فەڵەستینییەکان چییان دەوێت؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوار محەممەد - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فرە
ماوەی زیاتر لەبیست ساڵە ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و بۆ خوڵقاندنی دیفاکتۆ، پرۆژەی زۆرو زەبەندی نیشتەجێبوونی لەنزیکی ناوچە فەڵەستینییەکان و بەتایبەتی لەپشتێنەی کەرتی غەززە دەستپێکردووەو لەمەشدا تا بێ زیاتر لەسنووری خاکەکانی ئەوان نزیک دەبێتەوە، تەنانەت دەستی بۆ هەندێ ناوچەی خۆڵەمێشیش بردووە. لەپاڵ ئەم پرۆژانەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل لەمێژووی خۆیدا هیچ مانگێکی بەبێ ستەم و سەرکوتی فەڵەستینییەکان بەڕێ نەکردووە، تانەنەت لەو مێژووەدا سەدانجار رەفتاری رەگەزپەرستانەی هەبووە و وەک «گەلی هەڵبژێردراو» مامەڵەی کردووە، بەهەرچى چەكى قەدەغەكراو هەیە كەرتى غەززەى بۆمباران كردووە. لەبەرامبەردا فەڵەستینییەکان، لەدواکەوتن و فەقرێکی گەورەی کولتووریدا، بوون بەماشێنی منداڵخستنەوەو بەکوشتدانیان، تا ئەوەی کەرتی غەززە لەچڕترین ناوچەکانی نیشتەجێبوون بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەوێ دەمێ ساڵە ئیخوانەكانى حەماس باڵادەستن و جۆرێک بەرپەرچدانەوەیان پێكهێناوە ناویان ناوە «بەرەنگاری» (مقاوەمە) بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم مقاوەمەی فەڵەستین دەچێتە خانەی چ جۆرە بەرەنگارییەکەوە؟ لەژێر چ مۆدێلێکی بەرەنگاریدا پۆلێن دەبێت، خۆ ئەگەر پۆلێن نابێت، ئەی کەوایە ئامانجی چییە؟ یان لەپێناو چیدایە؟ دەستەواژەی «هێزە داگیرکەرەکان» (القوت الاحتلال) كە دنیاى عەرەبى بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا زۆر بەكارى دەهێنێت، بەواتەی ئەوەیە ئەو بەرەنگارییەی هەیە بۆ دەرکردنی ئەو هێزە داگیرکەرانەیە لەسەر خاکێک کە هی خۆیان نییە و هی ئەو نەتەوەیە وا دەیەوێت خاکەکەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە زاڵترین مۆدێلی بەرەنگاریی بوو لەسەدەی بیستدا دژ بەهێزە ئیمپریالیستەکان و تەنانەت دژ بەهێزە کۆلۆنیالییە ناوخۆییەکان، وەک تێکۆشانی کورد لەعێراقدا دژ بەدەوڵەتی کۆلۆنیالیستیی ناوخۆیی (هەڵبەت ئەم تیۆرە هەندێ کێشەی هەیە، لەوانە بەشێکی ئەم دەوڵەتانە خۆیان پۆست-کۆلۆنیالیستی بوون، بەڵام ئێرە جێی مشتومڕکردنی ئەم پرسە نییە). بەگشتی ئەمە جۆرێک خەباتی ناسیۆنالیستی بوو کەناونراوە «خەباتی رزگارییخوازیی نەتەوەیی». ئەم جۆرە خەباتە پتر یەک ئاماجی هەبووە: دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە بۆ نەتەوەی داگیرکراو (پەکەکە لەم ساڵانەی دواییدا کەمێک لەفۆڕمی ئامانجەکەی دەستکاریی دەکات کە پێموایە گرنگترین دەستکارییەکە لەمێژووی گۆڕانە ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیەدا). ئەو دەوڵەتەی کەدادەمەزرێت گوایە خاوەنی «سەروەری» خۆیەتی کەوەک قەڵغان دەیپارێزێت لە دەستدرێژی و هێرشی هێزە داگیرکەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان (گەرچی لەسەد ساڵی رابردووە هیچ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی پارێزراوو دەوڵەتی دیموکراسیی ناستەمگەر دانەمەزراوە).
ئێستا ئاخۆ بەرەنگاریی فەڵەستینییەکان بەم سکێچەدا دەناسرێتەوە؟ ئاخۆ خەباتی رزگارییخوازیی نەتەوەییە؟ زۆر ئاسانە بە نەخێر وەڵام بدەینەوە. بژاردەى دوو دەوڵەت كە لەساڵانى پێش جەنگى عەرەب-ئیسرائیل خرابووە بەردەست، ئیسرائیل پێى ڕەزامەند و «عەرەب» پێى ڕازاى نەبوو، دواى جەنگەكە عەرەب پێى ڕازى و ئیسرائیل ناڕەزامەند بوو، لەم ڕۆژانەدا دیسانیش لەلایەن رووسیاوە جەختى لێ كرایەوە. بەڵام راستییەكەى ئەوەیە لەو كاتەوەى حەماس و ئیسلامیزم لەپرسى «مقاوەمەت»ـدا بەڕەیان لەژێر پێى بزووتنەوەى «فەتح» دەرهێنا كە ناسیۆنالیستترە، ئەوا چیتر دامەزراندنى «دەوڵەت» ئامانجى فەلەستنییەكان نییە؛ تەنانەت ئێستا گەر ئیسرائیلیش پێى رازی بێت، حەماس و ئیسلامییەكان پێى رازى نابن و دەستەبەریى ئەمنى بەئیسرائیل نادەن. ئیخوانییەكان دۆزى فەلەستین وەك «دۆزێكى نەتەوەیى»، كە سەر بەكێشەكانى جیهانى مۆدێرنەیە، لێك نادەنەوە، ئەوان وەك ململانێیەكى تیۆلۆژى كەڕیشەكانى تا سەردەمى دەوڵەتى پاشایەتى دێرینى جووەكان درێژ دەبێتەوە، دەیخەنەڕوو، ململانێكە لاى ئەوان لەنێوان دوو ئاییندایە، لەسەر خاكێك نییە كە وەك خاكى نەتەوە و نیشتمانى دایك خۆشەویستە، لەسەر شوێنێكە كە وەك ماڵى خودا پیرۆزە. بەڵام ئەمە فریوومان دەدات گەر ئەوە نەبینین كەهاوكات لایەنێكى تەواو پۆست-ڕزگارییخوازى لەستراتیژى حەماس (و ئیخوان بەگشتى)دا هەیە، ئەویش هەژموونى ئیسلامیزمە لەسەر كۆمەڵگەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لەدوورمەودادا لەسەر جیهانیش. ئەمەیان نە خەباتى ئینتەرناسیۆنالیستى سەروو-نەتەوەییە، نە پرۆژەیەكى ئاشتەواییە بەگوێرەى دامەزراندنى بەڕێوەبردنێكى سیاسیى فرەنەتەوە كە ئۆجالان ناوى دەنێت «نەتەوەى دیموكراسى». بەدەربڕینێكى تر، خەونى ئیسلامگەراى حەماس نە هاوپشتییەكى ئینتەرناسیۆنالیییە، نە پێكەوەژیانێكى فرەناسیۆنالى؛ بەڵكو هەژموونى ئیسلامیزمە، نەك وەك ئایینى ئیسلام و موسوڵمانان، بەڵكو لەو ڤێرژنەیدا كە لەسەردەمى رابوونى ئیسلامییەوە بەرەبەرە شێوەى گرتووە. جەوهەریترین ئامانجى ئەم بەرییانە ئیسلامیستانە دژایەتیكردنى «كولتوورى مۆدێرن»ـە، لەهەموو ئاستەكاندا، لەوانە دژایەتى عەلمانییەت، دیموكراسى، ئازادى، دنیاییبوون، نەتەوەگەرایى، سۆسیالیزم، مافەكانى مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە مرۆییانەى كە بە «نا-شەرعى» وەسف دەكرێن. ئەم دژایەتییەى مۆدێرنە گوایە دەتوانێت «ئوممەتى ئیسلام» هەستێنێتەوە سەر پێ. چەمكى ئوممەت سەر بە پارادایمى «خەلافەت»ـە و «سەر بە پارادایمى «دەوڵەت» نییە كە چوارچێوەى سیاسییە بۆ «نەتەوە». «خەلافەت» واتە نیشتەجێبوون، واتە خەلیفەى خودا لەسەر زەوى؛ ئەوەى كە لە «ماڵى خودا»دا نیشتەجێیە: قودس یان كۆى خاكى فەڵەستین. لەبەرئەمەیە ئیسماعیل هەنییە وتى كە ئەم باهۆزە بۆ بەرگریكردنە لەقودس و مزگەوتى ئەقصا؛ هەر لەبەرئەمەیش ئیسلامییەكان هەوڵ دەدەن ئیسرائیل نەك وەك دەوڵەتێكى مۆدێرنى عەلمانى، بەڵكو وەك كیانێكى یەهودیى تیۆلۆژى، بخەنە بەرچاو. بەڵام هەموو بەرییانە ئیسلامییەكان، بە سەلەفییەكانیشەوە، دەزانن كەدووبارەكردنەوەى «خەلافەت» وەك خۆى، وەك سەردەمى بەرایى ئیسلام و وەك سەردەمى خولەفا، مومكین نییە؛ چونكە پارادیمى ئێستا هیچ هەلومەرجێكى بۆ وەها دووبارەكردنەوەیەك تێدا نییە (تەنانەت ئێرانیش كۆمارى ئیسلامییە نەك خەلافەتى ئیسلامى)، كەواتە ئامانجەكە دەبێت داگیركردنى فەزاى گشتى، فۆرمولەكردنەوەى كایەى كۆمەڵایەتیى كۆمەڵگەكان، لە دۆخە پەڕگیرەكانیشدا دروستكردنى نا-ئارامى بەردەوام لەشێوەى تیرۆردا. تیرۆر چونكە ئەمەى هەیە ناچێتە خانەى «خەبات»ـەوە، خەبات چەمكێكە لە پارادایمى بزووتنەوە ناسیۆنالى و ئینتەرناسیۆنالییەكاندا، بە بزووتنەوە گەریلایى و میكرۆكانیشەوە، كار دەكات، بەڵام بۆ بزووتنەوەى حەماس، كە هیچ یەك لەمانە نییە، ناگونجێت. لەبرى ئەمە جووڵەى بزووتنەوەكەش «شۆڕش» نییە؛ كە ئەمیش هەر لەنێو هەمان پارادایمدایە؛ ئەوەى ئیسلامیزم دەیكات نە خەباتە و نە شۆڕشە، «جیهاد»ە بەڵام هەمان جیهادى مێو مێژووى ئیسلامیش نییە چونكە لەغیابى پارادیمەكەیدایە؛ واتە هیچ یەك لەڕەگەزەكانى دیكە كە جیهاد لەگەڵیاندا لەپەیوەندیدایە، لەگۆڕێدا نین: نە ئوممەت، نە خەلیفە، نە بەیعەت، نە «فوورس و ڕۆم» (ئێستا فوورس خۆى دۆستى جیهادیستەكانە)، نە ویلایەت و وەلى، نە ئەمارەت و ئەمیر و نە شوراو بەیتولمال و هتد. بەڵام لەنێو فەرهەنگى زاراوەیى ئیسلامیستەكاندا هەر هەن و زیندوون، بۆیە چەمكەكانى وەكو جیهاد، ئەمیر، عززەتى ئوممە و غەنیمەت و هتد، زاراوەكانى وەكو «الحمدلله، جزاك اللە خیرا، تەكبیر، الله اكبر و ...هتد) هەر بەكاردەهێنرێن كە پێكڕا بارگاوییكردنى زمانى گشتە بە زاراوەكانى خۆت تاوەكو هەژموون لەسەر زمان بكەیت، كە بە واتاى هەژموونكردنە لەسەر سیستەمى كۆمەڵایەتى، لەسەر پەیوەندییەكان. داعش هەولێك بوو بۆ دروستكردنەوەى ئەم ڕەگەزانە لەنێو گشتێكى پێكەوەبەستراودا، بەڵام سەرى نەگرت و مەحاڵیشە سەر بگرێت. كەواتە ئەوپەرى ئەوەى لە ئاستى سیاسیدا دەكرێت خەلافەتە لەڕووبەرە تەواو بچووكەكانى حزبێك، شارێك، «جەماعە»یەكدا كە ناتوانێت بەیعەتى گروپێكى ترى دراوسێ وەربگرێت؛ یان هەندێك پەلامارو هێرشە بۆ سەر دەوڵەتانى وەكو ئیسرائیل و دەوڵەتە عەلمانییەكان و بە گوتەى خۆیشیان ئەم دۆخەى فەلەستین تا قیامەت بەردەم دەبێت.
فەڵەسینییەكان نە «ئوممەت»ـیان پێ زیندوو دەكرێتەوە (خەلافەت) نە دەوڵەتیشیان دەوێت (لیبراڵیزم)، نە لایەنگرى دەوڵەتێكى سەروو-نەتەوەیى/ئینتەرناسیۆنالین (كۆمۆنیزم)، نە ئامانجیان بەڕێوەبردنێكى فرەنەتەوەشە (نەتەوەى ئازاد)؛ ئەوان ئێستا كە ئیسلامیزم دۆزەكەیان دەنوێنێتەوە، قورسە وەك دۆزى «نەتەوەیەكى ستەملێكراو» (كە هەر بەڕاستى ئیسرائیل ستەمى گەورەى لێ كردوون) كە بۆ سەربەخۆیى خۆى «خەبات» دەكات، مامەڵەى لەگەڵ بكرێت؛ لەبەرئەمە دەوڵەتى نەتەوەش نە چارەسەرى كێشەكەیان دەكات و نە حەماسیش بەشێوەیەكى راستەقینە پێى رازى دەبێت. ساویلكەیى ئەوەیە ئەم دۆخەى فەڵەستینییەك، كە لەدواكەوتنى كولتووریدایە و شوناسێكى سیاسیى وەك دەوڵەتیشى نییە، بخرێتە ملى رۆشنبیران و هەموو ئەو چالاكان و ئازادییخوازانەى جیهان كە لەساڵانى حەفتاو هەشتاكاندا پاڵپشتییان لە فەڵەستینییەكان كردووە. فەڵەستین شایەنى پاڵپشتییە بەرامبەر دەستدرێژیى دەوڵەتى ئیسرائیل، بەڵام بئەو كاتە ئەم پاڵپشتییە گەورەو كاریگەر دەبێت كە كۆمەڵگەى فەلەستینى مەودایەك لەنێوان خۆى و ئیسلامیزمى حەماسدا دابنێت (لەهونەردا، بە تایبەتى لە موزیك و گۆرانیدا، هەوڵێكى لەم جۆرە دراوە). بەرگرییكردن لەخەڵكى ئیسرائیلیش، لە جووەكان كە ئازارى گەورەى مێژوویان بینیووە، لەو هاووڵاتییانەى دوێنێ بەشێوەیەكى وەحشیگەرانە پەلاماردران و ئەتك كران و بەدیل گیران (دیسان غەنیمەت رەنگە دواجار بەناچارى لەژێر چەمكى بارمتەدا بتوێتەوە)، ئەركى هەر كەسێكى عەدالەتخوازە، بەڵام بەمەرجێك كۆمەڵگەى ئیسرائیل خۆى لەگەڵ كردەوەكانى دەوڵەتى ئیسرائیلدا هاوشوناس نەكات. لەڕاستیدا لەكۆمەڵگەى ئیسرائیلدا هەر لە پێشترەوە مەودایەك وەرگیراوە، خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتى لە فەلەستنییەكان دژ بەدەوڵەتەكەى خۆیان چەندجارێك بەڕێوەچووە، دەیان بیرمەندو هونەرمەندو نووسەر (هەر لە هاننا ئارێنت و لێڤیناس و دێریداوە تاوەكوو ئێستا)، چەندین رێكخراو و گروپیان بەمومارەسەكانى دەوڵەت رازى نەبوون و نین، بەڵام ئەگەر كۆمەڵگەى فەڵەستینى (بەهەر هۆكارێك) نەیتوانیووە وەها مەودایەك لەهێزە نوێنەرەكانى وەربگرێت، ئەوا ئیدى هەر پشتیوانییەك لەفەڵەستین بە واتاى پشتیوانییە لەحەماس و ئیسلامیزم دواجار لەبەرژەوەندییەكانى ئێران-توركیا، كەخۆیان هۆكارى بەشێكى ماڵوێرانى و داماویى كولتوورى فەڵەستینییەكانن؛ هەر بۆ نموونە: حكومەتەكەى ناتانیاهۆ لەقەیرانى گەورەدا بوو، لەهەموو لایەكەوە پێشبینیى داڕمان و ئاڵۆزیى دەكرا؛ حەماس ژیانى كردەوە بە بەریداو بووەوە بەئەڵقەى پێكەوەبەستنەوەى هێزە ناكۆكەكان بۆ وێرانكارییەكى ئێجگار قورس كە بەسەر كەرتى غەززەدا دێت.