ئەمریکا: پشتگیری لە ئاگربەستێک ناکەین رێ بە حەماس بدات خۆی رێکبخاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پشتگیری لە راگەیاندنی ئاگربەستێک ناکات کە رێ بە حەماس بدات "خۆی رێکبخات" و بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.
ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە ئاگربەستێک ناکات کە رێ بە حەماس بدات، "خۆی رێکبخاتەوە و بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرستی دژی ئیسرائیل."
ماتو میڵەر وتیشی، جگە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم "حەماس رۆژانە مووشەک هەڵدەدات، ئەمڕۆ و دوێنێش مووشەکی هەڵداوە کە هاوڵاتی سڤیلی لە ئیسرائیل بە ئامانج گرتووە" بۆیە دژی هەر هەر ئاگربەستێک دەبن کە رێیان بدات بەردەوام بن لەم ئۆپەراسیۆنانە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە ئەوان پشتگیری لەو ئاگربەستە کاتییە مرۆییە دەکەن کە رێ بدات هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت، "بۆیە ئێمە بە سەختی کارمان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوری رەفەح لە باشوری غەززە."
لەبارەی کوژرانی بارمتە ئیسرائیلییەکانەوە کە حەماس رایگەیاندووە تا ئێستا 50 بارمتە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، میڵەر ئەوەی پشتڕاستنەکردەوە کە ئاخۆ ئەو 50 کەسە هاوڵاتی ئەمریکی تێدا بووبێت.
حکومەتی ئیسرائیل لەنوێترین ئاماریدا کە رایگەیاندووە دەڵێت، لە ئێستادا 224 کەس وەک بارمتە لەدەست حەماسدان.
بەهۆی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە بەردەوامە، هەزار و 400 ئیسرائیلی و نزیکەی حەوت هەزار فەڵەستینی کوژراون.