شۆڕشەکان بۆ سەردەمی ئێستا چیمان پێدەڵێن؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
نەجمەدین فارس حەسەن
چەمک و مەهامی شۆڕش، بەپێی رەوتی مێژوو، جگە لەوەی تێگەشتن و خواستی جیاوازی بەپێی سەردەمەکانی دیاریکراوە، خواست و ویستی گۆڕانی جیاوازیشی لەخۆگرتووە، یان سپاردویەتیە دەست گروپێکی تر، هەمان هەستی چینایەتی و بەرژەوەندخوازی و خۆپەرستی رابردوویان هەبووە. سەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بۆ سەرەتای دروستبوونی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی چینایەتی دەگەڕێتەوە . لەبەرئەوەی هەموو کردارێکی بەئازارو نایەکسان، پەرچەکردارێکی دژو پێچەوانەی هەبووەو هەیە، ئەمەش گۆڕانی لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی کۆنی گۆڕیوە بۆ سەردەمی نوێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێی بەرهەم هێناوە. گۆڕانی ماددیی مێژوو، چەند فرماسیۆنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی جیاوازی بەرهەمهێناوە، تا گەیشتووەتە ئێستای سەرمایەداری . کرداری چەوساوەکان و ململانێی چینایەتی لەناو پرۆسەی بەرهەمهێنان و شۆڕشەوە کارەکتەری دروستبوونی هەلومەرجی نوێیە، بەردەوامیش دەبێت تاسیستەمی جیاوازی چینایەتی کۆتاییان دێت.
هۆکاری جیاواز جیاواز ئاگری شۆڕشیان هەڵگیرساندووە لەمێژوودا، هۆکارەکانیش بەپێی سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام داخوازی بۆ یەکسانی وماف و ئازادییەکان، خاڵی هاوبەشی هەموو شۆڕشەکان بووە. بەپێی بڕواو بۆچوونی زۆرێک لەبیرمەندانی مێژووە جیاوازەکان و بەپێی سەردەمەکانیان، روودانی شۆڕش بۆ چەند هۆکارێک دەستنیشان دەکەن و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆکردووە.
بیرو بڕوا جیاوازەکان لەمێژوودا لەبارەی روودانی شۆڕشەوە:
ئەفلاتون ٤٠٠ساڵ پێش زایین، بڕوای وایە، کاتێک مرۆڤ رووبەڕووی چەوسانەوەو ئازاری برسێتی و سەرماو چەندین جۆری ئازاردان دەبێتەوە، ئەگەرسزایەکی رەوابوو، ئەوا بەڕووی دەسەڵاتدا شۆڕش بەرپاناکات، بەڵام ئەگەر زانی قوربانی دەستی زۆرداریە، ئەوا بەتووڕەییەکی پڕاوپڕ لەهەڵچوون و داچوون شۆڕش بەرپادەکات، تێدەکۆشێت لەپێناوی ئەوەی خۆی پێی دادپەروەرانەیە. هەموو ناڕەحەتییەکان تەحەمول دەکات تاسەرکەوتن بەدەستدەهێنێت..........
بەپێی بڕوای ئەرستۆ کەخوێندکاری ئەفلاتون بووە، لەهەموو جۆرەکانی حکومەت و دەسەڵاتەکاندا (ئۆلیگارشی، دیموکراسی، ئەرستۆکراسی،....)، مرۆڤەکان شۆڕش بەرپادەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی یەکسانیدا. لەیۆنانی کۆندا بەرزکردنەوەی پەرچەمی ئازادی و یەکسانی داخوازی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای یۆنانیەکان بووە.
لەدوای ئەو سەردەمە سەردەمی ئیسلام دێت، بڕواو بۆچوونەکان لەئیسلامدا لەمەڕ شۆڕش، هەر هاتنە دەرەوەیەک لەماڵ، خۆپیشاندان و رژانە سەر شەقامەکان و مەیدانەکانی شا، بەمانای دەربڕینی توڕەیی و نەمانی سەبرو پشودرێژی و بەرگەگرتن دێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام خۆی بەکۆتا ئاینی ئاسمانی دەزانێت، هەر هەڵسوکەوتێک کە دژ بەحوکم و دەسەڵاتی خەلیفەی مسوڵمانان بکرێت بەناشەرعی و بەدژی راسپاردەکانی خوای لەقەڵەمدەدەن، دژی دەوەستنەوەو وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک نادەنەوە، وەکو ئەوەی لەمێژووی ئەو دەسەڵاتانەی خەلافەتەکانی ئیسلامدا روویانداوە.
بیریارانی سەدەی حەڤدەو سەدەکانی دواتر تێڕوانینەکانیان جۆراو جۆرن. بۆ نموونە، لەلای جۆن لۆک، مافی بەرەنگاری و شۆڕش، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کەدەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناشەرعی بڕیاری مانەوەی دەدات و جێبەجێ دەکات. واتە ئەگەر دەسەڵات شەرعیەتی هەبوو، پێویست ناکات شۆڕش بەڕوویاندا بەرپابکرێت هەتا ئەگەر دڕندەش بێت. شەرعیەتپێدان بەهۆی دەنگی خەڵکەوە دروست دەبێت، مەرج نیە هەموو شەرعیەتپێدانێک راست و دروستی و عەدالەتی دەسەڵات پێشان بدات.
باکۆنین، بڕوای وایە، کۆتایهێنان بەداگیرکاری و کۆمەڵگای چەوسێنەر، لەڕێگەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەوە دەبێت، کۆتایی نایەت ئەگەر هەموو سەرکردایەتیەکان لەناوەندەکاندا هەڵنەوەشێتەوە. شۆڕش، هاندانی هەموو شارێک و هەموو گوندێک و هەموو کۆمۆنەکانە، بەبەرپاکردنی جەنگە تایبەتیەکانی خۆیان. لەسەر مرۆڤەکان پێویستە کەبێجگە لەبەرەنگاریکردنی سوپا کەخاوەنی یەک سەرکردایەتییە، شۆڕش بەهەڵچونە سۆزداریە شۆڕشگێڕانەکە دەبێتە سەرکەوتنێکی چەسپاوو بێگومان کردن. ئەم بۆچوونەی باکۆنین، پشت نابەستێت بەکردەیەکی دیاریکراوی سازدراوی ئامانج روون. کاری خودبەخودی و بەرهەمێکی نادیارو بێ ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگای سەرمایەداریە بەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ئەمەش بیرو کرداری ئانارکیستەکانە، لەهەر کوێیەک بن.
بەبڕوای مارکس، جیاواز لەبۆچونەکانی پێشتر، کاتێک شۆڕش وادەی هات، چینی کرێکار شۆڕش بەرپادەکات، بەرژەوەندی کۆمەڵگای شۆڕشگێڕ (بەمانای ئەرک و ئامانجی رەوتی ماددی مێژوویی چینی کرێکار بۆ گۆڕانی مێژوویی کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزمی زانستی) دەکات بەسەرچاوەی خۆی لەوکاتانەدا، هەموو ئەو پێویستییە ماددیانە بەرجەستەو دابین دەکات، کە لەپێناوی چالاکی شۆڕشدایە، بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانی، هەموو ئەو سازاندن و پێویستیانە لەبەرچاو دەگرێت، کەپێویستییەکانی ئەو تێکۆشانە پڕدەکاتەوە، بەرەنجامی کارەکانی پاڵی پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانی دوورترین و وردترین بیرووبۆچونی خزمەتکار بەشۆڕش، ئەمەش ناچێتە سەر بابەتی تووێژینەوەیەکی تێووری لەهەمان کاتدا.
دروستترین بۆچوون بۆ بە ئەنجامگەیاندنی شۆڕش لەم سەردەمەی ئێستادا، بۆچوونی مارکسە، لەبەرئەوەی وەڵامدەرەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەئاڕاستەی رەوتی ماددی مێژوویی بەرجەستەدەکات لەکۆمەڵگاکاندا، ئالیەتی سەرکەوتنی بەڕوونی پێشانداوە ، دژبوونی خۆی بۆ کاری خۆبەخۆی و بێ بەرنامەی لەسەرکەوتنی شۆڕشدا پێشانداوە. سەرکەوتنی شۆڕشەکان بەندە بەسازاندن و بەرجەستەکردنی پێویستیەکانی هەڵسوڕانی و ئامانجی روون، بەرجەستەکردنی گۆڕانکاریە لەسیستەمی چەوسێنەرانەی پەیوەندی کارو سەرمایە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری. گۆڕانی دەمووچاوێک بەدەمووچاوێکی تر لەهەمان سیستەمدا، شۆڕش نیە، واتای بەرپاکردنی شۆڕش لەسیستەمی سەرمایەداریدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتیە ، بەکۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و تووێژە کۆمەڵایەتییەکان .
شۆڕشە جیاوازەکان و ئەنجامەکانیان لەمێژوودا: ئەوانەی لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان هاتووە، هەندێکیان شۆڕشن بەواتای گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، هەندێکیشیان ماک و ناوەڕۆکی شۆڕشیان پێوە نیە، لەبەرئەوەی گۆڕانی بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی تیایدا روونەداوە.
یەکێک لەو جوڵانەوانە، رووداوی ساڵی ١٢١٥ز ئینگلترایە، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی ئەرستۆکراتەکان بوو دژی مەلیک جۆن. داوایان دەکرد پاشا دان بنێت بەمافی خەڵکیشدا، مەبەستیش لێی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتەکان بوو، ئەنجامیشیاندا. واتا سیستەم نەگۆڕا، بەرژەوەندی چینێک سەنتەری جوڵانەوەکە بوو لەناو هەمان فرماسیۆنی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش گۆڕانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئابووری نیە.
لەمێژوودا چەندین شۆڕشی زانستی هەیە، توانیویانە سەرجەمی تێڕوانینەکانی رابردوو بەباری رووی راستی خۆیدا بگۆڕن. یەکێک لەو شۆڕشە گرنگانە، شۆڕشی کۆپەرنیکۆس (١٤٧٣-١٥٤٣)زی بوو، بەوەی کەهێنانە خوارەوەی وتەکان بوو لەئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، ئەوەش بەدەرخستنی ئەو زانستەی کەخۆر بریتیە لەسەنتەرو ناوەندی کۆمەڵەی خۆر، زەوی ئەو ناوەندە نیە، ئەو تێووریە گەورەترین شۆڕش بوو لەمێژووی زانست و فەلەکناسیدا.
جووڵانەوەکانی کرۆمۆیڵ ١٦٦٦ز، دوای لەناوبردنی پەرلەمان، لەئینگلترادا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دامەزراند، پێچەوانەی گەڕانەوەی پاشایەتی و لەناوبردن و دەرکردنی خێزانی ستیوارت و گوێزانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ولیام و ماری ساڵی ١٦٨٨ز. ئەم جۆرەش لەجوڵانەوانە، نەیتوانیوە پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت، ئەم جوڵانەوانەو گۆڕانی سەروچاو، ناچێتە خانەی شۆڕشەوە هەرچەندە لەمێژوودا بەشۆڕش ناوی هاتبێت.
جۆرێکی تری ناونانی جووڵانەوەکان بەشۆڕش، ناوزەدکردنی شۆڕشی ١٧٧٦ز ئەمریکایە. ئەم جوڵانەوەیەی خاوەن سەرمایەو زەویووزارو کۆیلەکان بوو، دژی هەمان چین بوو لەناو دەسەڵات و دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلترادا. ئەم جوڵانەوەیە نەیتوانی باری گرانی ژیانی کۆیلەداری کۆیلەکان لەئەمریکادا بگۆڕێت. ئەو جوڵانەوەیە نەبووە هۆکاری گۆڕینی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی، بەفرماسیۆنێکی تر. بەڵکو کۆیلەداری بەردەوام بوو هەتا هەموواری سیازدەی دەستووری ئەمریکا لەساڵی ١٨٦٥ز. ئەمەش نەیتوانی لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی بەکۆیلەیەتی بهێنێت، تەنها مرەکەبی سەرکاغەز بوو. ئەم جووڵانەوەیە ناتوانیت بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بیچوێنی، تەنها وەکو رزگاری نیشتمانی چاولێدەکرێت، واتا تەنها رزگاری خاوەن زەوی و سەرمایەکان بوو لەژێر چنگی باج و خەراجی دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلیز، هەتا لەدواتریشدا دەوڵەتی کۆمارییانیش دامەزراندبێت.
لەو شۆڕشانەی کەفرماسیۆنی کۆمەڵایەتی گۆڕی، شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩زی فەڕەنسی بوو، شۆڕشی بۆرژوازی بوو، هەڵگری گۆڕانی فکری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. گۆڕانی بنەڕەتی دروستکرد لەپەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی، پەیوەندیەکی نوێی چینایەتی سەرمایەداریانەی هێنایە ئاراوە، سەرکەوتنی چینی ناوەند بوو بەسەر پاشاو ئەرستۆکراتەکاندا، کۆتاییان بەکۆیلەی کشتوکاڵیدا هێنا، سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەی چەسپاند ، هەروەها بەشۆڕشی نیشتمانی و دیموکراسی دیاری دەکرێت. بەڵام شۆڕشی ١٨٤٨ز فەڕەنسا، بەشداری پرۆلیتاریا بوو، ئەمەش سەرەتای دەستپێکی رووبەڕووبونەوەی سەرمایەداران و پرۆلیتاریا بوو، شێوەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەخۆگرتبوو، هەرچەند پرۆلیتاریا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێناو کۆماری دووەمی بۆرژوازی فەڕەنسای بەرجەستە کرد، بەڵام بوو بەچاوگێک بۆ شۆڕشەکانی تری ئەورووپا، بەرجەستەکردنی بەشێک لەمافەکانی مرۆڤی بەشێوەیەکی رێکوپێکتر بەیان کردو شیعاری ئازادی و برایەتی و دادوەری بەیان دەکرد. ئەم شۆڕشەش زۆرتر لایەنداری مرۆڤانەو کۆمەڵایەتیانەی پێشان دەدات. شۆڕشی ١٧٨٩ز شکڵی شۆڕشێکی گەلیانەی لەخۆگرتبوو بەکاریگەری وهاندانی بیری بۆرژوازیانەی بۆرژوازی. بەڵام ئەوەی ١٨٤٨ز ململانێیەکی چینایەتیانەی لەخۆگرتبوو.
بەڵام جیاواز لەشۆڕشەکانی تر، لەسەردەمی هاتنە ئارای سەرمایەداری شۆڕشێکی چینایەتی پرۆلیتاریای فەڕەنسی ساڵی ١٨٧١ز بوو، بەکۆمۆنەی پاریس ناسراوە، تەمەنی لەنێوان ١٨ئازار بۆ ٢٨ئایاری ١٨٧١ز درێژەی کێشا، یەکەم حکومەتی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بوو. لەوکاتەدا ئەم شۆڕشەش نەبووە گۆڕانکاری و گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئەمەش بەهۆکاری کەمی تەمەنی و فرەیی لەڕاوبۆچونی جیاوازی ناو کۆمۆنارەکان، لەلایەکی تریش گەمارۆو پیلانگێڕانی دەوڵەتانی ئەوروپا دژی کۆمۆنەی پاریس لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان، تەمەنێکی کورتی بەڕێکرد. بەڵام وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان خوڵقاند، بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن لەڕووی ماف و کرێکانیانەوە.
شۆڕشی ئۆکیۆبەری ١٩١٧ز روسیا، ئەمیش بەیەکێک لەو شۆڕسانە هەژماردەکرێت، دوا سەنگەری دەرەبەگایەتی و کۆیلەی کشتوکاڵی لەئەوروپادا تێکشکاندو لەجێگەی سیستەمی پاتریارکی و کشتوکاڵی ، سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزراند، ئابوریەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەربازی پێشکەوتووی خستە جێگەی ئابووری کشتووکاڵی و سیستەمی پاتریارکی رابردوو. ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بەشۆڕشی سۆسیالیستی ناویان دەبرد، بەڵام هیچ بنەمایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی پێوە دیارنەبوو و دانەمەزراند. دەسەڵاتی پاتریارکی کشتوکاڵی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی گروپێکی حزبی و سەربازی بەدسپلین و رێکخراو. هەرچیەک بوو بێت، تەنها سۆسیالیزم نەبووە، ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەت کەوتووەتە چنگی گروپێکی سیاسی و سەربازیی حزبیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شۆڕشە بەپاڵنەری ئەوەی شۆڕشێکی سۆسیالیستی بووە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر شۆڕشەکانی ئەوروپا و ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیاو ئەمریکای لاتیندا هەبووە، لەبەشێکی بیرکردنەوەی سیاسی و دامەزراندنی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی چین و کوبادا رەنگیداوەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو.
شۆڕشی ساڵی ١٩٥٤ز چین، گۆڕانی کۆمەڵگایەکی دابەشبووی چەند چین و تووێژێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دواکەوتوو بوو بوو. ئەوانەش خاوەندارانی زەویوزار، چینێکی کۆمپرادۆر لەدێهاتەکان کە وابەستەی سەرمایەی بێگانەی دەرەوەی و وردە بۆرژوازی کەنوێنەرایەتی خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکان و پیشەسازییە دەستیەکان و تووێژێکی بچوکی رۆشنبیرو خوێندەوارەکانی دەکرد، ئەمەش تووێژێکی گەورەی کۆمەڵگای پێکدەهێنا. شەریحەیەکی تری کۆمەڵگای چین بریتیبوون لەچەشنەکانی پرۆلیتاریا، کەپێکدەهاتن لەزۆرینەیەکی جوتیارانی کشتوکاڵی خاوەنانی زەوییە بچوکەکان و جوتیارە هەژارەکان، خاوەنانی پیشەسازی دەستی و کرێکارانی شوێنە پیشەسازییەکان و فرۆشیارە گەڕۆکەکان. چینی پرۆلیتاری پیشەسازیش بەپێی کۆمەڵگای چین ژمارەکەیان کەمترە. شۆڕشی چین ئەم پەیوەندیە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەی گۆڕی بەکۆمەڵگایەک کەسەرچاوە ئابووریەکانی خستە دەستی دەوڵەتەوەو سەرکردەکانی دەوڵەتیش، ئەوانەبوون کەئەندامانی حزبی شوعی چین بوون، وەکو یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها شۆڕشی ١٩٥٩ز کوباش، وەکو چین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیان بریتیبوون لەخاوەن زەویەکان و بۆرژوازی کۆمپرادۆری وابەستە بەسەرمایەی ئەمریکییەوە، ئەمانە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. شۆڕشی کوباش وەکو شۆڕشەکانی چین و روسیا، نەیانتوانی کۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و تووێژە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرێنن. هەرسێ شۆڕشەکەو ئەوانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری سیاسی سەرمایەداری، نەگۆڕی بەسیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و چەوسانەوە. تەنها گۆڕینی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بوو بەسەرمایەداری دەوڵەتی، شۆڕشی سۆسیالیستی نەبوو وەکو هەندێک لەبیریارانی بۆرژوازی و لیبراڵی بەیانیان دەکرد.
بەپێی بڕوای هەندێک لەنووسەرە بۆرژوازی و نیشتمانییەکان، کودەتاکانی کەڕوویانداوە لەکیشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقیا دا، بەشۆڕش ناویان بردوون. وەکو کودەتای ٢٣یولیو١٩٥٢ز میسر دژی پاشایەتی. هەروەها کودەتای ١٤تەمموز١٩٥٨ز عێراق دژی پاشایەتی. کودەتای بەعسیەکانی سوریا لەساڵی ١٩٦٣ز دژی دەرەبەگایەتی. هەروەها کودەتای ١٧-٣٠تەمموزی ١٩٦٨ز بەعسیەکانی عێراق، دژی سیستەمی کۆماری عەبدولڕەحمان عارف. هەموو ئەم کودەتایانەو ئەوانەشی کەناومان نەبردوون، نەیانتوانیوە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری بگۆڕن، بەسیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوەو بێ کاری بەکرێ. لەسەردەمی سەرمایەداریدا شۆڕش کاتێک پایەو مانای دەبێت کە گۆڕانی بنەڕەتی بکات لەپێکهاتەی ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی بەکۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە، بەداخەوە ئەمەش هەتا ئێستا رووینەداوە.
ناونانی جوڵانەوەو خۆپیشاندانەکانی باکوری کیشوەری ئەفریقا، بەشۆڕشی بەهاری عەرەبی، ناوو ناونیشانێکی هەڵەیەو ماکی گۆڕانی ریشەیی پەیوەندیەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵنەگرتبوو و بەرجەستەی نەکرد لەکۆمەڵگاکانیاندا. بنەڕەتی ناوی بەهاری عەرەبی دەگەڕێتەوە و ئیلهامی لەشۆڕشەکانی بەهاری ١٨٤٨ز ئەوروپاوە وەرگرتبوو، یان پێیان بڕیبوو. ئەمانەش نەیانتوانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕن بەسیستەمێکی شایستە بەژیانێکی سەردەمیانەی، بێ چەوسانەوەو کاری بەکرێ بۆ مرۆڤەکان. هەر جووڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک، گۆڕینی دەمووچاوو مانەوەی هەمان سیستەمی رابردوو لەخۆبگرێت، لەئێستای سیستەمی سەرمایەداری، ماناو دەلالەتی روودانی شۆڕش لەدەستدەدات.
خۆپشاندانەکانی ئێران لەبەر ڕۆشنایی شۆڕشەکانی ڕابردودا:
لەڕوانگەی ئەو شۆڕشانەی لەڕابردوودا روویانداوە، باسێکی کورت لەناوەڕۆکی جوڵانەوەو خۆپیشاندانەکانی ساڵانی پێشووی ئێران دەکەین. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر جوڵانەوەکان و خۆپیشاندانەکانی ئێران و پلاتفۆڕمی (ژن- ژیان- ئازادی)، پەرچەمێکی ریفۆرمیستی و فمینیستانەی ناگشتگیرە، نەیتوانیوە دەربڕی ناوەڕۆکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتگیری هەمەلایەن بێت و لەخۆبگرێت، هەرچەندە هەموو چین و تووێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشداری تێدابکەن. هێزەکانی خەڵک لەدەرەوەو ناوەوەی ئێران، هێشتا نازانن بەڕوونی چیان دەوێت و لەدواتردا چی دادەمەزرێنن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان چی بەسەردێنن. لەئێستای سەرمایەداریدا، هەر گۆڕانێک کەسیستەم لەبنەڕەتەوە هەڵنەتەکێنێت و سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێچین دانەمەزرێت لەجێگایدا، ناچێتە خانەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەوە. لەخۆوە هەر جوڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک بەشۆڕش بزانرێت دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە، هەروەکو ئەوەی بانگەوازدەکرێت بۆ پشتیوانی کردن و لەگەڵمان بن لەشۆڕشی ئێراندا، بڕواش بەڕێکخراوی چینایەتی نەبێت، بانێکەو دووهەوا. لەگەڵ بوون واتای رێکخراوبوونە، کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەی ئامانجێکدا. بیرکردنەوەو گرنگیدان بەکاری خودبەخود، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران بیردەکرێتەوە، هەمان بیرووبۆچونە کەهەیەجانی سۆزو عاتیفە دەکاتە ئامانجی سەرکەوتنی شۆڕش، هەمان بۆچوونی ئانارکیانەی باکۆنینیان هەیە. ئەمەش سەرکەوتنی شۆڕش بەخوا دەسپێرێت. لەلایەکی تر کۆمەڵێک لەبێ ئامانجی و ناڕوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران، بەرگی کوردایەتی دەکات بەبەردا، لەبەرئەوەی ئاگری ئەو خۆپیشاندانانە، بەپریشکی گیان لەدەستدانی کچێکی کورد خۆش بوو. لەلایەکی تر کۆمەڵێک ئاڵای شاهنشاهی رابردووی ئێران بەرزەکەنەوە. ئەم راکێشان راکێشانە، بەڵگەی ئەوەیە کە یەکگرتووییەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێران بوونی نیە، خۆپیشاندانەکان ئامانجی روونی سەرتاسەری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئابوورییان نیە. ئەو بۆچوونەی کە لەپێشتردا بەیانمان کرد بۆ سەرکەوتنی شۆڕش گرنگی گەورەو گەرەنتی سەرکەوتن دەکات. لەبەرئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران لاشەیەکی بێ سەرە، لەهەرکاتێکدا بێت دەکەوێتە چاڵێکەوەو سەردەنێتەوە. لەبەرئەوە لەسەر کۆمۆنیستە زانستیەکان پێویستە پەرەنەدەن بەکاری خودبەخودیانەو داڵدەی سۆزدارییانەیان بۆ هیچ خۆپیشاندان و جوڵانەوەیەک بڕوای پێنەهێنن و نەبێت، هەر جوڵانەوەو خۆپیشاندانێک ئامانجدار بکەن بەئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێچین و چەوسانەوەی مرۆڤ لەبەرچاوبگرن ئامانجمان بێت. لاشەیەک چاوی نەبێت و مێشکی نەبێت ناتوانێت بەئاڕاستەی دروست رێبکات. مارکس دەڵێت، تێکۆشان دژی سەرمایەداری، بەشێوەیەکی سەردەمیانەو لەسنورێکی باڵاترداو بەبایەخێکی ترەوە، تێکۆشانی کرێکاری کرێگرتەیە دژی سیستەمی بۆرژوازی (سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی)، ئاوات و ئارەزوی شۆڕشی سۆسیالیستی نوێ (زانستی) بریتیە لەسەرکەوتنی پرۆلیتاریا بەسەر بۆرژوازیدا. رێکخستنی کۆمەڵگایە بەشێوەیەک کە هەموو جیاوازییە چینایەتیەکان لەناوببات. وەکو ئەوانەی کە لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان بردو ئەو ئەرکەشی جێبەجێنەکرد. ئەوەی ئێستا لەئێران دەگوزەرێت، خۆپیشاندەران هەڵگری شیعاری بۆرژوازین کەخۆی لەناو (ژن – ژیان – ئازادی) مەڵاسداوە. ئازادی فۆڕمی بیرکردنەوەی شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسی بوو، بیریارانی لیبراڵی دایانڕشتووەو پێیدەناسرێتەوە، ئازادی لەلای لیبرالیزم، هەڵسوکەوتی ئازادانەی مرۆڤە بە بەهاکانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوەو خۆی لەئازادی خاوەندارێتیدا دەبینێتەوە.
ئەو وتەیەی مارکس دەکەم بەکۆتا تێڕوانین لەبارەی شۆڕش لەسەردەمی سەرمایەداریدا، دەڵێت: کۆمۆنیزم لەهەموو بزووتنەوەکانی رابردوو هەتا ئێستا جیاوازترە، ئەوەیە کەهەموو پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان وهەڵسووکەوتەکانی رابردوو ژێرەوژوور دەکات، هەموو مەلومەرجە مەرجدارە سروشتیەکانی رابردوو، کەبەرهەمهاتووی رابردووی مرۆڤن هەتائێستا، داماڵراوە لەشێوە سروشتیەکەی و خراوەتە ژێر چنگی دەسەڵاتداران، بەهوشیاریەوە چارەسەری دەکات.
سەرچاوەکان:
١-افلاطون : جمهوریة، دار الوفاء لدنیا لطباعة والنشر.
٢-ارسطو : السیاسة ، منشورات الجمل.
٣-آنجلس: آلباکونینیة فی آلعمل، دار الفارابی.
٤-جون لوک: فی الحکم المدنی، اللجنة الدولیة لترجمة الروائع.
٥-حنە ارنیدت: رآی فی الثورات، الهیئة العامة لقصور الثقافة.
٦-عبدالرضا الطعان: مفهوم الثورة، دار المعرفة.
٧-مارکس،آنجلس: الایدیولوجیة الالمانیة، دار دمشق.
٨-مارکس: النظال الطبقی فی فرنسا من ١٨٤٨ الی ١٨٥٠، دارالتقدم.
٩-مارکس: الحرب الاهلیة فی فرنسا، دارالتقدم.
١٠-الموسوعة السیاسیة، مفهوم الثورة،