تۆفانەکەی ئەقساو نیفاقی سیاسی

یەک ساڵ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

ئەوەی لەخۆرئاوای کوردستان و غەززە روودەدەن  پەڵەیەکی رەشە بەناوچاوانی ئەم سەدەیەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیاو بازدانی مرۆڤایەتیەوە، تێکچوونی جەژنی جوەکان بەهۆی هێرشی بزووتنەوەی حەماس لەڕۆژی شەممە 7/10/2023دا شۆکێکی جیهانی دروستکردو گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کەتائێستاش هەندێک پێیان وایە رەنگە جۆرێک بێت لەتەکتیکی هونەری بەڕێوەبردنی جەنگ!!!  کەمیش نین ئەو کەس و لایەنانەی کە تائێستا پێیان وایە ئەم رووداوە هاوشێوەی (١١)ی سێپەمبەری (٢٠١١)ەو دەزگاکانی (سی ئای ئەی، مۆساد) خۆیان داڕێژەری سیناریوی ئەم رووداوەن .

جۆرێکی تریش گومان لەم  رووداوە دەکرێت کەبزوتنەوەی حەماس خاوەنی ئەو هێندە موشەکە نەبووەو ئەم کەرەستە جەنگیانەی  لەکوێوە دەستکەوتوە؟

هەرچۆنێک بێت قومارێکی خوێناوی لەسەر ژیان و ئارامی خەڵکانی بێدەسەڵات و هەردوو گەلی فەڵەستین و ئیسرائیل بەڕیوەدەچێت، ئەگەرچی بەگومانەوە سەیری روماڵە میدیاییەکان بکەین بەڵام ناشارێتەوە کەئیسرائیل لەڕووی سەربازیەوە شکستێکی گەورەی خواردووە، (دانیاڵ هاگاری) وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە سوپا قەرزاری خەڵکەو لێکۆڵینەوە دەکەین و دواتر خەڵک لەدەرئەجامی رەوتی رووداوەکان ئاگاداردەکەینەوە !

 

حەماس چی  دەچێتەوە؟

ئەگەر لەچاوی جیهانەوە سەیری دیمەنەکانی ئەم شەڕەبکەین ئەوا بزوتنەوەی حەماس وا نیشان دەدات کەئیتر ئیسرائیل بەچۆکدا هاتووەو ورەی بەرداوەو لاواز دەردەکەون، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانەی کەهاوسۆزی جیهانی بۆ ئیسرائیل زیادکرد کردەوەکانی خودی چەکدارانی حەماس بوو دەرهەق بەمامەڵەی نەشیاو بوو لەگەڵ دیلەکان و رفاندنی خەڵکانی سڤیل و ئازاردان و کوشتنی هەندێک لەدیلەکان .

ئەم پەلاماردانەی ئیسرائیل لەسەر دەستی حەماس کە تائێستاش وا باس دەکرێت کە (ئێران و میتی تورکیاو هەواڵگری ئەمریکا )هەریەکەو بەشێوەیەک دەستیان لەپشتیەوە هەبووبێت کەئەمەش لێکۆڵینەوەی دەوێت .

بزوتنەوەی حەماس کەپێشتر لەلایەن ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، یابان، نیوزلەندا، ئوسترالیا، کەنەداو چەندین وڵاتی ترەوە  لەلیستی تیرۆردا بووەو پێدەچێت لەئێستاشدا ئەم ژمارەیە زیادبکات هەربۆیە بەدوور دەزانرێت لەهیچ  کاتێکدا بزووتنەوەی حەماس هیچ لەم شەڕە بەرهەم بهێنێت ئەگەرچی دەرکەوتن و قەبارەی هێزی سەربازیی حەماس بەگەورەیی دەرکەوت!

هەرچی ئیسرائیلە دوورتر سەیری رووداوەکان دەکات و چاوی لەسەر ستراتیجی گۆڕانکاری گەورەیە لەڕۆژ هەڵاتی ناوینداو هەر لەڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە نەتانیاهۆ وتی (نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) دەگۆڕین!

کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازی حەماسن رەنگە شەڕی بەوەکالەت بکەن چونکە بەپاڵپشت بەو پشتگیریە ئیقلیمیەی کە لەناوچەکەدا دەگوزەرێت و بەکارهێنانی (٥٠٠٠) موشەک لەیەک کاتدا کە لای هەموان ئاشکرایە حەماس خاوەنی ئەم ژمارە موشەکە نەبووەو پێی دراوە، بەدیقەت سەیری دیمەنەکانی جەنگەکە بکەین هەستدەکەیت ئەم هێرشەی حەماس  پلانێکی چەندین ساڵەی نەخشە بۆدارێژراوی هەبووەو گومان هەڵناگرێت کەبزووتنەوەی حەماس بەبێ پشتگیری وڵاتان ناتوانێت چالاکیەکی لەوجۆرە ئەنجام بدات، هەرچەندە خەڵکی سڤیل و سەربازو گەشتیاری بیانی و دانیشتوانی ئۆردوگا نیشتەجێبووەکانی بەئامانج گرت، ئەمەش جگە لەوەی کە بیانوی هێرش و پەرچەکرداری بۆ ئیسرائیل نەهێشتەوە، هانی ئەمریکاو ئەوروپاو هەر  (٥) وڵاتە زلهێزەکەی جیهانیدا کەبێنە سەر هێڵ و هاوکاری سەربازیی بەئیسرائیل پێشکەش بکەن، کەڕوونە ژێرخانی کەرتی غەززە بەتەواوی وێران دەبێت و ژیان لەهەموو روویەکەوە لەو شارە نامێنێت و بەداخەوە بوەتەهۆی گیانلەدەستدانی چەند هەزار کەسێک و برینداربوونی هەزاران و ماڵوێرانی بۆ دانیشتوانی  هەردوولا.

تائێستا لەسەر ئەم بابەتە چەندین بۆچوون هەیە کەخۆیان لەگێڕانەوەی ئەم سیناریویانەدا دەبیننەوە:-

١- بۆچونێک پێان وایە بەرامبەر بەرەی ئۆکرانیا کە چەند ساڵیکە لەدژی روسیا کراوەتەوە، روسیاو ئێران و تورکیاش دەستیان لەم بابەتەدا هەیەو ئەم بەرەیەیان لەدژی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کردووەتەوە.

٢- بۆچونی دووەم رایەکی جیاوازترەو دەڵێن ئەم بابەتە بۆ شکستپێهێنانی رێکەوتنی ریازو تەلئەبیبە و بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو لەم رێکەوتنە بکشێنەوە هەتا نەیارانی ئێران کەم ببنەوەو توانای ئەوەیان نەبێت کەدژی تاران زۆر پێ راکێشن.

٣- سیناریۆی سێیەم باس لەوەدەکرێت کە حەماس هاندراوە و پڕچەک کراوە لەلایەن روسیاو ئێران و تورکیاوە بۆ ئەوەی دەستی کاری ئەمریکاو ئەوروپاو ئیسرائیل لاواز بکرێت و توانایان لاواز بکرێت لەڕووی وزەی جیهانیەوە بەتایبەت غازی سروشتی.

٤- سیناریوی چوارەم ئەوەیە کەئامانجی حەماس دووبارەکردنەوەی چیرۆکی (گەلعاد شالیت)ی سەربازی بەدیلگیراوی ئیسرائیلیە کە لەساڵی ٢٠١١ بەرامبەر بەبەردانی (١٠٢٧) چەکداری فەلەستینی ئازادکرا، بەڵام رەنگە ئێستا دۆخەکە جیاواز بێت بەدوور دەزانرێت بۆ بەردانی دیل و بارمتەکان ئیسرائیل ئەم سازشە بکات.

هەرچۆنێک بێت ئەم شەڕە ماڵوێرانیەکی گەورەی هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسرائیلی بەدواوەیەو خەڵکی سڤیل باجەکەی دەدەن و بۆ هەندێک وڵات و لایەنیش کەرەستەیەکی بەرخوردو خۆدەرخستن و نیفاقێکی سیاسی روونە...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار