ئەوەی ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا "دەرئەنجامێکی وێرانکەری مرۆیی" دروست دەبێت.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت داواکارییەکەی بۆ کەمکردنەوەی زیانی هاوڵاتی مەدەنییە و داواکەی نەتەوە یەگرتووەکانیشی بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد. 

هاوکات بزوتنەوەی حەماس بە خەڵکی باکوری غەززەی راگەیاندووە ناوچەکە چۆڵ نەکەن چونکە ئەمە هەوڵێکی ئیسرائیلە لە "پڕوپاگەندەی ساختە."

ماوەی هەفتەیەکە شەڕی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە و تا ئێستا هەزار و 300 کەس لە ئیسرائیل و هەزار و 557 کەسیش لە فەڵەستین کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار