ئاکسیۆس: زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازی ئیسرائیل لە غەزەن

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گۆڤاری ئاکسیۆس، لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلیەوە رایگەیاند،  لە رۆژی هەینی رابردووەوە سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازی خۆی ناردۆتە غەزە.

ئیسرائیل لە هەینی رابردووەوە هێرشە زەمینییەکانی دژی حەماس بە شێوەی سنووردار دەستپێکردووەو ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی :" سوپای ئیسرائیل خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ دۆزینەوەو رزگارکردنی بارمتەکان."

حەماس رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و جگە لە کوشتنی ١٤٠٠ کەس، بە وتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، لانیکەم ٢٣٩ کەسی بە بارمتە گرتووە کە ٤ کەسیان ئازاد کراون و سەربازێکی ئیسرائیلیش لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕزگارکرا.

بە پێی ئەم راپۆرتە کە بڵاوکراوەی ئاکسیۆس بڵاوی کردۆتەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بە یارمەتی سیستەمی زانیاری خۆی تونای سەربازێکی رفێندرو ئازاد بکات، بەرپرسانی ئیسرائیل هەوڵدەدەن سوود لەم رێکارە وەربگرن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانیتر.

هاوکات لقی سەربازی حەماس، رۆژی سێ شەممە ٣١ی تشرینی یەکەم رایگەیاند کە لە رۆژەکانی داهاتوودا چەند بارمتەیەکی بیانی ئازاد ئەکات و باسی لەوەش کرد غەزە ئەکەن بە گۆڕستانی سەربازانی ئیسرائیل.

ئەبوو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی حەماس لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێمە بە وڵاتان و لایەنەکانی نێوەنگیرمان راگەیاندووە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی دیار لە بیانییەکان ئازاد ئەکەین.

ئەبوو عوبەیدە لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا رایگەیاند :" غەزە ئەکەن بە گۆڕستان و زەلکاوی دوژمن، سەربازەکان و رێبەری سیاسی و چەکدارەکانی ئیسرائیلی تێدا نوقم ئەبن".

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەزە، بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، زیاتر لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە زیاتر کردووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار