کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی لە سعودییە بەڕێوەدەچێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەبەشداری سەرۆککۆماری عێراق سبەینێ کۆبوونەوەی نائاسایی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی تایبەت بە دۆخی کەرتی غەززە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.

وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی سبەینێ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەی جەنگی نێوان غەزە و ئیسرائیل دەدەن و پرسێکی دیکەش، پەیوەستە بە ئاوارەکانی فەلەستین و دابەشکردنی بەسەر وڵاتەکاندا کە پێشنیازی وڵاتانی جی حەوتە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

ئەمینداریەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی بڵاوی کردەوە، سبەینێ شەممە لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بەڕێوە دەچێت، و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆ کردنە لەبارەی دۆخی کەرتی غەزە، کە ماوەی ٣٥ ڕۆژە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێت.

سام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسێک کە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبییەوە ئامادەکراوە، دەخرێتە بەردەم سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی تایبەت بە شەڕی کەرتی غەززە و دواتر لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسەکە بڵاودەکرێتەوە، کە بریتی دەبێت، لە ھەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەسەر شەڕی کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و ئیدانەکردنی ھێرشەکانی ئیسرائیل.

لە لایەکی دیکەوە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا و کۆریای باشوور) پێشنیازیان کردووە، دانیشتووانی غەزە بەسەر وڵاتانی (میسر، عێراق، ئوردن و لیبیا) دابەش بکرێت و لەوێ نیشتەجێ ببن تا کۆتایی هاتنی جەنگ، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە و کە ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستینیان بە هێڵی سوور ناوبرد و داوا دەکرێت ئاگر بەست ڕابگەیەنرێت و هاوکارییە مرۆییەکان، بگاتە دەست هاووڵاتییان و ژیانی ژن و منداڵەکان بپارێزرێت.

بە پێی زانیارییەکانی میدیا عەرەبییەکان، ئەم هەنگاوە کە ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە لە کۆبوونەوەی سبەینێ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و هەڵوێستی سەرۆکی وڵاتانی بەشدار لە کۆمکاری عەرەبی وەردەگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار