خوێندنەوەی حەماسو ئیسرائیل
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
دەکرێت زیاتر لەدیدو هەڵوێست و تێگەیشتنێکمان هەبێت بۆ ئەوەی لەنێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا روودەدات. هەندێکیان بژاردەی خۆمانە، وەک هاوەڵێتی و هاوڕایی سیاسی یان ئایدۆلۆجی، بەڵام زۆرێکیان بژاردەی خۆمان نیە، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو دانیشتوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیت. لەم هەوڵی خوێندنەوەدا هەوڵدەدەم خۆم لەدادگەرایی ئەخلاقی یان هاوسۆزی ئایدۆلۆجی یان باوەڕداریی بەدوور بگرم، چونکە گفتوگۆکردن لەوەی بۆ کەسێک پشتیوانی هاوباوەڕەکانی یان هاو ئایدۆلۆجیاکانیەتی نە پێویستەو نە نهێنییە.
ئەو پرسیارەی دەمەوێت بەدوای وەڵامیدا بگەڕێم ئەوەیە کەئایا ئەم جەنگە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر ناوچەکە؟ سەرەتا دەمەوێت بەشۆک و گۆڕانی هەندێک بنەما دەستپێبکەم. یەکەم، رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی شەڕی ١٩٧٣وە، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەئیسرائیل دیدارێکی لەگەڵ هێنری کیسنجەردا هەبوو. کیسنجەر ئەوکاتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو. دەربڕینێک بەلامەوە جێگای سەرنج بوو، هەرچەندە وەک لێکۆڵەرێکی کیسنجەر، نەدەبوو جێگای سەرنجم بوایە، چونکە من بەزمان و رەفتارو غروری باڵای کیسنجەر ئاشنام. کیسنجەر لەدیدارەکە وتی، یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوەی کەئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کەهێرشی بکرێتەسەر لەبەرەی غەزەوە، ئەوەبوو کەکەسایەتی ئەنوەر سادات وەک کەسایەتیەکی دەمەوەری هیچ نەکەر دەبینرا. بەو مانایە قسەی زللی زۆر دەکرد بەبێ ئەوەی هەوڵی جێبەجێکردنیان بدات. کیسنجەر دەیگوت، سادات وەها دەبینرا کە لەئۆپیرای عایدەوە هاتووەو بەردەوام خەریکی فرە-وێژییە.
ئەم دیدە، کەبریتیە لەتەماشاکردنی ئەوانیتر وەک بێتوانا، نەکردە، بەهەمانشێوە یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوەبوو کە لەغەزە روویدا. بەو مانایە چیدی نابێت هیچ گروپێک یان گەلێک وەها ببینرێت کەتێکشکاوەو چیدی توانای ئەوەی نیە هیچ بکات. یان لەهەمانکاتدا ناتوانرێت بزانرێت خەڵکانێک چیدەکەن کاتێک هیچ بژاردەیەکیان بۆ ناهێڵرێتەوە. لەسەردەمی زۆری چەک و تەقەمەنی، کورتی تەمەنی سەقامگیریی سیاسیی، هەروەها زۆری ئاسانی دەستگەیشتن بەزانیاری بەڕاست و ناڕاستەوە، چیدی ناتوانرێت خەڵکێک بەئاسانی تێکبشکێنرێت.
حەزدەکەم بەکورتی دەستەواژەی کورتی تەمەنی سەقامگیری سیاسی راڤە بکەم. ئێمە لەسەردەمێکداین کەچیدی وەک جاران نیە، دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتەکان چەندین دەیەو سەدە بەبێ کێشە بەردەوامی بەدەسەڵاتیان بدەن، بەڵکو گۆڕانی هەموو شتێک وەهایکردووە کەچیدی هیچ هێزێک ناتوانێت درێژە بەمانەوەی بدات بۆ سەدەو زیاتر.
یەکێک لەدەرهاوێشتەکانی تری جەنگەکە، ئەو دۆخە سەختەیە لایەنەکان تیایدا دەژین. حەماس بەکردنی نەمانی ئیسرائیل بەئامانجی خۆی، بژاردەی ستراتیژی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە، چونکە ناتوانێت دانوستان بکات و ئیسرائیلیش بەجۆرێک لەچەندین ئاستدا تێکشکاوە بژاردەی هیچ نەکردنی بۆ نەماوەتەوە. کەواتە ئێمە لەدۆخێکداین کەشەڕ ناچارییە، بەڵام ئاشتی بژاردەنیە. لەدۆخێکی وەهادا نازانرێت دەرئەنجام چیە.
لەهەمانکاتدا ئەگەر ئیسرائیل بۆ گەڕانەوەی هەیبەتی جارانی، کەگوایە هێزێک بەئاسانی دەستی پێناگەیەنرێت و هەرلایەک هەوڵبدات زیانی پێبگەیەنێت باجەکەی گەورە دەبێت، لەئێستادا ئەم هەیبەتە تێکشکاوە، بۆ گەڕانەوەی، ئیسرائیل پێویستی بەهێرش و نمایشی گەورەیە لەڕووی سەربازی و تەکنەلۆجی و تۆقاندنەوە.
بەڵام حەماس هێزێک نیە، کە بەتەنها بێت، ئەگەرچی رەنگە ئامانجی خۆی هەبێت، لەڕووی سیاسی و ئایدۆلۆجی و جیوپۆلەتیکیەوە دۆست و بەکاربەری خۆی هەیە، ئایا دەهێڵن لەناوبچێت یان دەستبەرداری دەبن؟ رێگەپێدان بەهەنگاوێکی وەها زیانێکی زۆر بەئەو بەرەیە دەگەیەنێت کەناوی خۆیان ناوە موقاوەمە. ئەمەش وەها دەکات چارەنووسی حەماس پەیوەست بێت بەهێزەکانی سوریاو لوبنان و عێراق و ئێران.
ئایا هێزەکانی تر چیدەکەن بۆ ئەوەی حەماس نەکەوێت؟ بژاردەکانیان ئەوەیە یان راستەوخۆ بچنە جەنگەوە، یان بەڕێگای تر هەوڵی مانەوەی حەماس بدەن وەک هێرشی کەم یان سنوردار، یان ناچارن بەبینینی چارەنووسی حەماس، خۆیان لەهەمان چارەنووس بپارێزین؟
هەتا ئێستا وەها دیارە هێزەکان دەیانەوێت خۆیان لەشەڕی راستەوخۆ بپارێزن، بەڵام بۆ ئیحراجبوونیان هەوڵی ناردنی هاوکاریی مرۆیی دەدەن و لەهەمانکاتدا بیانو دەدۆزنەوە بۆ خۆ بەدوورگرتن، بۆ نموونە هێزەکانی بەرەی موقاوەمەی عێراق دەڵێن ئەگەر ئەمریکا بەشداری بکات، ئینجا ئەوان بەشداریی دەکەن. ئەمەش مەرجێکە کە بەئاسانی بەدی نایەت، چونکە تەنها کاتێک ئەمریکا بەشداری دەکات کە گەلەکۆمە لەئیسرائیل بکرێت، بەڵام ئەگەر هێزەکان خۆیان لەگەلەکۆمە بپارێزن ئەوا ئەمریکا بەشداری ناکات، کەواتە هێزە شیعیەکان بەئاسایی دەزانن کەئیسرائیل حەماس لەناوببات، یان هەوڵی بۆ بدات.
کەواتە ئەگەری شەڕی هەرێمی لاوازە، بەڵام سفر نیە. لەدۆخێکی وەهادا یەکێک لەو ئەگەرانە باسدەکرێت زەمینەسازییە بۆ ئاشتی پاش ئەم شەڕە. لەلایەک وەها دەبینرێت کەشەڕی تشرین بووەهۆی ئاشتی، رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئاشتی. ئێمە دەزانین کەوڵاتانی کەنداو، هەروەها زۆربەی وڵاتانی عەرەبی تەنها بۆ لاواندنەوەی جەماوەرەکەیان پشتیوانی غەزەن، ئەگینا پێیان خۆشە غەزە نەمێنێت. هەروەها شارەزایان وەهای نابینن کەپرسی غەزە دەبێتە هۆکاری لەناوچونی هەوڵەکانی ئاشتی نێوان وڵاتانی کەنداوو ئیسرائیل، چونکە هەرگیز چارەنووسی فەلەستینیەکان پرسێک نەبووە، بەڵکو وەک بەشێک لەناچاریی بووە. [چەند ساڵی رابوردوو هاوسەرەکەم لەزانکۆ خوێندکارێکی دوکتۆرای هەبوو لەخێزانێکی دیپلۆماتی سعودی بوو، هەروەها کوڕێکیان لەدیوانی محەمەد بن سەلمان کاردەکات، لەڕێگایەوە پەیوەندیمان دروستبوو. سەرەتا حەپەسام بەڕقی سعودییەکان لەفەلەستینیەکان] بۆیە ئەگەر شەڕەکە نەبێتە هەرێمی، ئەوا پرسی ئاشتی لەساڵی داهاتوودا زیندودەبێتەوە. چونکە پاڵنەرەکانی زۆرن و راستەوخۆ پەیوەستە بەچارەنووسی گەلانی کەنداوەوە لەداهاتودا لەڕووی سەقامگیریی و ئابوری و پێگەیان لەجیهاندا.
ئەگەر لەدیدی سیناریۆسازییەوە تەماشای بکەین، دەبێت سیناریۆی سەرکەوتنی حەماس لەبەرچاوبگرین، بەهەر شێوەیەک بێت. لەدۆخێکی وەهادا، هەرچەندە لەسەر سروشتی سەرکەوتنەکە وەستاوە، بەڵام راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی هێزەکانی ناو عێراق و سوریاو لوبنان و ئێران و بگرە تورکیاش. بۆیە زیانێکی زۆری بۆ کورد دەبێت، لەهەموو پارچەکانی کوردستان.
ئێران و سوریا خۆیان لەشەڕەکە دەپارێزن، ئێران وەک هێزێکی هەرێمی خۆی وەک هێزێکی جیهانی دەبینێت، خۆی ناخاتە بەردەم ئەگەری زیانی گەورەوە، بەڵکو هەمیشە بەناڕاستەوخۆ فشارەکانی دەکات. سوریا تەواو لاوازەو ئیسرائیل بەئاسانی دەتوانێت ئەسەد بکوژێت و کەسیش هێندە لەدوای ناگری. بەڵام ئەوەی بۆ ئیسرائیل مایەی ترسی حیزبوڵای لوبنانیە. حیزبوڵا چەک و تەقەمەنی زۆرە، بەڵام لەدۆخێکی ئابوری سەختدا دەژی و هەروەها دەسەڵاتدارە لەلوبنان، بۆیە بژاردەکانی وەک ئەوانیتر نیە. وەک بینیمان ئامادەبوو رێکەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات لەسنوری دەریایی ئیسرائیل و لوبنان، کەجۆرێکە لەناڕاستەوخۆی دانپیادانان بەئیسرائیل.