ئامون یا ئامین

7 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

ئوستورەناسی میسر کەیەکێک لەدەوڵەمەندترین و گرنگترینی ئوستورەکانی جیهانە، زیاتر لە دوو هەزار خوای جیاواز لەخۆدەگرێت، بەپلەوپایەی جیاوازەوەو ئامون یەکێکە لەدیارترینیان. ئامون (بەئامین؛ ئامن و ئامون-رۆ ناسراوە) خوای باو هەتاو. یەکێک بووە لەهەشت خوا بەراییەکەی میسرییە دێرینەکان (بەپێی ئوستورەناسی پەیدابوونی هێرمۆپۆلیت). رۆڵی ئامون بەدرێژایی سەدەکان گۆڕاوەو پلەی جیاوازی وەرگرتووەو سەرەتا وەکو خوایەکی ناوچەیی لەدوو هەزارو ٣٠٠ پێش زایین دەردەکەوێت، بەڵام بەفەرمی لەدەوروبەری سەرەتاکانی سەردەمی شانشینی نوێ (١٥٧٠-١٠٦٩ پێش زایین)دا لەشاری تێبس وەکو خوایەکی نەتەوەیی دەردەکەوێت. نەک تەنها ئامون خۆی بەڵکو پەرستەکەیشی تاماوەیەکی زۆر بەهێزترین و گرنگترین دەبێت.

ئامون لەشێوەی پیاوێکی ریشن کەشاپەڕی بەسەرەوەیە یاخود پیاوێک بەسەروو کەلەی بەرانەوە (لەسەردەمی شانشینی نوێ) دەردەکەوێت کەئەم بەرانە نیشانەیە بۆ بەپیتی ئامون. وشەی ئامون بەواتای «شاراوە»، ‹›پەنهان›› یاخود «نادیار» دێت، هەر خۆیشی بەپێچەوانەی خواکانی تری میسرەوە هیچ فۆرمێکی دیاریکراویی جێگیری نەبووەو هەربۆیە خەڵکی تێبس هەرچییەکیان بویستایە ئامون دەبوو بەوە؛ بەواتایەک دەکرا هەموو شت بێت و هیچ شتێکیش نەبێت لەهەمان کاتدا. هەروەها مەعریفەیەکی بێسنووری هەبوو لەمەڕ هەموو شتەکانی گەردوون، بەهۆی سیفەتی نادیارییەکەشیەوە بەڕەنگی شین وێنەی هەڵدەکۆڵرا کەدواتر لەهەندێک هەڵکۆڵیندا رەنگەکە گۆڕابوو بەسوور. راستییەکەی ئەوەی سەرنجکێشە ئەوەیە وشەی ئامون ناوی راستەقینەی خواکە نەبووە بەڵکو دەربڕین یاخود نازناو بووە بۆی. ئەمیش لەبەرئەوەی میسرییەکان پێیان وابوو هەر خوایەک ناوی کەشف ببێت لاواز دەبێت و بۆیە هەرگیز هیچ مرۆو خوایەک دەستی نە بەناوو نە بەڕووخساری نەگەیشت، ئەمیش بەهۆی دەسەڵاتە رەهاکەیەوە.

بێجگە لەو خوایانەی بەشداربوون لەئافراندنی گەردوون، زۆرێک لەخوایەکانی تری میسر بەتایبەت لەوانەی هەشتەوانەی پیرۆز لەگەڵ توخمەکانی بیابان، بنجیهان و ئاسماندا هاوشوناس کراون، لەکاتێکدا تەنیا ئامون لەگەڵ بادا هاوشوناس کرابوو. ئەمەش پەیوەندی بەنەسرەوتن و نادیاری توخمی با وە هەیە کەئامونیش بەهەمان شێوەی با لەهەموو شوێنێک هەستی پێ دەکراو کاریگەری لەهەموو شت دەکرد بەڵام نەدەبینرا. بەم شێوەیە نادیاریی ئامون لەپەیوەند بەتوخمی باوە وایکرد خەڵکی بەپێی ویست و پێویستییەکانیان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکەن، ئەمەش هۆکارە کەئامون لەبری نازناوێک فرە نازناوی هەیە؛ لەبری ئەرکێک فرە ئەرکدارەو هتد.

ئامون ناوگەلی جیاوازی هەبووەو هەریەک بۆ مەبەستێک لێی نراوە، لەوانە: قاڕەکەری مەزن (لەئوستورەناسی پەیدابووندا، گەردوون لەڕێی هاوارو زەنای قازێکەوە دێتە بوون و ئەو قازەش نیشانەیە بۆ ئاموون)، پاشای خواکان، شاراوە، ئامون ئاشا رێنو (ئاموونی خاوەن ناوگەلی زۆر)، گاکەی دایکی؛ ئەو گایەی ئاوی نونی هێنایەوە (ئاوی نونی دایکی هێناوەتەوە)، فریادڕەسی هەژاران.

ئامون بەپێی سەردەمە جیاوازەکان پێگەی جیاوازی وەرگرتووە. سەرەتا خوایەکی ناوچەیی بووەو ئاماژە بووە بۆ بەپیتی؛ دواتر لەسەردەمی شانشینی ناوەڕاستدا وەکو پاشای خواکان و ئافرێنەری گەردوون نەتەوەیی دەبێتەوە لەسەرانسەری میسردا؛ دوابەدوای لەگەڵ خواخۆر رۆ دا هاوشوناس دەکرێت و دەگۆڕێت بۆ ئامون-ڕۆو هەندێک لەتایبەتمەندییەکانی ئاتومی خوای زەریای بەراییشی بۆ دەگوازرێتەوە؛ زۆر دڕەنگترو لەکۆتاییدا بەجیهانی دەبێتەوەو چەندین نوسخەی تری لەسەر وەردەگیرێت لەئوستورەناسی  بابلی، ئاشووری، یۆنانی، رۆمانی، ئاسیای دوورو تادواتر. هەر یەک لەنوسخە وەرگیراوەکان فۆرم و ئەرکی جیاواز هەڵدەگرن بەپێی سیاقەکەی خۆیان و تەنانەت لەخراپترینیدا ئایینە ئیبراهیمییەکان بەشێک لەتایبەتمەندییەکانی بەدەستکاریکراوی دەدەن بەسەر یەهوادا. سەرەڕای ئەمانە، بەگشتی لای میسرییەکان خۆیان ئەو تایبەتمەندییانەی بەئاموونەوە هاوپەیوەست کرابوون، بریتین لە :خوای خۆرو  با؛ پاشاو گەورەی خواکان؛ پارێزەری خەڵک و فیرعەون؛ ئافڕێنەری گەردوون و سەرچاوەی ژیان؛ هێزی سەرکەوتن لەجەنگ؛ رۆح یاخود بەعی هەموو شتەکان؛ ئامون سەرۆکی جفاتی خواکان

لەڕووی پەیدابوونەوە باوەڕ وایە کەئامون خۆی خۆی ئافراندووەو دواتر گەردوون بەهەموو شتەکانی ناویەوەی ئافراندووە، بەڵام خۆی لەپێکهاتەی گەردوون جودا کردۆتەوە. جیابوونەوەکەی لەبەرئەوەیە کەئەم ئافرێنەری رەسەن و نادیاری گەردوونەو نابێت تێکەڵ بەهیچ ببێت و هەروەها بۆ پاراستنی رەهەندە نادیارییەکەی. ئاموون نادیاریی خۆی دەپارێزێت تاوەکو ئەو دەمەی تێکەڵ بەخواخۆر رۆ دەکرێت؛ بەم شێوەیە فۆرم وەردەگرێت و دەتوانرێت بەچاو ببینرێت. فۆرموەرگرتن و گواستنەوەی لەنادیارەوە بۆ دیار وایکرد ئامون بەچەمکی مەعت ئاماژەی پێبکرێت واتە هاوسەنگی.

ئامون سەر بەهەشتەوانەی پیرۆزی پەیدابوونە وەکوو پێشووتر باسکراو خۆی لەناویاندا بەئافرێنەر دادەنرێت، هەروەها سەر بەسیانەی پیرۆزیشە کەخۆی و ئامنێتی هاوسەری و خۆنسوری کوڕیان دەگرێتەوە. ئامنێت دایکخودای تیبسەو عەشقەکەیان و جووتبوونی لەگەڵ ئامون لەسەرانسەری پەرستەکاندا ساڵانە ئاهەنگی بەشکۆی بۆ دەگێڕدرا. ئاهەنگەکە پێی دەوترا جەژنی ئۆپێت کەساڵانە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ لەپەرستگاکانی ترەوە پەیکەری هاوسەرەکان بەرز دەکرایەوەو رێوڕەسم دەگێڕدرا تادواتر دەگەڕێندرایەوە بۆ پەرستگای سەرەکی کارناک.

بەو پێیەی ئامون پارێزەری فیرعەون و پاشاکان بووە، بەهەمان شێوە ژنانی شاهانەش پەیوەندییەکی ئاڵۆزو سێکسواڵیان لەگەڵی هەبوو بۆ نموونە شاژنە نێڤەرتیتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد هاوسەرگیری لەگەڵ ئامون کردووەو بەهەمانشێوە هەر شاژنێکی تر گەر دەسەڵاتی زیاتری بخواستایە خۆی لەگەڵ ئامون جووت دەکرد. هەروەها هاتشێپوتی مێ فیرعەون دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی، بانگەشەی ئەوەی کرد کەکچی ئامونە. هەموو ئەم بانگەشانە لەگەڵ ئەو کەسایەتییە بەهێزەدا تەنها بۆ گرنگبوون و دەسەڵاتداربوون بوو.

ئامون کەسەرۆکی جڤاتی خواکان بووەو پارێزەری فیرعەون و خەڵکی نەدار بوو، ناوو ناوبانگی دوور رۆیشتووەو لەنێو میسرییەکاندا خۆی هێشتۆتەوە. بەڵام لە دوو سەردەمدا ناوبانگی کز دەبێت. یەکەمیان لەگەڵ دەرکەوتنی مێخواوەند ئیزیس گرنگی کەم دەکات، بەڵام هێشتا دەپەرسترێت و تەنانەت دوای هێرشی ئاشوورییەکان بۆ سەر میسریش هەر خۆی دەگرێت. دووەمیان ئەو دەمەیە ئاخناتوون دێتە سەر حکوم واتە سەردەمی ئامارنا کە بۆ ماوەیەک جێی ئامون دەگرێتەوە. ئاخناتون هەوڵی دەدا تاکخوایی لەمیسردا بەرقەرار بکات لەڕێی تواندنەوەی سەرجەم خوا جیاوازەکان بۆ ناو یەک خودا بەناوی ئاتون. گەرچی ئەمە بۆ ئاخناتون بەجۆرێک سەری نەگرت و کلتووری میسریی دوای لەناوچوونی کوڕەکانی ئاخناتوون، گەڕانەوە بۆ ئوستورە فرەخوایی و پەرستە هەمەچەشنەکانی خۆیان. بەم شێوەیە پێگەی ئامون وەکو خوایەکی بەتوانا دەمێنێتەوەو پەرستەکەشی شوێنکەوتووی دەبێت تائەو سەردەمەی پێی دەڵێن ئەنتیکییەت. دواتر لەم سەردەمەدا تایبەتمەندیگەلێکی ئاموون لەلایەن ئایینی مەسیحیەت و بەدیاریکراویش یەهواوە هەڵدەگیرێتەوە.

دواجار ئامین، ئەمین، ئەمان، ئیمان و هەموو لێ وەرگیراوەکانی (امن) لەناو زمانە سامییەکاندا (یەهوودی، مەسیحییەت و ئیسلام) لەناوی ئامونـەوە وەرگیراوە. ئێستا لەدوای هەموو نزاو پاڕانەوەیەک لەئایینە ئیبراهیمییەکاندا هێشتا هەر ناوی ئامون بەشێوەی ئامین دەوترێت و تائێستا کاریگەری لەسەر ئایینەکان ماوە. بەم جۆرە ئامون بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر؛ وێڕای ئەوەی پەرستەو پەیڕەوانی خۆی نەما بەڵام ناوەکەی بەشاراوەیی و نادیاری لەئایینە ناوبراوەکاندا ماوەو بۆ قبووڵبوونی نزاو پاڕانەوەکانیان ناوی ئامون دەهێنن وەکو سەردەمی کۆنی میسر.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار