ئیسلامی و چەپ: هاوپەیمانی یان هاودوژمنی؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی تر پرسی هاوپەیمانی نێوان چەپ و ئیسلامی هێنایە ئاراوە. ئەم پەیوەندییە هێشتا لەدونیای کوردیدا بوونی نیە، چونکە چەپی کوردی هێشتا چەپێکی سۆڤیەتییە. بۆ تێگەیشتن لەم پێکەوەبوونە قسەی زۆر کراوە، بەتایبەتی لەفەرەنسا. هەندێک پەیوەندی نێوان چەپ و ئیسلام دەگەڕێننەوە بۆ دژایەتی مۆدێرنە. هەردوو چەپ و ئیسلامی دژ بەبەهاکانی مۆدێرنەن، هەرچەندە بەشێوازو ئامانجی جیاواز. بەڵام هاوپەیمانییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. لێرەدا هەوڵدەدەم بۆ مەبەستی روونکردنەوە کەمێک بەسادەیی قسەی لەسەر بکەم.
سەرەتا دەبێت بزانین مەبەستمان لەچەپ چیە یان کێیە؟ چەپی رۆژئاوایی لەئەمڕۆدا چەپێکی مارکسی نیە. لەهەموو زیاتر چەپێکی فۆکۆییە. ئەم وەرچەرخانە هۆکارێکی سەرەکی ئەم نزیکبوونەوەیەیە. چەپی فۆکۆیی یانی چی؟ میشێل فۆکۆ بیرمەندێکی فەرەنسی بونیاتگەرابوو، کەدونیابینی دەربارەی دەسەڵات لەبیرمەندی ئەڵمانی نیتچەوە وەرگرتبوو. دیارە فۆکۆ نیتچەیی نەبوو بەدونیابینی، بەڵکو زیاتر بە میتۆد. بە کورتی و بە کوردی لای فۆکۆ دەسەڵات هەموو شتێکە. دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە. هەموو کردەیەکی مرۆیی کردەیەکی دەسەڵاتیە. بەڵام بۆ پۆشینی ئەمە هەوڵدەدات بەقسەی بریق و باق بیڕازێنێتەوە کەناوی نا خیتاب. فۆکۆ هەروەها چەمکەکانی ئەرکەلۆجیاو جینالۆجیای لەنیتچەوە وەرگرت. مەبەستی ئەو لەم دوو چەمکە ئەوەبوو کەچۆن بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی هەموو دیاردەیەک، وەک شوێنەوارناسێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی کەدەیدۆزێتەوە. پاش دۆزینەوەی شتەکە وەک خۆی، ئینجا هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ئەو رێچکەیەی کەگرتویەتیە بەر. فۆکۆ بڕوای وەهابوو هەموو شتێک لەسەرەتادا لەپێناوی دەسەڵاتدارێتیدا هاتووەتە ئاراوە.
چەمکێک لێرەدا گرنگە لێی تێبگەین ئەوەیە کەهەموو شتێک کەهەیە بونیادنراوە. ئەم چەمکی بونیادنانە پاشان بەکاردەبەم بۆ تێگەیشتن یان دیاریکردنی قەیرانی پەیوەندی چەپ و ئیسلام.
بەشێکی تر لەپرۆژەی فۆکۆ لەداڕشتنی چەپی ئەمڕۆ دیدی نەبوونی گەشەو تیورەی رەخنەییە. فۆکۆو زۆرێک لەچەپەکانی تر بڕوایان وەهایە کە لەگەڵ گەشەی مرۆڤایەتیدا هەمیشە نەهامەتیی هەیە. رەنگە واڵتەر بنیامین زیاتر ئەم دیدە بەزەقی ئاماژە پێبدات بەڵام بەزمانێکی ئەدەبی ئاڵۆز. گومان لەگەشەو بەرەوپێشچوون و بوونی داهاتووی باشتر هەموو بەشێکن لەخیتابی چەپ وەک رەخنەیەک لەخیتابی پەرەپێدان و گەشەسەندن و بەرەوپێشەوەچوون لای لیبرالەکان. لەسەروی هەموو ئەمانەوە تیورەی رەخنەییە. ئامانجی تیورەی رەخنەیی ئەوەیە کەبزانێت کەئەو دەسەڵاتخوازییە راستەقینە چیە کە لەهەناوی هەموو شتێکدا خۆی حەشارداوەو چۆن بتوانین لەڕێگای هەڵوەشانەوەی خیتاب یان دیکۆنسترەکشن یان ئامرازەکانی تر پێبگەین. ئەم دیدە لای چەپ وەهایە کەئامانجی شارستانی رۆژئاوا زاڵبوون و کۆلۆنیالیزم و تاڵانی و دەسەڵاتخوازییە نەک گەشانەوەو شارستانی و ئەم شتانە.
هەموو ئەمانە هاوبەشییەکی زۆری هەیە لەگەڵ دیدی ئیسلامیەکاندا بۆ دونیا بەتایبەتی بۆ دونیای رۆژئاواو لیبراڵیزم بەتایبەت تر، کەئێستا وەها دەبینرێت زاڵە بەسەر دونیابینی رۆژئاوادا.
لێرەدا دەبێت بەئاگاییەکی زۆرەوە پرسەکە راڤە بکەین. هاوپەیمانی چەپ و ئیسلامی لەپانتاییەکەوە بۆ پانتاییەکی تر هۆکارو پاڵنەری جیاوازی هەیە. زۆربەی جار مەبەست جیاوازە بەڵام کردار یەکە. بۆ نموونە، چەپێک بەلایەوە ئاساییە کەئافرەتێکی موسوڵمان لەشارێکی ئەوروپی سەرپۆشی دابێت. بەڵام ئەم ئاسایی بوونە، ئاڵۆزییەکی زۆر لەپشتیەوەیەتی. لای چەپ هەموو شوناسێک بونیادنراوە، مرۆڤەکان دەبێت ئازادییان هەبێت کەهەر شوناسێک دەیانەوێت بونیادی بنێن، چونکە هیچ شوناسێک کرۆکی یان فیترەیی نیە. لێرەدا دێمە سەر چەمکی کرۆک یان فیترە وەک چەمکێکی سەرەکی لای ئیسلامییەکان دژ بەچەپ.
بەم پێیە، لای چەپێکی فۆکۆیی، کەسەکان مافیایانە هەرچۆنێک خۆیان بونیادبنێن، چونکە لەدوا ئەنجامدا هەموو شوناسێک دەستکردەو بونیادنراوە، لەنێویاندا شوناسی ئیسلامی بوون، پۆشینی سەرپۆش یان هەر کردەیەکی تر. بەڵام هەموومان دەزانین کەکەسێکی ئیسلامی پرسەکە وەها نابینێت، بەڵکو لای ئەو هیچ شتێک بونیادنراو نیە بەڵکو پێدراوە، یان کرۆکی بونیەتی و یان ئەوەیە کەپێی دەوترێت فیترە. ئەم جیاوازییە لەهەندێک بواردا کێشە دروست ناکات بۆ نموونە سەرپۆش پۆشین، بەڵام کە دێتەسەر پرسی رەگەز، ژن و پیاو هەردوو چەپ و ئیسلامی خێرا لەیەکتر جودا دەبنەوە، چونکە لای چەپ هەمووی رەگەزو ژن و پیاوی و هەرشتێکی تر بونیادنراوە، بۆیە دەکرێت بگۆڕدرێت. بەڵام لای کەسێکی ئیسلامی ئەمانە فیترەتن نابێت بگۆڕدرێن. ئەمە قەیرانە پەنهانە، وەهای کردووە لەهەندێک وەها بیربکەنەوە کە بەناو دۆستایەتی نێوان ئیسلامی و چەپی فۆکۆیی تاکتیکە یان هاودوژمنایەتییە، نەک هاوپەیمانی.
ئەم هاوپەیمانییە لەشوێن و ئاستی تردا بەشێوازی جیاوازتر دەردەکەوێت. بۆ نموونە، چەپ کاتێک تووشی داڕمان بوو لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەمریکدا، وەک تیورەش تووشی ئیفلاسیی بوو، بۆ بارتەقای ئەمە پەنایان بردەبەر ئەدەبیاتی فاشیزم. ئیتر خەڵکانی وەک هایدگەر، کارل شمت، نیتچە و زۆری تر بوون بە بنەمای تیوریی ڕەخنە لە سەرمایداریی و لیبرالیزم. ئەم هاوپەیمانیەی نێوان چەپ و فاشیزم زەمینەی خۆشکرد بۆ هاوپەیمانی نێوان چەپ و ئیسلامی، بەتایبەتی ئیسلامی دژ بەئەمریکایی. ئەمریکا لای چەپ و ئیسلامی وەک شەیتانی گەورە دەبینرێت. هیچ پرسێکیش بەرجەستەی ئەم هێزە نیە هێندەی ئیسرائیل. بۆیە دژایەتی چەپ بۆ ئیسرائیل لەدژایەتی ئەمریکاوەیە. بەڵام دژایەتی ئیسلامی بۆ ئیسرائیل پاڵنەری جیاوازتری هەیە. چەپ بەگشتی بڕوای وەهایە کەهۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردانی رۆژئاوایە، ئیسلامییەکانیش لەمەدا هەتا ئاستێکی زۆر هاوڕان.
ئەم دیدە لەبوارێکی بەرفراوانی دونیای ئەکادیمیادا بەزەقی بەرجەستە دەبێت کەناوی پۆست-کۆلۆنیالە، یان پاش کۆلۆنیالیزم. قوتابخانەی پاش کۆلۆنیالیزم، بواری زۆرە، لەدەرکەوتە ئیدوارد سەعیدیەکەیدا ئەمریکا بەرپرسە لەهەموو نەهامەتیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تر. بەڵام لای بیرمەندی هیندی هۆمی بابا، پۆست-کۆلۆنیال موتوربەیەکە لەنێوان کۆلۆنیال و پێش-کۆلۆنیال. بەڵام بەگشتی ئەم ئەدەبیاتە دوانەیەکی بەرهەمهێناوە لەزاڵم و زوڵملێکراو. زاڵم رۆژئاوایە و زوڵملێکراو ئەوانیتر.
بەڵام کاتێک کەدەسەڵات بەرجەستە دەبێت، خێرا چەپ و ئیسلامی نەک لەیەکتر جودا دەبنەوە بەڵکو دەبنە نەیارو دوژمنی یەکتر. چونکە لای ئیسلامی بەرنامەیەک هەیە کەدەبێت مرۆڤەکان پیادەی بکەن و بۆیان نیە بیگۆڕن، بەڵام لای چەپ هیچ شتێکی پێدراو بوونی نیە، بەڵکو هەموو ئەوەی هەیە مرۆڤ خۆی بونیادی دەنێت. ئەمەش وەها دەکات کەهاوپەیمانییەکە قۆناغیی بێت، بۆ نموونە فۆکۆ زۆر سەرسام بوو بەشۆڕشی خومەینی.
بۆچی نە چەپ، نە ئیسلامی دۆستی کوردنین؟ هەندێک لەچەپ دۆستی تێزە نوێکەی ئۆجەلانن لەدژایەتی مۆدێرنەی سەرمایەداریی، بەڵام بەگشتی دۆستی پرسی کورد نین. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کەچەپ تەنها پاڵپشتی ئەو پرسانەیە کەتەبایە لەگەڵ ئایدلۆژیاکەیداو هەروەها پرسەکە چەندێک مرۆڤانە یان رەوابێت ئەگەر دژ بەئەمریکا نەبێت ئەوان پشتیوانی ناکەن. لای چەپ و ئیسلامی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیاو عێراق و سوریا وڵاتی خراپ نین، هەرچیەکەیش دەیکەن جێگای بایەخی ئەوان نیە، چونکە ئەوان تەنها بەدوای هاوبەرژەوەندێتی خۆیاندا وێڵن بەبێ گوێدانە هەر پرسێکی تر. بۆ نموونە لەکاتێکدا پشتیوانی غەزەن، بەڵام کاتێک روسیا گرۆزنی پایتەختی چیچانی وەک غەزە لێکرد، ئەوان نقەیان لێوە نەهات. نوکتەکە ئەوەیە کەکاتێک چەپ و ئیسلامی لەژینگەی بیری فۆکۆدا پێکەوە هەڵدەسوڕێن، کاتێک فۆکۆیانە لێیان دەڕوانیت ئەوانیش جگە لەدوو گروپی دەسەڵاتخوازی خاوەن خیتابی بریقەدار هیچی تر نین.