وەزارەتی تەندروستی غەززە: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا " ٣٢٤" فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی فرانس پڕێس ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تا ئێستا لانیکەم ٣٢٤ فەلەستینی کوژراون و هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

 بەگشتی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی  حەماس لە شەممەی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل و  دەستپیکردنی جەنگەکە  دوو هەزار و ٢١٥ فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون.
هاوکات بەگوێرەی دواین ئاماری سەرچاوە فەرمیەکانی ئیسرائیلس لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماسەوە، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٢٧ کەسیش برینداربوون. 

ئەمەس لەکاتێکدایە کە  باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد 'ئاگربەستی مرۆیی' لە کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، هاوکات ئەمریکاش بە هۆکاری بەردەوامی ململانێکان دەزانێت.

چاوەڕوان دەکرێت زیانەکان لە کەرتی غەززە زیاتر ببن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی باکووری غەززە کرد کە بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن و ئەگەری مەترسی هێرشی زەمینی بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە هەیە.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە و نزیکەی چوار هەزار خانوو لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون. 

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن.

نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە.

هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار