دۆلار: بۆچی چیدی دونیا تەخت نییە؟

8 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەساڵی 2010  توماس فریدمانی ستوننوس لەڕۆژنامەی نیورک تایمز، بەئاگا بووەوە کەدونیا تەختە. ئەو ئاگاییەی لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی هیندییەوە پێگەیشت. فریدمان پاش بیرکردنەوەی لەوتەی کەسە هیندییەکە بڕیاریدا کەکتێبێک بەو ناونیشانە بنووسێت. کتێبەکەی فریدمان گرنگە، چونکە هەڵگری دیدێکە کەبڕوای وەهایە لەساڵان و سەدەکانی رابردوودا دونیا بەرەو بوون بەیەک یەکە رۆیشتووە، بەتایبەتی پاش رووخانی دیواری بەرلین ٣٥ ساڵ پایز لەمەوپێش. تێزەکەی فریدمان لەسەر ئەوە بونیادنراوە کەگەشەی تەکنەلۆجیاو بازرگانی و هەروەها بیری لیبراڵ، هەموو پێکەوە دیوارەکان لەنێوان کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکاندا دەڕووخێنن. لەئەنجامی رووخانی دیوارەکان دونیا تەخت دەبێت.

ئەم دیدە بەشێوەیەکی گشتی بەجیهانگەریی ناسراوە. بەسادەیی ئەم دیدە وەها دەبیننێت کەگۆی زەوی بەرەو ئەوە دەڕوات کەببێت بەشوێنێک کاڵاو بیرو شمەکەکان و هەتا ئاستێکیش مرۆڤەکان بەئاسانی و بەبێ بەربەست بەدونیا، هەتا بێت بەخێرایی زیاتر بڕۆن.

نەبوونی بەربەست، خێرایی، ئاسانبوونی دەستپێگەیشتن لەخەسڵەتەکانی ئەم سەردەمەن. فریدمان و ئەوانیتر بۆ نموونە بیل کلینتۆن، وەهایان دەبینی کەئەم سیستەمە زاڵ دەبێت بەسەر دەوڵەتدا، نەک دەوڵەت زاڵ بێت بەسەریدا. هەتا رووداونی بەهاری عەرەبیش وەهامان دەبیست کەگەشەی سیستەمی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاو سیستەمەکانی تری پەیوەندی، خەڵکی بەتوانا کردووە لەبەرامبەر دەسەڵات یان سیستەمدا، جارێکی تر ئاسان نیە کەسیستەمەکان بتوانن وەک جاران خەڵک کۆنترۆڵ بکەن.

دیارە قسەکردن لەسەر ئەم بوارەو ئاڵۆزییەکانی لێرەدا جێگای نابێتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە، بەڵێ ئەوە راستی بوو کەسیستەمی جیهانگەریی و شۆڕشی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێت بوو بەمایەی توانا بەخشین بەخەڵک، هەتا ئێستاش بڕێکی زۆری ئەم دیدە راستە. بەڵام لەپڕ ئەمریکا بۆی دەرکەوت کەدەتوانێت بەپێچەوانەشەوە بەکاری بهێنێت.

لێرەدا چەمکی بەڕێکەوت، دەناسێنین. بەڕێکەوت مەبەست لێی ئەوەیە کەسەرەتا پلانڕێژی نەبوو کەئەو سیستەمەی کەهەیە بەوجۆرە بەکاربێت، چونکە لەڕاستیدا زانیاری نەبوو کەسیستەمەکە چۆن دەبێت. کەس نەیدەزانی، ئێستاش نازانێت کەدونیای تەکنەلۆجیا بەرەو کوێ دەچێت، بۆ نموونە ئەوەی دونیای حەپەساندووە لەئەمڕۆدا گەشەی خێرای هۆشمەندی دەستکردە، کەس ناتوانێت پلانڕێژی بکات بەوەی کەچۆن بەکاری دەهێنێت، چونکە لەبنەڕەتدا نازانێت کەبازدانەکانی چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.

ئەمە دۆخی چاوەڕوان نەکراوەو نەزانراو دەهێنێتە نێو دونیای سیاسەت و پلانڕێژییەوە، بەوەی نازانێت ئەو ئامرازەی کەهەیە چۆن ئەگەری هەیە بەشێوازێک بەکاربێت کەبیر لێنەکراوەیە.

لەزستانی ساڵی ٢٠٠٦ کەسێک بەناوی ستیوارت لیڤی کەجێگری وەزیری خەزانەی ئەمریکی بوو بۆ کاروباری تیرۆرو زانیاریی دارایی، لەسەفەردابوو بۆ وڵاتی بەحرەین. بەڕێکەوت لەڕۆژنامەدا بابەتێکی خوێندەوە کەچۆن بانکێکی گەورەی سویسری پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا پچڕی. لیڤی بیری لەوە کردەوە کەئایا ناکرێت حکومەتی ئەمریکی بانکی تری بیانی ناچار بکات بەپچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا.

هەرزوو بیرۆکەکەی داڕشت و دای بەوەزیری دەرەوەی ئەوکاتە کۆندەلیزە رایس. رایس بەدڵی بوو. وەزارەتی خەزانە ئەوەیان دەزانی کەکۆمپانیا گەورەکان ناتوانن بەبێ دەستگەیشتن بەدۆلار لەئاستی دونیادا کاربکەن. لیڤی سەرەتا بەڕێگریی لەبانکە ئێرانییەکان دەستیپێکرد بۆ دەستگەیشتن بەدۆلار بەشێوازی ناڕاستەوخۆ.

وەک دەزانین کەنەوت لەهەموو دونیادا بەدۆلار دەنرخێندرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک وڵاتێکی تر نەوت دەکڕێت ئەو پرۆسەی کڕینەکە بە ناو سیستەمی گواستنەوەی ئەمریکیدا تێدەپەڕێت. ئەمە سەرەتای پرۆسەیەکی فراوانبوو. هەر لەهەمان ساڵدا، ٢٠٠٦، ئەمریکا ئابڵوقەی خستەسەر بانکی سادراتی ئێرانی بەبیانوی ئەوەی پارەی بۆ حزبوڵای لوبنانی ناردووە. لەڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە ئەمریکا ئەوەی بۆ دەرکەوت کەنەک دەتوانێت وڵاتێکی وەک ئێران لەدونیا داببڕێت بەڵکو ئەوانیتریش ناچار بکات کەسیاسەتەکانی پیادە بکەن و بەدوور گرتن لەبەکاربردنی سەربازیی و جەنگ، فشارەکانی خۆی بکات. بەجۆرێک لەساڵی ٢٠٠٨ ئەمریکا بەتەواوی سەرجەم بانکەکانی ئێرانی خستە ژێر ئابڵوقە.

کەئۆباما هات بۆ کۆشکی سپی، وەک سەرۆکێکی چەپ، هەوڵیدا لەگەڵ ئێراندا نەرم بێت. بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێرانییەکان و رەفتارەکانی دەوڵەتی ئێرانی،  ئۆبامای ناچارکرد بەردوەام بێت لەئابڵوقەکان. لەڕاستیدا ئۆباما داوای لەستیوارت کرد، هەرچەندە کۆمارییەکان هێنابوویان، لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە. پاشان بۆ ئیدارەی ئۆباما روونبووەوە ئەگەر فشاری ئابڵوقەکان، بەتایبەتی دۆلار نەبوایە ئێران هەرگیز ئامادەنەبوو دانوستان بکات.

لەم میانەدا لەساڵی ٢٠٠٨ سیستەمی سویفتیان دۆزییەوە. سویفت سیستەمێکی بانکیە کەزانیاری دەدات دەربارەی ناوو شوێن و هەژماری بانکی کەس و کۆمپانیاکان کاتێک پارە هەناردە دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە ریتچارد هۆلبۆرک و دینس رۆس کەمپەینێکیان دەستپێکرد. ئامانجی کەمپەینەکە ئەوەبوو کەئێران لەسیستەمی سویفت بکەنە دەرەوە. لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٢ کەمپەینەکە سەرکەوت و سویفت، کەبنکەکەی لەبرۆکسلە، ناچارکرا ئێران بکاتە دەرەوە.

پاش دابڕانی ئێران، عێراق بوو بەبەرەی ئەم جەنگە. عێراق راستەوخۆ لەئەمریکا دۆلاری فرۆشی نەوتی وەردەگرێت و هەروەها هەتا ئێستا لەسیستەمی سویفتدانیە. ئەمە مانای ئەوەیە کەدۆلار بەئاسانی دەگاتە عێراق و لەهەناو هیچ سیستەمێکدا نیە، هەتا بتوانرێت چاودێریی جووڵەی ئەو دۆلارانە بکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا، پاش کشانەوەو لاوازبونی ئەمریکا لەناوچەکە، عێراق بوو بەبەشێک لەسیستەمی رووبەڕووبوونەوەی ئێران لەعێراق. هەروەها لەئەنجامدا ئێران بوو بەو وڵاتەی کەباڵادەستە بەسەر عێراقدا، بۆیە ئەمریکا ناچاربوو بۆ ئیدارەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات. ئەمەش وەها دەکات کەدۆلارو سویفت و نرخی دۆلار بەشێک بێت لەئیدارەدانی هەردوو عێراق و ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەتایبەتی کاتێک ئەمریکا تەنها لەچەند پنتێکی دابڕاودا بوونی هەیە لەعێراق.

لەم پرۆسەیەدا ئەوەی پێی دەوترێت عێراق لەنێوان دوو وڵات و سیستەمدایە کەهیچ توانایەکی بەسەر هیچ لایەکیاندا ناشکێت. لەهەمانکاتدا هەردوولا تێیانگیراندوەو ئەویش هەردووی بۆ رازی ناکرێت. بۆ ئەم مەبەستە عێراق لەڕۆژانی رابردوودا داوای یەک بلیۆن دۆلاری لەئەمریکا کرد کەوەک کاش بیداتێ. بەڵام ئەمریکا داواکارییەکەیان راگرتووە بەبیانوی ئەوەی کەبەغدا دۆلار بەشێوازێکی نایاسایی بۆ ئێران دەگوێزێتەوە.

وەک دەزانرێت کە لەسەرەتای هاتنی ئەمریکاوە بۆ عێراق، هەموو دوو هەفتە جارێک لەڕێگای فڕۆکەیەکی کارگۆوە دۆلار وەک کاش بۆ عێراق دێت، کەبڕەکەی ساڵانە دەگاتە نزیکەی ١٠ بلیۆن دۆلار. بازرگانی دۆلار یەکێکە لەپڕخێرترین بازرگانییەکان لەعێراقدا کەنوخبەیەکی دەستڕۆیشتوو دەستیان بەسەریدا گرتووەو سودێکی زۆری لێدەبینن. چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا. ئەو جیاوازییە هەمووی دەچێتە گیرفانی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لەعێراق.

کەواتە پرسی دۆلار لەعێراقدا وابەستەیە بەکۆمەڵێک پرس و ململانێی ترەوە، بەشێکی زۆری دەوڵەتی عێراقی توانای بەسەریدا ناشکێت چونکە وڵاتێکی بێ سەروەرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار