سودانی: لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا عێراق دەچێتە ئاستی خۆبژێوی
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەماینی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراق رایگەیاند عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە و لە پێنج ساڵی داهاتوودا وڵاتەکە دەگاتە ئاستی خۆبژێوی، دەشڵێت، عێراق هەڵوێستی "ئاشکرایە" لەسەر پرسی فەڵەستین.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە پێکهاتوون لە باڵیۆزانی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکان و هەروەها نێردە و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە عێراق.
محەممەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی عێراق پێی راگەیاندن، پێویستە هەڵوێستی روونی عێراق ئاشکرا بکەن لەسەر پرسی فەڵەستین، کە "ئێمە بە پرسێکی بنچینەیی و بیر و باوەڕی دەزانین."
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە و باڵیۆزانی وڵاتە جیاوازەکان جەختی لە راگەیاندنی ئاگربەست و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەزە کردەوە.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا سودانی باسی لەو "دەستکەوتانە" کرد لە بەرنامەی کابینەکەیدا بەدەست هاتوون و وتی، دەرفەتێکی ئومێدبەخش هەیە کە حکومەتی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و غازدا، "عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت."