كاریگه‌ریی په‌پوولــەو تیۆری پشێویی

هه‌وڵدانێك بۆ تێگەیشتن‌و گونجاندن له‌گه‌ڵ سیستەمی ئاڵۆزدا  

یەک ساڵ لەمەوپێش



د. سەڵاحی گەرمیان

لەڕۆژی یەکەمی کانوونی دووەمی 1955دا، رۆزا پارکس Rosa Parks وه‌ك چالاكوانێكی مافی مه‌ده‌نی  لههەڵوێستێكی كه‌موێنه‌دا دژ بەیاسای جیاکاری رەگەزی وهستایهوەو رەتیکردەوە دەستبەرداری کورسییەکەی بێت لەناو پاسێکدا بۆ كه‌سێكی سپی پێست لەشاری مۆنتگۆمری لەویلایەتی ئەلاباما.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی رۆزا پارکس كه بووەهۆی دەستگیرکردنی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه، زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و بایکۆتێکی سەرتاسەری پاسەکانی لەشارهكهدا بەسەرکردایەتی دکتۆر مارتن لوسه‌ر کینگ و بزاڤی مافی مەدەنی هەڵگیرساند كه بۆ ماوەی381  رۆژ بەردەوام بوو. پاشان بووههۆكارێك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەڕای گشتیدا‌و یارمەتیدەر بوو لەهاندانی هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی جیاکاری ره‌گه‌زی لەسەرانسەری وڵات‌دا كه بۆ چه‌ندین سه‌ده دیارده‌یه‌كی به‌رچاوبوو كهڕەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتی. پاشان بووه هۆكاری پەسەندکردنی یاسای مافە مەدەنییەکانی له‌ساڵی 1964و یاسای مافی دەنگدانی  ساڵی 1965ی به‌دوای خۆیدا هێنا.

هه‌ڵوێستی رۆزا پارکس  دەتوانرێت بەشێوەیەکی مێتافۆریک ببەسترێتەوە بەتیۆری پشێوی و وەک «کاریگەری پەپوولە» The Butterfly Effect سەیربکرێت. تیۆری پشێوی لەسەر رەفتارە  ئاڵۆز‌و پێشبینی نەکراوەکانە کە لەسیستەمی ناڕاستههێڵی Nonlinear  و هه‌ستیاری بەبارودۆخە سەرەتاییەکانەوە The Sensitivity to Initial Condition سەرهەڵدەدەن. لەچوارچێوەی تیۆری پشێویدا، گۆڕانکاری بچووک لەبارودۆخی سەرەتاییدا دەتوانێت ببێتەهۆی دەرئەنجامە بەرچاوو پێشبینی نەکراوەکان. بەهەمان شێوە،  ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی  رۆزا پارکس وەک کردەوەیەکی بچووک سەیر ده‌کرێت کەبزووتنەوەیەکی گەورەو لێکەوتەی گرنگی به‌دوادا هات.

 

كاریگه‌ری په‌پووله چییه؟

کاریگەری پەپوولە لەسەر ئەو تێڕوانینە وەستاوە کەجیهان بەقووڵی بەیەکەوە گرێدراوە، بەجۆرێک کە یەک رووداوی بچووک ده‌كرێت کاریگەرییه‌كی گەورەی هەبێت لەسیستەمی ئاڵۆزدا.

ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وتی رۆزا پاركس نموونه‌ی كاریگه‌ری په‌پووله‌یه.

له‌مێژووی كۆن و نوێشدا نموونه‌ی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر كاریگه‌ری په‌پووله وه‌ك:  هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كه‌یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كانی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا هێناو بووه‌هۆی  له‌ناوچوونی زیاتر له 10 ملیۆن مرۆڤ،  به‌هۆی كوشتنی شازاده‌ی نه‌مسا ‹›فرانتز فیرناند›› له‌لایه‌ن كه‌سێكی سربیی له‌شاری سه‌راییڤۆ لەحوزهیرانی 1914.

پێش رووخاندنی سۆڤیەت، لەخەیاڵی کەسدا نەبوو تەنانەت بهسیاسەتمەدارانی رۆژئاوا‌و گۆرباچۆڤ خۆشییه‌وه کە (پرۆسترۆیکا)كه‌ی ئەنجامی ئاوای لێدەبێتەوەو ده‌بێته هۆی رووخانی دیواری به‌رلین و ههرەسهێنانی رژێمی سۆڤییه‌تی و بلۆكی ئەوروپای رۆژھەڵاتی و بەو شێوەیەی کەبینیمان پارچە پارچە ببن.

له 17ی كانوونی یه‌كه‌می 2010  له‌تونس، ‹›محه‌مه‌د بوعه‌زیزی›› گڕی له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا،  بڵێسه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هه‌ڵكردو ته‌شه‌نه‌یكرد بۆ میسر‌و لیبیا‌و سوریا‌و یه‌مه‌ن، ئه‌وه‌ی كهناسرا به (به‌هاری عه‌ره‌بی)ی لێكه‌وته‌وه‌و تائێستاش دانه‌مركاوه‌ته‌وه.

ئاگری شۆڕشی ژنان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی  ئێران سه‌رتاسه‌ری ئێرانی گرته‌وه به‌هۆی كوشتنی ‹›ژینا ئه‌مینی››یه‌وه له‌لایه‌ن  پۆلیسی ئه‌خلاقه‌وه، ته‌نیا له‌به‌ر لابردنی سه‌رپۆشه‌كه‌ی و ده‌ركه‌وتنی قژه‌كه‌ی.

ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسكران، چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌هه‌زاران نموونه‌ی به‌رجه‌سته له‌مێژووی كۆن و نوێ و له‌ژیانی رۆژانه‌مان له‌ئاستی تاك و ئه‌زموونی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و گەلانی دونیادا. ئه‌وانه نموونه‌ی سه‌لماندنی ئه‌وه‌ن كه(گۆڕانکاریەکی زۆر بچووک لەوانەیە ببێتە ھۆكاری سەرھەڵدانی رووداوی زۆر گەورە كەئهستهمه پێشبینی بكرێت) كه‌بنه‌مای بیرۆكه‌ی ‹› كاریگه‌ری په‌پووله››یه.

 زانای میتیۆرۆلۆجی ئه‌مریكی ئیدوارد لۆرینزEdward Lorenz  لەساڵی 1961  بۆ یه‌كه‌مجار كاریگه‌ری  په‌پووله‌ی بەكاریھێنا لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبواری کەشناسی و گوڕانکاریەکانی  لەسەر ئاستی دونیا. لۆرینز کۆمەڵێک ھاوکێشەی ماتماتیکی بەکارھێناو بەڕێگای پرۆگرامی تایبه‌ت له‌ڕێی کۆمپیوتەرەکەیەوە گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كهفڕین و لێدانی باڵه‌كانی پەپوولەیەکی بچووک له‌شاری هۆنگ كۆنگ (بۆ نموونه)  له‌وانه‌یه  لهمهودایهكی دووردا ببێتە هۆی به‌رپاكردنی زریان و تۆفانێكی گه‌وره له‌شاری ته‌كساسی ئه‌مریكادا.

بێگومان  لەم بارەیەوە پرسیار دێتە پێشەوە، له‌نموونەی:  ئه‌گه‌ر په‌پووله‌یه‌ك ببێته هۆی رووداوی له‌و جۆره، ئه‌ی چۆن  بەسه‌دان ملیۆن پەپوولەو باڵندەی جۆراوجۆر لەھەموو لایەکی جیھاندا بەشەوو به‌ڕۆژ ئه‌فڕن و شه‌قه‌ی  باڵه‌كانیان دێت، چۆن  زریان و ره‌شه‌باو لافاو ھەمووی دونیا وێران ناكات؟ 

له‌وه‌ڵامدا، پێویسته بڵێین، ئه‌و بابەتەکە میتافۆرەو وا بەسادەیی سەیر ناکرێت و ھەر گۆڕانكارییه‌ک كەڕوودهدات بارودۆخی تایبەتی خۆی ھەیەو ناتوانرێت پێشبینی بکرێت و کاردانەوەی لەمەودایەکی دووردا دەردەکەوێت بەپێی هه‌ستیاریی بۆ ئەو بارودۆخە سەرەتاییەی کەدەبێتە ھۆی رووداوەکه.

لەبری باوەڕبوون بەحهتمییهت و به‌وه‌ی کەئێمە مەحکومین و هیچ رێگایەک نییە بۆ ئەوەی کردەوەكانمان رێڕەوی ژیانمان بگۆڕن، کاریگەری پەپوولە ئەوەمان بۆ ده‌رده‌خات کە کردەوەیه‌كی بچووکمان له‌وانه‌یه بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش ئەو رێگایە بگۆڕێت کە گرتوومانه‌ته‌به‌ر.

 

پێناسه‌یه‌ك بۆ تیۆری پشێوی

كاردانه‌وه‌ی په‌پووله بنەمای تیۆری پشێوی Chaos Theoaryیه. ئەوه‌ش تێڕوانینێكه جه‌خت له‌وه ده‌كات کەجیاوازی بچووک لەبارودۆخە سەرەتاییەکاندا له‌وانه‌یه دەرئەنجامێكی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ش بەپێچەوانەی یاساکانی نیوتن لەبارەی جوڵەوەوه کەوا دەزانرا، دەکرێت  پێشبینی رووداوەکانی گەردون و دیاردەکانی سەرزەوی لەباران، تۆفان، زریان، رەشەبا، گەردەلوول، بوومەلەرزەو بورکان بکرێت و بەپێچەوانەی تیۆری بڕاوه‌یی (حەتمیەت Determinism ) كهگوایە دەکرێت کە پێشبینی دواڕۆژی مرۆڤ و کردەوەکانی بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی حاڵەتی ھەنوکەیی.

تیۆری پشێوی شێوازێکی نوێیە بۆ بیرکردنەوە. بەشێوەیەکی تەواو جیاواز سەیری گەردوون دەکات.  پشێوی پردێک لەنێوان بوارە جیاوازەکاندا دروستدەکات. تێگەیشتن لەپشێوی تێگەیشتنە لەژیان وەک ئەوەی تیادا ده‌ژین.

 کاتێک باس لەتیۆری پشێوی دەکەین گرنگە لەوە تێبگەین کەپشێوی ئاماژە نیە بۆ دۆخێکی به‌ته‌واوه‌تی شڵه‌ژاوی پچڕپچڕ، بەڵکو «زاراوەی زانستی پشێوی›› ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی بنەڕەتی پێكه‌وه‌یی کە لەڕووداوە بەڕواڵەت هەڕەمەکیەکاندا بوونی هەیە.

تیۆری پشێوی بەشێکی دانەبڕاوە لەژیانمان. رێبازێکی هەمەلایەنەی هەیەو تا راده‌یه‌كی زۆر لەهەموو بوارێكدا کارپێکراوە. تیۆری پشێوی ھەوڵی ئەوە دەدات کەئەو سیستەمە شاراوەیە بدۆزێتەوە کە وا لەپشت ئەو پشێوییهوهیه، تا بگاتە یاسا‌و رێسایەکی وا بۆ لێکۆڵینەوە لەو سیستەمه ئاڵۆزانه‌ی له‌جۆری كه‌شوهه‌وا، جوڵەی بازاڕ، زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان، مێشك و تۆڕی ده‌ماره‌كان،  ھتد...

لە سی ساڵی رابردوودا تیۆری پشێوی وه‌ك رێگایه‌كی  نوێی لێکۆڵینەوەو تێگەیشتن لەسیستەمی ئاڵۆز سەریهەڵداوە بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سیستەمی کراوەو ناڕاستههێڵی و داینامیکی کە بەردەوام لهکارلێکدایه لەگەڵ ژینگەكهیداو خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت و دەگۆڕدرێت و گەشه دەکات و پەرەدەسێنێت.

تیۆری پشێوی (سیستەمی داینامیکی ناڕاستههێڵی)یه مامەڵە لەگەڵ ئه‌و سیستەمه دەکات کە هه‌ڵسوكه‌وتی ئاڵۆز‌و بەڕواڵەت هەڕەمەکیانە پیشان دەدات و ھەوڵی ئەوە دەدات کە ئەو سیستەمە شاراوەیە بدۆزێتەوە کە وا لەپشت ئەو پشێوییهوهیه تابگاتە یاسا‌و رێسایەکی وا بۆ لێکۆڵینەوە لەو جۆرە سیستەمانە وەک (كه‌شوهه‌وا و جوڵەی بازاڕ‌و بۆرسه و بازاڕی دراو‌و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان  و ھتد.

تیۆری پشێوی لێکۆڵینەوە له‌و سیسته‌مه ده‌كات كه ناڕاستههێڵییە، كه هەستیارە بەبارودۆخە سەرەتاییەکان. (ناڕاستههێڵی بەو مانایەیە کە دەرچهی Outputی سیستەمەکە رێژەیی نییە لەگەڵ تێكردن Input ، واتا كۆ یەکسان نییە بەکۆی بەشەکانی.

تیۆری پشێوی لەچەندین دیسپلیندا بەکارهێنانی هەیە، لەوانە کەشناسی، ئەنترۆپۆلۆجی، کۆمەڵناسی، زانستی ژینگە، زانستی کۆمپیوتەر، ئەندازیاری، ئابووری و ئیکۆلۆجی.   

 

تێگه‌یشتن له‌سیسته‌می ئاڵۆز

 تیۆری پشێوی ئەوەمان پێدەگەیەنێت کەداینامیکی ناو سیستەمێکی ئاڵۆزComplex System  ناڕاستههێڵی Nonlinear و داینامیکی پەرشوبڵاوو پشێوەو لەشڵهژاندایە، گۆڕانێکی بچوک رووبدات لەبارودۆخی سەرەتایی ئەو سیستەمە دەبێتە مایەی گۆڕانکاریەکی گەورەی ناو سیستەمەکە لەداھاتوودا. ھەرچۆن لەبواری فیزیک و سروشتدا وایه، تیۆری پشێوی و زانستی ئاڵۆزی زۆر دیاردەو رووداوی شیکردووەتەوەو بۆچوونی نۆی خستووەتە ناو دونیای زانستەوە. بەھەمان شێوە لەسەر بوارەکانی تری ژیان لە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و سۆسیۆڵۆجی و سایكۆڵۆجی و په‌روه‌رده‌دا رەنگدانەوەی زۆری ھەیە.

بەپێچەوانەی زانستی فیزیکەوە کە بۆ شیکردنەوەی سیستەم و به‌ده‌ستھێنانی زانیاری لەبارەی ئەو سیستەمەوە لەپێکھاتەی سیستەم  دەکۆڵێتەوەو ورددەبێتەوە لەو بەشانەی کە ئەو سیستەمەی پێکھێناوە تا دەگاتە ئەتۆم کە بچووکترین بنەمای ھەر جەستەیەکە، زانستی ئاڵۆزیComplexity Science  دەڕوانێتە سیستەمەکان وەک سه‌رجه‌می  سیستەمه‌كه تاكو چۆنیەتی کارکردنی ئەو سیستەمە دیاری بکات. ھەروەھا چۆنیەتی کارکردنە سەریەکتری ئەندامەکانی سیستەمەکەو پێکەوەگرێدانیان کە دەبێتە ھۆی ئەوەی سه‌رهه‌ڵدانی دیاردە Phenomena  کەپێشبینی ناکرێت Unpredictable .  نموونەی ئەو سیستەمانە:

:: کۆمەڵانی خەڵک

::  سیستەمی ئابوری

:: تاكی مرۆڤ یان

:: مێشک وەکو سیستەمێکی ئەنجامدهری بیرکرنەوە.

ھەریەک لەو سیستەمانە سیستەمێکی ئاڵۆزن چونکە لەکۆمەڵێکی زۆر لەئەندام پێکھاتووە.

پەیدابوونی زانستی ئاڵۆزی و تیۆری پشێوی رێگایەکی نوێی بۆ بیرکردنەوە رووناک کردووەتەوە، بیرکردنەوەی ئاڵۆزی توانایەکی بەھێزتری ھەیە بۆ تێگەیشتن لەدیاردەکانی سروشت و ژیان وەک لە بیرکردنەوە لەسیستەمێک بەڕێگای شیکردنەوەی بۆ ئەو بەشانە یان پارچانەی پێکیانھێناون. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لەسیستەم و تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لەسەری ئاسانن کاتێک دەڕوانینە سیستەمێکی دروستکراو Artificial ، بەڵام سیستەمی ئاڵۆز کەتیایدا پشێوی سەرھەڵدهدات، لەسروشت یان لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکداوههروهها لەیەکپارچەبوونی وجودیشدا بەدیدەکرێت. جیھانی بچووک یان  مرۆڤ وەک جیھانێکی بچووک Microcosm  سیستەمێکی سادەتر نیە لەجیھانی مەزن یان گەردوون Macrocosm  و ژیانی تاکە کەسێک سادەتر نیە لەسیستەمی کۆمەڵایەتی وەکو بونێکی گشتی. ھەریەک لەوانە سیستەمێکی ئاڵوزە بەو ھۆیەی کەپەیوەندی ئاڵۆز‌و کارلێككردنیانInteraction  لەنێو ئەندامانیان ھەیە. 

سیسته‌می ئاڵۆز سیسته‌مێكی داینامیكییهو پێكھاتووە لەكۆمهڵێك به‌شی پێکەوە گرێ‌دراو یان پێکەوە به‌ستراو كه لەدەرەوه‌ی سیسته‌مه‌كه به‌دیناكرێن. لەئاکامی کارلێککردنی بەشەکانی، جۆره تایبەتمەندییه‌كی نوێ سهههڵدهدهن کە ھی گشت سیستمەکەن. زۆربەی دیاردە سروشتییەکان و زۆرێک لەئهندام و كار‌و چالاكییه دەستکردەکانی مرۆڤ لەڕاستیدا سیسته‌می ئاڵۆزن وه‌ك: سیستمە ئابوورییەکان، رێكخراوه‌كان، تۆڕی دەمارهكان،  خانەکانی لەش و مرۆڤ خۆشی سیسته‌مێکی ئاڵۆزە. سیسته‌می ئاڵۆز گه‌وره‌تره له‌كۆی پێكهاته‌كه‌ی، وه‌ك نموونه‌ش، کۆمەڵگه گەورەترە لەکۆی خەڵکەکەی یان، چۆن مێشک و ده‌ماره‌كان  زۆر به‌هێزو ئاڵۆزتره لەتۆڕی دەمارەکان كهپێكیدههێنن.

 تیۆری ئاڵۆزی بەدواداچوون بۆ سیستەمی ئاڵۆز دەکات، چۆن خۆیان دەگونجێنن و پەرەدەسەنن، بەدوای لێکچوون لەگەڵ سیستەمی گونجاوی ئاڵۆزی تردا دەگەڕێن.

مێشک سیستەمێکی ئاڵۆزە. سیستەمی ئاڵۆز رەفتار یان ئەنجامێک بەرهەمدەهێنن کە ‹›گەورەترن لەکۆی بەشەکانیان،›› دیاردەیەک کە بە ‹›سەرهەڵدان›› ناسراوە. ترافیک ئاسانترین نموونەی ئەمەیە. نا‌توانیت تێبگەیت کەهاتوچۆ چییە بەسەیرکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلێک، یان ئۆتۆمبێلێک. هاتوچۆ کارێکە لەسەر چۆنیەتی کارلێکی ئۆتۆمبێلێك لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانی تر، یاساکانی هاتوچۆ، بارودۆخی کەشوهەوا، بارودۆخی رێگاوبان، شۆفێرانی تر‌و هتد، کەهەموویان کەمێک جیاوازن لەهەر رۆژێک له‌ڕۆژانی هەفتەدا، لەهەر کاتێک له‌كاته‌كانی رۆژێكدا. هه‌مان شێوه‌ی کەشوهەوا، جوڵه‌ی هاتوچۆش بەئاسانی پێشبینی ناکرێت.

تیۆری ئاڵۆزیی، بۆ کۆمەڵێک دیاردەی گەورەی فیزیا، کیمیا، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری، دەروونزانی، زانستی دەمارو چەندانی تر بەکاربهێنرێت. سیستەمی ئاڵۆز لەهەموو شوێنێک هەیە، جەستەمان، مێشکمان، کۆمەڵگه. ئەم سیستهمانە زۆر توخم لەخۆدەگرن کە بەشێوەیەکی ناڕاستههێڵی کارلێکدەکەن.

زانستی ئاڵۆزی بنەمای رێكخراو لەخۆدەگرێت، کەمێشکی مرۆڤ نموونەیەکی به‌رچاوی ئەوه‌یه، کە دەمارە گەورەکان خۆیان رێکدەخەن بۆ پێکهێنانی تۆڕێکی پەیوەندیدار کە دەتوانێت کێشە ئاڵۆزەکان بەخێراییەک چارەسەر بکات کەهێشتا لەلایەن کۆمپیوتەرە پێشكه‌وتووه‌كانی ئێستاوە هاوتای بۆ نه‌بووه.

 

مرۆڤ و نادڵنیایی له‌دونیایه‌كی پشێوو ئاڵۆزدا

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تادێت زیاتر رووبه‌ڕووی ئاڵۆزی و پشێوی دەبنەوە له‌بواری: ئابوری،  پەروەردە، تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییه‌كان، به‌هۆی دۆخی نالەباری بێكاران و هەژاران، ناكۆكی نێوان پێكهاته  ئاینی و ئه‌تنیكییه‌كان،  ململانێی نێوان حزبەکان،  گەندەڵی سیاسی و  مامەڵەکردن لەگەڵ توندڕەویدا.  بۆیه گرنگه باس لەسەر ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤ بکەین لەڕوانگەی ‹›زانستی ئاڵۆزی و تیۆری پشێوی››یه‌وه، لەسەردەمێکدا کە نادیاری و ناڕۆشنی داهاتووی ژیان و شپرزەیی و گۆڕانکاریە خێراکانی رۆژگار لەدونیای سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی باڵی کێشاوە بەسەر ھەموو بوارەکاندا، مرۆڤی دووچاری نائارامی و دڵه‌ڕاوكێ له‌باره‌ی  ژیان و دواڕۆژی مرۆڤایەتی کردووەته‌وه. گەلان و کۆمەڵانی خەڵک لەوڵاتانی دونیا رووبەڕووی قەیرانی قووڵ دەبنەوە، لەپڕا رووداوی دڵتەزێن روودەدات و شەڕو ماڵوێرانی سەرھەڵدەدات. ھەروەکو لەبەرچاومانە، چ لەکوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌وڵاتانی تری وه‌ك ئەفغانستان، سوریا، یه‌مه‌ن، لیبیا، سودان، میانمار‌و فەلەستین و دەیان شوێنی تری جیھان مرۆڤ رووبەڕووی ئەو رووداوە تاڵانە بوونەتەوە. لەسەر ئاستی تاکەکەسیش، تاكی مرۆڤ (وەک سیستەمێکی ئاڵۆز)ی ناو خێزان، تادێت دووچاری دیاردەی نادیار‌و پشێوی و ناڕێکی Disorder  و رووداوی سەیر ده‌بێته‌وه.

ئەمڕۆ  لەبەرچاومانە چۆن وڵاتانی جیھان بەتایبەت ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌ناسران به‌جیھانی سییەم، ئەو قەیرانانەی کە دووچاری بوونەته‌وه رۆژ لەدوای رۆژ تابێت قووڵتر دەبن. رادەی ھەژاری و بێ‌کاری باڵی بەسەر زۆربه‌یاندا کێشاوە، برسێتی و لانەوازهیی تابێت ترسناکتر دەبێت و ھەڕەشە لەژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ دەکات، تادێت شەڕو تیرۆریستی و نائارامی ژیانی خەڵک تاڵتر دەکات.

رێکخراوی بازرگانی جیھان WTO و سندوقی پولی نێودەوڵەتی IMF بەبەردەوامی لەپلاندانانن لەئاڵۆزکردنی باری ئابوری وڵاتان و چەوساندنەوەی گەلان. تادێت نێوان ھەژاران و سەرمایەداران پان و بەرینتر دەبێت، ھەژاران تادێت ھەژارترو زۆرتر دەبن و سەرمایەدارانیش گیرفانیان پڕتر دەبێت. ھەرچەندە بزوتنەوەی ناڕه‌زاییه‌تی له‌جیھاندا سستی پێوە دیارە، بەڵام لەبەرەی دژ بەگلۆبالیزەکردنی جیھان و تیرۆریستی و شەڕ خۆی دەبینێتەوە و چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌ده‌ن. ئەمڕۆ لەھەموو رۆژێک زیاتر پێویست بەیەکبوونی ئەو بەرەیە دەکات تاكو ھۆشیارانەو بەتوندی بێنە مەیدانی ململانێی دژ بەچاوچنۆكی سەرمایەداری و گلۆبالیزەکردن و بەرەی شەڕو تیرۆریزم.

رووداوەکانی به‌هاری عه‌ره‌بی  بەڵگەن بۆ نادیاری سیستەمی ئاڵوز‌و پێشبینی نەکردنی گۆڕانکارییەکان.

بەپێی خۆڕێکخستن Self-organization  و سەرھەڵدان Emergence وەک دوو سیفەتی سیستەمی ئاڵۆز لەکاتی شڵه‌ژان و پشێوی دەبینین چەندین لایەنی  جوراوجۆری ده‌كه‌ونه خۆڕێکخستن و سەرھەڵدان لەئەنجامی کارلێككردن Interaction  پێكهوهلكێنراوی Interconnection ئەندامانی ناو سیستەمەکە.

ده‌توانین راپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانیش لەساڵی 1991 وه‌ك نموونەیەک بەرچاوی خۆڕێکخستن له سیستەمی ئاڵۆزدا  بهێنینه‌وه. پاشانیش بینیمان لەدوای سەرکوتکردنی راپەڕین، چۆن لەڕۆژانی رەوەکە، سەدان ھەزار لەخەڵکی کوردستان لەئاژاوەو ناڕۆشنی و نادیاری دواڕۆژدا، شار‌و شارۆچکەکانیان بەجێھێشت و چۆن چەندین گروپ و لایەن كه‌وتنه خۆڕێکخستن و سەریانھەڵدا لەو بارودۆخە نوێیەی کەھاتە کایەوە. بەھەمان شێوەش دوای کشانەوەی دەزگاکانی دەوڵه‌ت لەکوردستاندا، جارێکی تر خۆڕێکخستن و سەرھەڵدان لەنێو پشێویدا هاته‌كایه‌وه. لەبارودۆخی ئیستای کوردستانیشدا لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا وەک سیستەمێکی ئاڵۆز بەردەوام خۆڕێکخستن و سەرھەڵدان لەئارادایە نموونەی ئەوانەش خۆپیشاندان و دروستبوونی گروپی جۆراوجۆری چالاكوانانی مه‌ده‌نی نموونەیەکی تری دیاردەکانی ئەو سیسته‌مه ئاڵۆزەن.

 

تیۆری پشێوی و(ئیکۆلۆجی) وه‌ك سیسته‌مێكی ئاڵۆز

لەسروشتدا سیسته‌می ژینگه‌یی Ecosystem  وه‌ك سیسته‌مێكی ئاڵۆز، پڕه لەبوونهوهرو رووەک و جڕوجانه‌وه‌ری جیاواز‌و له‌کارلێکی به‌رده‌وامدان لەگەڵ یەکتر. ئەگەر جۆرەکانیان زۆر کەم ببنه‌وه، ئەوا ئه‌و سیستەمە ژینگه‌ییه  لاوازده‌بێت و بەئاسانی تێکده‌چێت. ئەگەر جۆرەکانی زۆربن،  کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکانی بژێویان ده‌کەن و پشێوی و ناجێگیری رووده‌دات. بەڵام کاتێک سیستەمی ژینگه‌یی  شێوازی جۆراوجۆری هەبێت و پێکەوە کاربکەن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن، ئەو سیسته‌مه زیاتر خۆڕاگر‌و هاوسەنگ دەبێت. ئەوەش حاڵه‌تی ‹›لێواری پشێوی››یه  لەو سیستەمە ژینگهییەدا!

داینامیکی زینده‌وه‌رانی نیشته‌جێی هه‌ر شوێنێك بوارێکی دیکەیە کەزۆرجار رەفتاری پشێوی پیشان دەدات. بەپێی سیستەمی تایبەت، گۆڕانکاری بچووک لەژمارهو قه‌باره‌ی سەرەتایی یان رێژەی گەشەکردندا ده‌كرێت ببێتەهۆی دەرئەنجامی زۆر جیاواز بەتێپەڕبوونی کات. ئه‌گه‌ر سیستەمێکی پشێو لەبایۆلۆجیدا، سیسته‌می ژینگه‌ی Eco-System  وه‌ك نموونه بگرینه به‌رچاو و بڕوانینه پەیوەندی نێوان جۆرێکی نێچیروان (گورگ وه‌ك نموونە) و جۆری نێچیرەکەش (نموونەی كه‌روێشك).

لەم سیناریۆیەدا قەبارەی هەردوو جۆری نێچیروان و نێچیره‌كان  ده‌كرێت پشێوی نیشانبدات. له‌سەرەتادا، زیادبوونی ژمارەی نێچیرەکان (كه‌روێشكه‌كان)، سەرچاوەی خۆراکی زیاد بۆ نێچیروانهکان (گورگه‌كان) دابین دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی نێچیروانهکان. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی نێچیروانهكان، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ژمارەی نێچیرەکان و لەئەنجامدا ژمارەیان کەمدەبێتەوە. ئەمەش لەبەرامبەردا دابینکردنی خۆراک بۆ نێچیروانهکان کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان. بەکەمبوونی ژماره‌ی  نێچیروانهکان، دواتر نێچیره‌كان دەتوانن دەست بکەن بەزیادبوون و سەرلەنوێ بازنه‌كه ده‌ستپێده‌كاته‌وه.

بەهۆی هەستیاری بەبارودۆخی سەرەتایی و داینامیکی ناڕاستههێڵی، گۆڕانکاری بچووك  لەژماره‌ی سەرەتایی یان هۆکارەکانی تردا ده‌كرێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی جیاواز‌و بەرچاو بەتێپەڕبوونی کات. بۆ نموونە، زیادبوونی کەمێک لەژمارەی سەرەتایی نێچیرەکان لەوانەیە ببێتەهۆی  جێگیری بازنه‌ی نێچیروان- نێچیر کە شێوازەکانی تاڕادەیەک پێشبینیکراویان هەبێت. بەڵام کەمبوونەوەیهكی کەم لەژمارەی سەرەتایی نێچیرەکان ده‌كرێت ببێتەهۆی داینامیکی پشێو، کەقەبارەی هەردوو جۆرەکە بەشێوەیەکی پێشبینینەکراو دەگۆڕێت.

لەو سیناریۆیەدا ئاڵوگۆڕكێی ئاڵۆزی نێوان ژماره‌ی نێچیروان و نێچیره‌كان رەفتاری پشێو نیشان ده‌دات، لەگەڵ پێشبینیکردنی رەفتاری درێژخایەنی سیستەمەکە کەئەستەمە بەوردی پێشبینی بکرێت. تیشک دەخاتەسەر ئەوەی کە چۆن گۆڕانکارییە بچووکەکان لەبارودۆخی سەرەتایی یان هۆکارەکانی تردا دەتوانن کاریگەری قووڵیان لەسەر سەقامگیری و داینامیکی سیستەمی بایۆلۆجی هەبێت.

 

بەکارهێنانی تیۆری پشێوی لەدەروونزانیدا؟

تیۆری پشێوی بەشێکی دانەبڕاوە لەژیانمان. رێبازێکی هەمەلایەنەی هەیەو تاڕاده‌یه‌كی زۆر لەهەموو بوارێكدا کارپێکراوە.

پشێوی له‌ژیانی مرۆڤدا، سترێس  دروستدەکات و نادیاری ژیان و نادڵنیایی کەسێک دەگرێتەوە تووشی هەستێک ده‌بێت کەهه‌موو شتێك لەکۆنتڕۆل دەرچووه. نادڵنیایی کاتێک دێته ئاراوە کەمرۆڤ ئاراستەی بنەڕەتی خۆی بۆ ژیان لەدەستبدات.  زۆرجار ئه‌و حاڵه‌ته‌ش به‌هۆی  گۆڕانكارییه‌كی بچووكه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات  له‌شوێنی کار، یان به‌هۆی گوشاری دەروونی ناو خێزان، باری ئابووری، كهڕەنگە لەتوانای مرۆڤ زیاتر بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی. 

تیۆری پشێوی دیدێکی ناڕاستههێڵی بەدەروونزانی دەدات، کە بەشێوەیەکی تایبەت تیایدا جەخت كراوهتهسەر هۆکارو کاریگەری لەدەرووندروستی و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤدا. روانگەی تیۆری پشێوی ئەوە پیشاندەدات کەڕووداوەکانی ژیان هه‌رچه‌ند بەڕواڵەت بچووک بن، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەرووندروستی و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ دەبێت. هەروەها باس لەوە دەکات کەژیان نادیارەو پێویستە مرۆڤ بەدوای رێگایەکدا بگەڕێت بۆ خۆگونجاندن و گەشەکردن.

ده‌كرێت تیۆری پشێوی لەههڵسوكهوتی مرۆڤدا بەکاربهێنرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کەداهاتوو له‌ژیاندا پێشبینی ناكرێت و دەروونزانی ناڕاستههێڵییەو ناتوانرێت هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ پێشبینی بكرێت.

به‌هۆی فراوان و ئاڵۆزی ژیانه‌وه، رەنگە هەندێک جار وا دەرکەوێت کەبڕیارو کردارە بچووکەکانمان کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر وێنە  گەورەکە  هه‌بێت. بەڵام ئەگەر بیر لەوردەکارییەکانی ژیان بکەینەوە، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت کەچۆن رووداوی  بچووک لەڕاستیدا په‌ره‌پێده‌ری  گۆڕانکارییەکی گەورە بووە لەژیاندا.

به‌پێی کاریگەری پەپوولە، پێویسته به‌وریاییه‌وه بیر لەبڕیارەکانمان بكه‌ینه‌وه چونکە هیچ كات نازانین دەرئەنجامی ئەو بڕیارانە چی  ده‌بن و چۆن له‌وانه‌یه ببنه پاڵنەرێکی سه‌یر، چونکە ئەوە پیشاندەدات کەکردارەکانمان گرنگن لەگۆڕینی رێڕەوی ژیاندا، هه‌رچەندە بچووک بن.

ئەو کەسانەی  دڵنیان له‌وه‌ی ده‌توانن پێشبینی هەموو شتێک بکەن، لەتیۆری پشێوی تێناگەن.

له‌باره‌ی  هه‌ڵكردن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ کاریگەریی پەپوولە  له‌ژیانی رۆژانه‌ماندا.  پێویسته ئه‌م خاڵانه  ره‌چاو بكرێن:

1) لەجیهانی ئاڵۆزی ئەمڕۆدا کە خێرا‌و بەردەوام لەگۆڕاندایە، ده‌كرێت باشتر خۆت بۆ شتە چاوەڕواننەکراوەکان ئامادە بکەیت و لەبڕیاردانتدا چالاک‌تر بیت.

2) بزانه کەهەر کردارێک  ئەنجامی دەدەیت کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەیەو پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته.

3) بەبیری کراوە بمێنەرەوە.

4) چاوت لەسەر ئەو شتانە بێت کە لەژینگەکەتدا روودەدەن.

5) هەموو هێلکەکان مه‌خه‌ره یەک سەبەتەوە.

6) فێربە چۆن ئەو شتانە لەپێشینە دابنێیت کە بەڕاستی زۆر گرنگە تا ئامادە بیت بۆ هەر شتێکی پێشبینی نه‌كراو.

7) ته‌ركیز بكه سەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانێک کە لەکاتە سەختەکاندا پشتگیریت دەکەن.

تیۆری پشێوی دەتوانێت تێڕوانینی نوێ بۆ زۆرێک لەبابەتەکانی دەروونزانی زیاد بکات و وا پێشنیازکراوە کەتیۆری پشێوی لەڕاستیدا زۆرێک لەدیاردە دەروونییەکان بەشێوەیەک روون دەکاتەوە کە وردتر‌و راستترە بۆ ژیان لەبیرکردنەوەی راسته هێڵی یان بیرکردنەوەی هۆکارو کاریگەری.

هەروەها به‌ئاشنابوون به‌تیۆری پشێوی، ده‌كرێت تێگەیشتن لەههڵسوكهتی مرۆڤ رووبدات.  تیۆری پشێوی، مرۆڤەکان وەک سیستەمی ئاڵۆز پۆلێن دەکات و بەم شێوەیە ده‌كرێت روونیبکاتەوە کەمرۆڤ چۆن گەشهدەکات و دەگۆڕێت بەشێوەیەکی ناڕاستههێڵی. بەم تێگەیشتنە لەمرۆڤ، پیشەوهرانی بواری دەرووندروستی دەتوانن هاوکاری لەگەڵ چاره‌سه‌رخوازان بکەن و یارمه‌تیده‌ربن بۆ گەشەکردن و خۆگونجاندنیان لەڕێڕهوی ژیانیاندا.

 

سه‌رچاوه‌كان:

1- Vladimir Dimitrov, (2003), The new kind of Social Science, Study of self-organization of Human Dynamics, Lulu press Morrisville- NC USA.

2- James Gileck (1988), Chaos: Making a new science, Penguin Books, NY, USA.

3- Tony Larrd (1996), Complexity and Military Strategic Tought Balancing Order and Chaos, Military Strategy and Operations,  Seminar A,CIL Rothmann, CAPT Tyson.

-4 Abraham, Frederick David & Gilgen, Albert R. (1995). Chaos Theory in Psychology. Praeger

5- نظام معقد، سایتی ویكیپیدیا


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار