فەلەستین بەکوردی
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
لێرەدا دەمەوێت قسە لەسەر رەفتارو ستراتیژ بکەم لەهەموو شتێکی تر زیاتر. لەم رووەوە ئایا پرسی فەلەستین چیمان پێدەڵێت وەک کورد؟
یەکەم، کەئیسرائیل دروستکرا، لەلایەن بەریتانیەوە، پرسی فەلەستینیەکان بوو بەڕێگریی گەورە لەبەردەم بوون و سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیەدا. بەهەمانشێوە کەعێراق لەلایەن ئیستعماری بەریتانیەوە دروستکرا، پرسی کورد بوو بەڕێگری ئەو پرۆژەیە. بۆیە چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم رێگرییەدا، پرسێکی هاوشێوەیە لەنێوان هەردوولادا. لەیەکەم دەرکەوتەیدا، پرسی کوردو فەلەستینیەکان هاوشێوەییەک دروستدەکات بەوەی دەبێت بەپرسی خەڵکێک بەرامبەر دەوڵەت. هاوکێشەی خەڵک و دەوڵەت لەمیانەی سیستەمی دەوڵەتیی نێودەوڵەتیدا هاوکێشەیەکی لاسەنگە. دەوڵەت ماف و شەرعیەتی بەکاربردن و قۆرغکردنی توندوتیژیی هەیە، بەڵام خەڵک نیەتی. خەڵک دەبنە تیرۆریست، بەڵام دەوڵەت نابێتە تیرۆریست، ئەگەر پڕاوپڕ تیرۆریستیش بێت. پرسی تیرۆر یانی داماڵینی هەموو مافیک بۆ داخوازیی و داواکاریی. بۆیە ململانێ لەگەڵ دەوڵەتدا هەمیشە لەسەر پێگەی دەوڵەتەکە وەستاوە لەناو کایەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەگەر دەوڵەتەکە قبوڵکراوبێت ئەوا ململانێ لەگەڵیدا سەختە. هەروەها ئەگەر قبوڵ نەکراوبێت ئەوا ئاسانترە.
دووەم، ئیسرائیل ستراتیژی جیاوازی گرتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینیەکانیدا. دەکرێت ئەم ستراتیژیانە بکەین بەدوو بەشەوە، ستراتیژ بەرامبەر خەڵک، لەگەڵ ستراتیژ بەرامبەر هێزەکان. سەرەتا قسە لەسەر هێزەکان دەکەین. کاتێک ئیسرائیل لەشەستەکان و حەفتاکان، لەگەڵ فەلەستینیەکاندا دەجەنگا، ئەوان لەبەرەی چەپ بوون. ئەمە بەشێک بوو لەدەرهاوێشتەی دۆخی سیستەمی جیهانی ئەو سەردەمە. لەشەست و حەوت ئیسرائیل بوو بەجێگای بایەخی ئەمریکا، چونکە دەرکەوت کەهێزێکی کاریگەرەو دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە. ئەمریکا لەسەرەتادا دۆستی ئیسرائیل نەبوو.
ئەمە دەرخەری پەیوەندی نێوان هێزی ناوخۆیی و زلهێزە. رۆڵی زلهێز لەدروستکردن و ئیدارەدان و هەندێکجار کۆتاییهێنانی پرسی کورد لەباشور لای کەس نهێنی نیە. هێشتنەوەو درێژەپێدانی ئەو پەیوەندییە زۆر ئاڵۆزە، ئیسرائیلیەکان لەچەندین ئاستدا کاری لەسەردەکەن، ئاستی کاریگەریی بوون لەناوچەکە، ئاستی دیموکراسی بوون (هەرچەندە ئێستا دیموکراسیەتی ئیسرائیلی نیشانەی پرسیاری لەسەرە، بەڵام بەبەراورد بەوڵاتانی دەوروبەری چەندین دەیە لەپێشە)، بە لۆبیی کرد، بەبوونی توانای زانستی و ئابوریی، بەبوونی ناوەندی تووێژینەوە، بەبوونی میدیای زەبەلاح و چیرۆک و بیرمەندو زۆر زۆری تر. کورد لەبەر دوو هۆکار توانای نەبووە هیچکام لەم هەنگاوانە بنێت، یەکەم، خەڵکەکەی بێئاگایەو دووەم، نوخبەکەی تەنها بەرژەوەندی خۆی لا مەبەستە. خەڵکی کورد حەزی لەناوی بێناوەڕۆکە، وەک، بڕوانامەی بێ مەعریفە، پۆستی بێکار، رۆشنبیریی جنێوفرۆش. بەم رەفتارو ئاگاییە ساویلکانە ناتوانرێت کاریگەریی لەدونیادا دروستبکرێت.
ئەمە لەکاتێکدا زلهێزێکی وەک ئەمریکا ئەوەی بۆ کوردی کردووە، مەگەر بۆ ئیسرائیلی کردبێت، لەپاراستن و پشتیوانی و گۆڕینی عێراق و نووسینی دەستورو تەنانەت موچە بەچەکدارەکانیشی. بەڵام کورد ناتوانێت سودمەنی ستراتیژیانەی ئەم هاوکاریانە بێت، چونکە بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار زۆر تەبانیە لەگەڵیدا و خەڵکی کوردیش نازانێت چ باسە.
سێیەم، ئیسرائیل لەمامەڵەی لەگەڵ هێزە فەلەستینیەکاندا، کاتێک کە چەپ بوون، بەدوای ئەوەدا دەگەڕا کەچۆن رکەبەرێکیان بۆ دروستبکات. بۆیە بۆ ماوەی بیست ساڵ هاوکاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی شێخ یاسین بوو لەپێناو دروستکردنی حەماس. دروستکردنی حەماس لە لایەن ئیسرائیلەوە لای کەس نهێنی نیە. ئامانجی ئیسرائیلیەکان دروستکردنی نەیاریی و شەڕی ناوخۆ و پەرتبوونی فەلەستینەکان بوو، بەجۆرێک بەخۆیانەوە خەریک بن، نەک ئیسرائیل.
ئەم ستراتیژەی ئیسرائیل هاوشێوەی مامەڵەی هێزەکانی ترە لەگەڵ کورددا. شەڕی ناوخۆی کورد لەچەندین لاوە ئیدارە دەدرێت، بەکاراکتەری کوردی خۆی بەڕێوەدەبرێت. هێزە کوردیە جیاوازەکان بەئاگایی و بێئاگایی بەشدارن لەهێشتنەوەو درێژەپێدانی شەڕی ناوخۆ، [بۆ نموونە یەک هێزی سیاسی کوردی نیە، لەدەرەوەی زمان و عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆوە قسە بکات]. لەمیانەی ململانێی وەهادا خواست و داواکاریی گروپ و هێزەکان باڵادەبێت نەک خەڵک و نیشتمان. ئیسرائیل بە گرتنە بەری سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، یان پەرتبکە و بە شەڕیان بدە و ئیدارەیان بدە، توانای فەلەستینیەکان بەرە و نەمان بەرێت و ڕوبەڕوی بژاردەی مردن بکاتەوە لە پێناوە مانەوە.
چوارەم، گەندەڵیی نوخبەی دەسەڵاتداری فەلەستینی و کوردی بە چەندین شێواز پرسی ئەم خەڵکانەیان لاواز کردوە. گەندەڵی نوخبە مانای تەنها ئەوە نیە کە داهاتی خەڵکی دەدزرێت، بەڵکو کۆمەڵێک کاریگەری کوشندەی هەیە، لەوانە گۆڕینی پرسی خەڵکێک بۆ پرسی کەڵەکەکردنی سامان، هەروەها نەمانی سەنگ لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. لاوازبون لە بەرامبەر خەڵکدا کە دەبێت ەمایەی گەندەڵی زیاتر، چونکە کاتێک هێزێک کە بە ڕەوایی پرسەکەی پشتیوانی ناکرێت ئەوا پێویستی بە سامانە بۆ ڕاکێشانی خەڵک. بۆ نمونە هەمومان دەزانی کە لە کوردستان دەنگدان کردەیەکی ئابورییە، نەک سیاسی یان نیشتمانی یان خەمخۆریی. بە ئابوریی کردن دەنگدان یان دیموکراسی یانی کردنی گەندەڵی بە کردەیەکی ناوازەوە بۆ سیستەم.
پێنجەم، لە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا، ئیسرائیل هەمیشە چەند ستراتیژێکی هەبووە. کوشتن، ترساندن، ڕەوکردن، هەموو لە میانەی ئەم ستراتیژانەدا بوون، لە پێناو چۆڵکردنی فەلەستین و جێگیرکردنی ئیسرائیلی. ئێستا یەکێک لەو بژاردانەی کە بەردەوام باسی لێوە دەکرێت گواستنەوەی سەرجەم خەڵکی غەزەیە بۆ دەرەوەی فەلەستین. لە پاش هێرشەکانی حەماس، ئەم بژاردەیە زیاتر بڕەوی پەیداکردوە، بە جۆرێک خەریکە لە پلانێکی توندڕەوەوە دەکرێت بە بژاردە. سەرۆکی میسری بە ڕاشکاوانە دژ بەم هەوڵەبوو. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سیسی دژ بەهەوڵی گواستنەوەکە نیە، بەڵکو دژ بەگواستنەوەیانە بۆ سینا، بەڵکو ئەو بیابانی نەقەبی پێباشە. بەهەمانشێوە عێراق بەردەوام لەهەوڵی جێگۆڕکێ و جینۆسایدو گۆڕینی دانیشتوانی عێراقە لەنێویاندا کورد، لەپێناو گونجاندنی لەگەڵ خواست و بەرژەوەندی حوکمداراندا.
شەشەم، لەدەستدانی پرسەکە. حەماس هێزێکی ئیخوانیە، بەڵام لەناو کایەی جیوپۆلەتیکی ئێرانیدایە. بەمجۆرە قەتەرو تورکیاو ئێران وەک کارتێک بەکاری دەبەن. ئەمە دەرئەنجامێکە هیچ هێزێک ناتوانێت لێی دەربازبێت. ئەم یارییە زۆر ئاڵۆزە، هەمیشە دەربڕینە فۆکۆییەکەم بیردەخاتەوە، کۆندەکت ئۆف کۆندەکت کە یانی بەکاربردنی ئەوەی هەیە. بەمانایەکی تر، فەلەستین کێشەی لە گەڵ ئیسرائیلدا هەیە، کورد کێشەی هەیە، بەڵام ئەم کێشەیە لەکایەی ململانێکانی تر بەکاردەبرێت. ئەمە گرێکوێرەی پەیوەندی کوردو ئەوانیتر بووە. ئێرانیەکان دەڵێن، شەر لەغەزە و عەدەن و دیمەشق و موسڵ دەکەن بۆ ئەوەی لە ناو ئێراندا نەیکەن. بەکاربردن و بە سوک سەیرکردنی ژیان و ژیاری ئەو خەڵکانەیە.