تەنها ئەمنییەت بەس نییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سیروان غەریب
لەنێو قەرەباڵغی و هات و هاواری ئەوانەی نۆرەیان بۆ چوونە نێو یاریگای فرانسۆ حەریری شاری هەولێر گرتبوو تاوەكو یاری نێودەوڵەتی یانەی ئیتحادی سعودی و قوەجەوییەی عێراق ببینن هاندەرێكی گەنج لەنێو كێشمەكێش و پاڵەپەستۆكەیا هاواری كرد «دڵنیاتان دەكەمەوە گەر وابڕوات سزا دەدرێین و ناهێڵن یارییەكانمان لەناوخۆی عێراق ئەنجامبدرێت».
یانەی قوەجەوییەی عێراقی دوو یاریگا لەبەردەمی بوو تاوەكو قەناعەت بەیەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بكات یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیای تیادا ئەنجامبدات، «بەسرەو هەولێر» یانەكە هەولێری هەڵبژارد، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی بەغدا هێشتا بەهۆكاری ئەمنی یاریگای نێودەوڵەتی شەعب هەر لەژێر سزادایە.
هاواری ئەو گەنجە زۆر راستەو گومانی تیادا نیەو لەدڵسۆزییەوەیە بۆ یانەكەی كە لەبەغداوە هاتووە بۆ هاندانی، بەڵام كێشەكە هەر ئەوەنییە ، بەڵكو چەندین درزی تر هەیە ئەگەر بێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە رەنگە یاریگای هەولێر میوانداری یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا لەدەستبدات و خەونی هەموو ئەوانەش بكوژرێت كەتامەزرۆی چێژوەرگرتنن لەیارییە بەهێزەكان. «خەونەكە زۆر گەورە نییە، مەبەستم چەشنی یارییەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووە».
یەكەم: لەیاریگای نێودەوڵەتیدا دەبێت لەهەموو شوێنێكەوە یاریگاكە ببینیت، بەڵام لەیاریگای فرانسۆ حەریری شوێنی vip بەربەستە لەبەردەم بینینی بەشێك لەهاندەری یارییەكان.
دووەم: هەندێك هاندەر دەچنە سەر ئەو شوێنە بەرزانەی كە بۆ دانانی كامێراكانی پەخشی راستەوخۆ دانراون، ئەمە لەدنیادا نەك رێگەپێنەدراوە، بەڵكو سزای لەسەرە.
سێهەم: هاتنە ژوورەوەی كەسانی دەستگێڕی فرۆشتنی جگەرە كەئەمە لەدنیای تۆپی پێدا نەماوە. جا وەرە بیشفرۆشرێت بەمنداڵی 10 ساڵ بۆ 11 ساڵ . ئەمە قەدەغەیە. لەوێنەیەكدا كە لەلام پارێزراوە چەند منداڵێك لەیاریگاكە جگەرە دەخۆن و لەدیمەنێكی تردا كەسێكی دەستگێڕ جگەرە دەفرۆشێت.
چوارەم: شوێنی دانیشتنی هاندەران بەشێكی زۆری خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی جگەرەی یارییەكانی پێشووی لێبوو، كەئەمەیان پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەئیدارەی یانەی هەولێرەوە هەیە. وێنە هەیە دۆكۆمێنت كراوە كەشوێنی دانیشتنەكان وادەردەكەوێت چەند یارییەك پاكنەكرابێتنەوە.
پێنجەم: نابێت ئاوی كۆبووەوەی باراناو لەنێو یاریگادا هەبێت، بەڵام وەك دەبینرا لەبەردەم شوێنی دانیشتنی پشت گۆڵچی « لای راست، واتە گۆڵی لای كافور» ئاوێك كۆبووەتەوە كەدەكرا پێش یارییەكە لاببرێت، بەڵام لانەبرابوو فەرامۆشكرابوو.
بەكورتی، بۆ ئەوەی یاریگایەك سزا نەدرێت تەها پاراستنی ئەمنی دەرەوەی یاریگاو ناوەوەی یاریگا كە تاڕادایەكی زۆر باش لەیاریگای فرانسۆ حەریری لەیاری نێوان قوەجەوییەو ئیتحاد پارێزرابوو بەس نییە. بەڵكو ئەو خاڵانەی كەباسمان كرد دەبنەمایەی كێشەو سزای لێدەكەوێتەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە فرۆشتنی جگەرە لەلایەن دەستگێڕەكان و فیشكەی جگەرەی منداڵان، ئەم دیمەنە بكەوێتە زوومی كامێرای پەخشی راستەوخۆی نێو یاریگاكەوە بێگومان یاریگاكە بێ سزا دەربازی نابێت.