بنیامین ناتانیاهۆ داوای لێبوردن دەکات دوای ئەوەی لۆمەی سوپای کرد لەسەر هێرشەکەی حەماس

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کرد، رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە لەلایەن سەرکردەکانی ئیسرائیلەوە و ناچاربوو داوای لێبوردن بکات.
لە پۆستەکەیدا ناتانیاهۆ لۆمەی سوپای وڵات و دەزگاکانی هەواڵگری ئیسرائیلی کرد کە شکستیانهێناوە لە رێگرتن لە هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 400 ئیسرائیلی و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە 200 کەسی تر. لە پۆستەکەدا ناتانیاهۆ دەڵێت: لە هیچ کات و بارودۆخێکدا ئاگادارکردنەوە نەدراوە بە سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ سەبارەت بە نیازی جەنگ لەلایەن حەماسەوە. بەپێچەوانەوە، هەموو بەرپرسانی ئاسایش، بە سەرۆکی هەواڵگری سوپا و سەرۆکی دەزگاکانی هەواڵگری [ئیسرائیل] هەڵسەنگاندنی ئەوەیان کردووە کە حەماس رێکگری لێکراوە و دەیەوێت بگاتە رێککەوتن.
دوای پۆستەکە، بێنی گانتز جەنەڕاڵی خانەنشین و ئەندامێکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ کرد پۆستەکەی بسڕێتەوە و سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆن، یایر لاپید، هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وتی، ناتانیاهۆ "هێڵی سووری تێپەڕاند."
دواتر چەندین سەرکردەی سیاسی و حکومی وڵاتەکە هاتنە بەرەی دژ بە ناتانیاهۆوە و رەخنەی توندیان لێگرت.
بەهۆی ئەو فشارانەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناچاربوو پۆستەکەی بسڕێتەوە و پۆستێکی نوێی کرد کە تێیدا وتی، "هەڵە بووم و نەئەبوو ئەو قسەیەم بکردایە بۆیە داوای لێبوردن دەکەم."
