ئایا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



سیروان غەریب

بۆ وهڵامدانهوهی پرسیاری ئایا ههڵبژاردنی ههرێمی كوردستان لهمانگی شوباتی 2024 ئهنجام دهدرێت كهسهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان وادەکەی داناوە، پێویسته تهنها تهماشای ههوڵهكانی حزبه كوردستانییهكان نهكهین كه كهم تازۆر جوڵهكانیان پێماندهڵێت كێ حهز لهوهدهكات ههڵبژاردن لهو وادهیه ئهنجامبدرێت، كامانهشن ههموو جوڵهكانیان ههوڵی دواخستنی لێ دهخوێنرێتهوه، بهڵكو دهبێت رهنگهكانی ئهو تابلۆ سیاسییهی عێراقیش بخوێنینهوه كهخۆی بهچهندین كێشهی یاسایی و سیاسی داپۆشیوه.

لهمانگی رابردووهوه نهوهی نوێ وهك حزبێك كهپێشبینی ئهوه دهكات لهههڵبژاردنی ههرێم دهنگهكانی زۆر بكات و ههندێك جاریش ئاماژه بۆ گرتنهدهستی دهسهڵات دهكات، ژمارهیهكی بهرچاو لهواژووی كۆكردهوه، واژووهكان پهرلهمانتاری یهكێتی و كۆمهڵ و یهكگرتووشی تیدان، بێ لهپارتی، مهبهستهكهیان بابهتی درێژكردنهوهی تهمهنی كۆمسیۆنه تابخرێته ئهجندای كۆبوونهوهیهكهوه، پێشنیازهكهی ئیمزاكهران وهك خۆی لای لیژنهی تایبهتمهندی یاسایی ماوهتهوه ئهمه لهكاتێكدا 6/1/2024 تهمهنی كۆمسیۆنهكه كۆتایی دێت و ناتوانێت سهرپهرشتی ههڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان بكات.

ئهگهر ئهو پێشنیازهی نهوهی نوێ و ئهوانهی ئیمزایان كردووه بچێته بواری جێبهجێكردنهوه ئهوا لهكاتی خۆیدا ههڵبژاردن بهڕێودهچێت، پێچهوانهكهی بهرهو ئهوه دهڕوات دوابخرێت. لەکاتێکدا دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی عێراقیش لەئارادایە كه لهلایهن ههمان كۆمسیۆنهوه سهرپهرشتی دهكرێت.

گرێ كوێرهی ئهم كێشهیه دهنگدانی پهرلهمانی عێراق دهیكهنهوه، بهڵام ئایا ئهو دانیشتنه روودهدات تاوهكو گرێكوێرهكهی تیادا بكهنهوهو تهمهنی كۆمسیۆن درێژبكهنهوه؟

بۆ وهڵامدانهوهی ئهم پرسیارهش شیعهكان بهسهر سێ بهرهدا دابهشبوون یهكیان ئهوهیه كهههموو ههوڵێكی بۆ ئهوهیه كێشه بۆ ئهو پێشنیازه دروستبكرێت و لهسهر رهفهی لیژنهی تایبهتمهندهكه تۆز لێی بنیشێت، تاوهكو ههرێمی كوردستان بهم شێوازهی ئێستا بهدامودهزگای لاوازهوه بمێنێتهوهو ورده ورده شهرعییهت بهتهواوی لهدهستبدات، بۆچوونی بهرامبهریش ئهوهیه پشتگیری ههرێمێكی بههێزبكهن كهئهمه رایهكی لاوازه و بهشێك لهدۆستهكانی ههرێمی كوردستان دروستیانكردووه.

سێههم بۆچوونیش ئهوانهن كهپێیانوایه ههرێمی كوردستان لهڕێگهی ئهم ههڵبژاردنهوه گۆڕانكاری تیادا روودهدات و نهوهی نوێ وهك هێزێكی كاریگهر دهچێته نێو ههڵبژاردنهوهو ههڵبژاردن دهباتهوه. ئهمهش ههرێمی كوردستان بهرهو دۆخێكی تر دهبات، ئهم بۆچوونه پێیانوایه ههڵبژاردن بۆ پهیوهندییهكانی ههرێم و بهغدا باشه.

لهم بێنهو بهردهیهدا ئهگهر ئهو بۆچوونه سهر بگرێت كهههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دوابخرێت و ههرێمی كوردستان بخهنه دۆخێكی تری ناشهرعییهوهو كهس خۆزگهی پێنهخوازێت، دهبێت عێراق قوربانی بدهن بهههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانیش كه بۆ ئهمهیان سهدر قبوڵی ناكات و دژی دهوهستێتهوهو شهقام لهدژی پهرلهمان و حكومهت هاندهدات.

له‌نێو ئه‌م هه‌رای‌ بۆچوونه‌ جیاوازه‌دا ئاماژه‌یه‌كی‌ تر هه‌یه‌ كه‌به‌شێكی‌ كاریگه‌ری‌ نێو حكومه‌تی‌ سودانی‌ داواده‌كه‌ن پشت به‌كارنامه‌ی‌ حكومه‌تی‌ سودانی‌ ببه‌سترێت كه‌ئاماژه‌ی‌ تیادایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق. ئه‌م بۆچوونه‌ پێیان باشه‌ نه‌خشه‌ی‌ هه‌رسێ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پێكه‌وه‌ داڕێژن و پێكه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت كه‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان پاڵی‌ پێوه‌ده‌نێت بۆ كۆتایی‌ 2024 یان سه‌ره‌تای‌ 2025، له‌نێو ئه‌م هه‌موو هه‌رایه‌دا ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، ئایا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌درێت؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار