ئایا ئیسرائیل هێرشی زەمینی دەکاتەسەر غەزە؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
تائێستا لەجیهان و لەلایەن زۆر لەوڵاتان هاوسۆزی بۆ کوژراوانی سڤیل و گرتنی ژن و منداڵی ئیسرائیلی بارمتە هەیە. رووتکردنەوەی کچ و ژنان و دانانی منداڵ لەناو قەفەس و پیشادانی ئەو دیمەنانە، ئەوەندەی تر رای گشتی و بەتایبەت لەئەوروپا وروژاندووەو سۆزیان بۆ لای ئیسرائیل بەرزبووەتەوە، رقیش بەرامبەر حەماس زیادی کردووە، کە تاڕادەیەکی زۆر تائێستاش کردەوەکانی ئیسرائیلی بەرامبەر بەسڤیل و وێرانکاریەکانی لەشاری غەزە شاردووەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، تەنانەت بەدەر لەڕێکخراوە ئیسلامیەکانیش، گەر سەرەتا خەڵک رقی لەکردەوەکانی حەماس بوو بۆ هەڵگیرسانی شەڕو کوشتن و گرتنی سڤیلی بێ چەکی جوی ئیسرائیلی، بەڵام بۆردومانکردنی شەلم کوێرم ناپارێزمی ئیسرائیل بۆ غەزە، خەریکە بۆچوونی دژ بەکردەوەکانی ئیسرائیل زیاددەکات، تەنانەت لەئەمریکاو ئەوروپاش خەریکە بەرەبەرە بۆچوون دەگۆڕێت.
تائێستا کاریگەری گەورەی بۆ سەر جەنگی ئۆکرانیا وەدەرنەکەوتووە، بەڵام بێگومان دەیبێت و وەدەردەکەوێت. هەڵوێستی روس و چینیش خەریکە زیاتر گەڵاڵە دەبێت دژ بەهێرشی بەردەوامی ئیسرائیل و گەمارۆی بەرامبەر بەخەڵکی سڤیلی شاری غەزە، دەوڵەتانی عەرەبی بەناچاریش بێت، بەرامبەر بەوە، دەبێت لای کەم گوتاریان بگۆڕن و لەنەتەوەیەکگرتووەکان فشاربکەن، جگە لەوەی لەبارەی وزەو نرخی زۆر شت کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت و قەیران زیاددەکات لەسەر ئاستی جیهانی، ئەوانەش تائێستا سوودیان زیاتر بۆ ئێران دەبێت.
ئەوەی تائێستا ئیسرائیل دەیکات، جگە لەبۆردومانی فراوانی چڕ، بۆ هێورکردنەوەی خەڵکی ناوخۆو دڵنیاکردنەوەیان و فشاری گەمارۆدانی غەزە، وەک تۆڵەیەک و هەوڵێک بۆ بەردانی بارمتەکان، لەهەڕەشە زیاترو کۆکردنەوەی هێزو نمایشکردنی، هەنگاوی هەڵنەناوە بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە. هێنانی لەشکری ئەمریکیش بۆ ناوچەکە، لەلایەک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوان لەپشتگیری ئەمریکی لەکاتی فراوانبوونی شەڕەکەیە، لەلایەکی تریش نامەو هوشداریەکە بۆ ئێران، سوریا، حزبوڵاو لایەنەکانی تری فەلەستینی و لایەنی تریش بۆ تێوەگلان لەو شەڕە.
ئایا ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە دەکات؟
تا ئێستا تەنها هەڕەشە دەکات وەک ئامرازێکی فشار، بەڵام جێبەجێکردنی کارێکی وا هەروا ئاسان نیە، لەحاڵەتی وادا جگە لەگۆڕانی رای گشتی جیهانی بەرامبەر بەکردارەکانی ئیسرائیل و پێچەوانەبوونی سۆزی خەڵک بەرامبەر بەخەڵکی سڤیلی بێگوناهی فەلەستیی لەغەزەو ژن و منداڵ و نەخۆشخانەو ئەو وێرانکاریانە، کەئەوکات زیاتر دەگاتە میدیاکان. لەڕووی سەربازییشەوە موجازەفەیەکی گەورەیە. غەزە شارێکی گەورەیە، گەمارۆدانی سەربازی و هێرشبردن بۆ ناوشارەکەو هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی، جگە لەوەی هێزێکی زۆری دەوێت، سەرکەوتنیشی جێ گومانە. چەند نموونەو ئەزمونی کۆنتر هەن بۆ قورسی کۆنترۆڵکردنی غەزەو دەرپەڕاندنی هەموو چەکدارەکانی حەماس لەوێ (ئەڵمانەکان بەهەموو هێزو تەنانەت پاش وێرانکردنی ستالینگرادیش، نەیانتوانی بیگرن. روسەکان نەیانتوانی کییڤ بگرن و لەوێوە لوتیان شکا، داعش بەهەموو هێزی، نەیتوانی کۆبانی بگرێت). ئەوە نە فەلوجە، نە موسڵ و نە کەرکوکی عێراقە کەتێکەڵ بێت بەشێکی شار یان ناوچەکە لەگەڵ سوپای هێرشکەربن، بەرگریکەران چەک و ئەزموونیان لەشەڕی ناوشار نەبێت. ئەوان دارای چەکی قوس و سیستەمی راکێت و میلیشیای مەشقپێکراون، جگە لەوەی فاکتەرێکی تریش دێتەپێشەوە لەکاتی هێرشی زەمینی، ئەوەش هەموو ئەو فەلەستینیانەش کە نەیارو دژ بەحەماسن، ناچارن داکۆکی لەخۆیان و شارەکەیان بکەن، بەوەش دەڕوا بەبەرەی حەماسەوە، ئەمە جگە لەوەی لەو حاڵەتەدا ئەگەری زۆر هەیە شەڕەکە تەشەنە بکات، ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا، باشوری لوبنان و سوریاش بگرێتەوە، کەئەمە لەبەرژەوەندی ئیسرائیل و رۆژئاواش نیەو بەهەموو هەوڵێک نایانەوێت ئەوە رووبدات. خەڵکی ئیسرائیلیش حەز بەوە ناکەن، بەڵکو لەهێرش و گوێزانەوەی شەڕ بۆ ناو ئیسرائیل و تێکچوونی سەقامگیری و ژیانیان دەترسن. گەر سوپای ئیسرائیل هێرش بەرن و بڕۆنە ناو غەزەوەو کوشتار بکەن، جگە لەوەی پشتگیری جیهانیان کەمدەبێتەوە و ئەو سۆزە پێچەوانە دەبێتەوە، مەترسی گەورەشە گەر بەرگری جیددی هەبێت و وەک دەگوترێت (تووش دەبن و قاچیان دەچەقێتە شەڕێکی سەخت)، بەتایبەت ئەوکات تێکەڵاودەبن و تەیارەو ساروخ رۆڵی زۆری نابێت و سەربازو تانکەکانیان بەئاسانی دەکەونە بۆسەوەو زیانی گەورەیان لێدەکەوێت. تەنها چوونە چەند گەڕەکێک و کشانەوە، سومعەو هەیبەتی سوپاکەی زیاتر دەشکێت. ئەمە بەیروت و ئەوان رێکخراوە فەلسەتینیەکانی ئەو سەردەمە نین، کە بەئاسانی لەغەزە دەریان بکات. یان دەبێت نەڕوات، یاخود کەچوو دەبێت هەوڵبدات حەماس لەغەزە دەربکات، ئەگینا چوون و نەتوانین و کشانەوە، گەورەیە. جگە لە لەدەستدانی سۆزی شەقامی زۆر وڵات، ئەوان کوردی داماو نین کە لەئەرزو ئاسمانەوە تووشی قڕکردن بێت و کەس لەسەریان هەڵنەیات و گوێنەدات.
بۆیە من لەو باوەڕەم کەئێستا لەپشت کوالیسەکان هەوڵێ چڕ هەبێت بۆ ئاگربەست و بەردانی بارمتەکان بەشێوەی ترو فشاری سیاسی و ئابوری زیاتر لەسەر حەماس. حەماسیش ناوێرێت و بڕواناکەم بارمتەکان بکوژێت، کە بەوە هەموو پاساوێک بۆ ئیسرائیل کراوە دەبێت، مەگەر لەداعش خراپترو بێئەقڵ و ملهوڕتر بن ... لەحاڵەتی وادا دۆستەکانیشیان ناوێرن پشتگیرییان لێبکەن.