وتەبێژی پنتاگۆن: لە 21 رۆژدا 38 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانمان لە عێراق و سوریا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر و لانیکەم 45 کارمەندی ئەمریکی برینداربوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە رۆژی 17ی مانگی رابردووەوە تا ئێستا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر.
وتەبێژەکەی پنتاگۆن دەشڵێت، بەشێکی زۆر لەو هێرشانەی بە مووشەک و درۆن ئەنجامدراون و ئەوان بڕوایان وایە لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرابن.
پاتریک رایدەر لەسەر زیانی ئەو هێرشانە دەڵێت، لانی کەم 45 کارمەندی ئەمریکی لە هێرشەکاندا بریداربوون کە 24 کەسیان زیان بەر مێشکیان کەوتووە.
لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران خۆیان بێبەری کردووە لەو هێرشانە و دەڵێن ئەو گروپانە بە سەربەخۆ کار دەکەن و لەسەر بڕیاری هەر هێرشێک ناگەڕێنەوە بۆ ئەوان.
تا ئێستا ئەمریکا دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و چەند پێگەیەکی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. دوای هێرشەکان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا بوەستێنێت.