ئەمریکا گروپەکانى سەر بە ئیرانى لە سوریا بۆردوومان کرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌ نوێترین وه‌ڵامدا بۆ زنجیره‌یه‌ك هێرش بۆسه‌ر هێزه‌كانی له‌ سوریا و عێراق، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ سوریا ئه‌نجام دا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا وتی، هێرشەکان دامەزراوەیەکی مەشقییان لە نزیک شاری ئەلبو کەمال و حەشارگەیەکییان لە نزیک شاری مەیادین کردووەتە ئامانج و بایدن فەرمانی بە هێرشە ئاسمانییەکان کردووە.

ئۆستن وتی " سەرۆک هیچ ئەرکێکی سەرەکیتری نیە لە پارێزراویی سەربازانی ئەمەریکا، هەروەها فەرمانی بە کارەکەی ئەمڕۆ کردووە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئەمەریکا بەرگری لە خۆی و سەربازەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات."

بەپێی زانیارییەکان هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان كامپێكییان كردووه‌ته‌ ئامانج له‌ ناوچه‌یه‌كی ڕۆژئاوای ئه‌لبو كه‌مال له‌ دێره‌لزوور كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌براوه‌.

هەروەها هێرشه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ نزیك پردێكی نزیك شاری مه‌یادین بووه‌، له‌ نزیك سنووری عێراق و شوێنی سه‌ره‌كی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێران.

هێرشەکە سێیەمین هێرشی ئاسمانی ئەمەریکایە لە 26 ی مانگی 10 ەوە، لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵی سەرکوتکردنی شەپۆلی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و ڕۆکێتەکان دەدات دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق، کە هەموویان بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دروست بوون.

ئێران و لایەنگرەکانی دەڵێن ئەمەریکا بەرپرسیارێتی هەیە لە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

جێگەیباسە  له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا لانیكه‌م 40 جار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریادا له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌. لانیكه‌م 45 سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكایی بریندار بوون به‌ڵام برینه‌كانییان سووك بووه‌.

ئه‌مریكا 900 سه‌ربازی له‌ سوریادا هه‌یه‌ و 2500 سه‌ربازی دیكه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌ركی ئه‌و هێزانه‌ مه‌شق و ڕاهێنانه‌ به‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان كه‌ هه‌وڵی ڕێگریكردن ده‌ده‌ن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕێكخراوی داعش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار