شوان عه‌تووف دیارده‌یه‌

یەک ساڵ لەمەوپێش



سیروان غەریب

شوان عهتووف، لهو هونهرمهنده دهگمهنانهیه كهتەواوی ژیانی بهخشیوه به كاری هونهریی، ئەم هونەرمەندە بهردهوام راكەڕاكیەتی بهدوای کاری هونەریی لەگۆڕهپانه فراوانهكهی هونهردا،  بهكوردییهكهی واتە نان و ئاوی بووه بهشانۆو سینهما.

دوای زیاتر له ٣٠ ساڵ كاری هونەریی عەتووف، کاتێک چاو  بهكارو تهنانهت كردهوهو ههڵوێستهكانیدا دەخشێنینەوە، دهبینین ئەم هونەرمەندە عاشقێکی تایبەتی دونیای هونهره، لەخۆم رادەبینم بڵێم شوان عەتووف تهنها ناوێك نییه، بهڵكو دیاردهیەکی هونەرییە.

كهدهڵێم دیاردهیه، یهكسهر هونەرمەندە چەقیوە  گەشەنەکردووەکانی ناو کایەی هونهری كوردییش وێنا دەکەم چۆن سکیان دەئاوسێ و بە لاقرتێوە دەڵێن  «مامە گیان زۆر نییە؟!» و بەجەخت و پێداگرتنەوە ئەم پەسندانەی من و  دهستهواژهکەش بهقهبه دادهنێن، راستییەکەی كێشهكهی من ئەمانە نیین، كه بههۆی چهقبهستوویی ژیانیانهوه تێناگهن و ناشیانەوێ تێبگەن، گرفتی من ئهوانهن كه لهبواره هونەرییەكهدا ئاستی هونەریی و هۆشیاریی شەخسیی و رۆشنبیرییشان بهرزهو ئەوانیش بەهەر هۆکارێک بێت ددان بەڕاستییهكی حاشاههڵنهگردا نانێن كههەنووکە ئهم هونهرمهنده لهناوێكی دیارهوه باڵای کردووەو بووە بەدیاردهیهكی هونهریی.

عەتووف، لەساڵی 1994-وە كاتێك بهنواندن لهشانۆیی «مهرگی كورسییهك»، کەهونهرمهندی كۆچكردوو «حسێن میسری» دەرهێنەری بوو؛ زیاتر ناسراو له «فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانی» خهڵاتی باشترین ئهكتهری كوڕی بردهوه، ههتا دەگاتە  دوا کاری هونەریی ئەو، واتە فیلمی «ئالووده» کەڕۆڵی پاڵەوانی سەرەکیی وازیی دەکات؛  لهكاركردن نهوهستاوە، سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان بە چهندین هەڵبەزو دابەزی سهختی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا گوزەری کردووە، بەڵام ئەو کۆڵی نەداوەو لەکاری هونەریی و هەڵکشان بەرەو لووتکە هەر بەردەوام بووە.

لەدیدی مندا، شوان عەتووف لههیچ هونهرمهندێكی دیکەی کورد ناكات، ئهو لهم كارهوه رادهكات بۆ كارێكی تر،  لهفیلمێك تهواو نهبووه باسی فیلمێكی نوێی دیکە دهكات. ئەکتەرە، سیناریۆنووسە، دەرهێنەرە، ئهو كهکاری نواندن دهكات، بههۆی هۆشیاریی و رۆشنبیرییه فراوانەکەیەوە کاریگەریی لەسەر كۆی كارهكه جێدەهێڵێت.

 لهههرێمی كوردستان، زۆر كهمن ئهوانهی هونهریان كردووه بهپیشه، کەدیسانەوە دەتوانم بڵێم شوان لهپێشهنگهكانیانه.

ئەو گەڕیدەیەکی بێسرەوتی گۆڕەپانی هونەرە، جارێك لهسهر شانۆ لهڕێگهی «تهپڵێكهوه» چیرۆكی كۆچبهرێكی كوردمان بۆ دهگێڕێتهوه، جارێکی تر لهسهر شاشهكان وهك عاشقێكی دۆڕاو دهیبینین، ئینجا وهك پێشمهرگهیهك، وهك مافیایهك، گاهێکی تر وهكو ئالوودەبوویەک دەردەکەوێت و بهشێوازێكی بهرز كارهكتهرەکەیمان بۆ بهرجهسته دهكات.

من دەمێکە شوان دەناسم و گەواهیی بۆ دەدەم کەئەو ههر لهڕێگهی كاری هونهرییهوه خزمهتی نهكردووه، ئەو کاتێک  لهكۆتایی نهوهتهكان و لەڕێی سهنتهری گهنجانی سلێمانییەوە خزمەتی بەرچاوی کردووە، شوان لەو سەنتەرە ئهزموونی خۆی لهگهڵ چهندین گهنجی ئهم شارهو قهزاو ناحییهكانی دیکەی ههرێمی كوردستان بهش كرد، هەندێک لەوانەی لەو سەنتەرە لەئەزموونی شوان بەهرەمەند بوون، هەنووکە هونەرمەندو كهسی شارهزاو پسپۆڕی بواری تهكنیكیی و دهرهێنانن.

بهدهر لهمانه شوان، لەڕووی ههڵوێستی نیشتیمانیی و رهخنهییهوه، كهسێكی دیارهو لهكاتی رووداوهكاندا بێ دوودڵیی ههڵوێستی خۆی دهردهبڕێت و پاشگهزنابێتهوه، ئەو لهو كاتەی رهخنهی هونهرمهندان دهکات، بەڵام بێدهنگی لەئاست کۆژانەکانی خەڵکدا بەشهرمهزاریی دەزانێت.

جا کەسێکی وەکو ئەو کەئەکتەرێکی نایابە، دهستی دابێته کاری دهرهێنان، جهستهیهكی رێكوپێك و رۆحێكی بهرزی هونهریی ههبێت، دهنگی خۆش بێت، ژمارهیهكی بهرچاو لهگهنجان لاسایی نواندنی بكهنهوهو بهردهوام بێت لهكاركردن و ئاوڕ بۆ دواوەی خۆی نهداتهوه، ئەگەر ئهمه دیارده نهبێت چیی دیاردەیە؟!

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار