مەسرور بارزانی: ئەگەر پشکی خۆمان پێبدرێت لە بودجەی عێراق ئێستا کوردستان زیاتر پێشدەکەوت

3 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئەگەر بودجە بە هەرێمی کوردستان بدرایە ئەوا هەرێمی کوردستان زیاتر پێشدەکەوت و "بەرەوپێشچوونی زیاترمان دەبینی"، دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێکردووە، بەڵام وەک خۆی مافی پێ نەدراوە."
مەسرور بارزانی لەمیانی دیدارێکدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەرێوەدەچێت وتی، "بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا هەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام هیچ کاتێک مافی خۆمان وەکو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرمان نەگرتووە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، "بەهۆی ئەو نادادپەروەری بەغدا دەیکات بەرامبەر ئێمە لەبابەتی بودجەی خۆمان ئەگەر ئەم پاڵپشتییەمان هەبێت و بودجەی خۆمان هەبێت، ئەو بەرەوپێشچوونەی هەمانە کە بەبێ هاوکاری بەغدا کردوومانە و ئەگەر پشکی خۆمان پێ بدرێت کوردستان زۆر جیاواز دەبوو و شوێنیکی زۆر باش دەبوو."
لەبارەی کیشەی هەناردەرکردنەوەی نەوتی هەرێم مەسرور بارزانی وتی، کێشەی سەرەکی هەناردەی نەوت دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەیە، لە گرێبەستەکان ئاماژە بە تێچوییەکی دیاریکراو بۆ دەرهێنانی نەوت دراوە، بەڵام بەغدا تێچوییەکی بۆ ئەو کۆمپانیایانە داناوە کە "جێگای قبوڵ نییە، تێچوی دەرهێنانی نەوت لە یاسای بودجە بە شەش دۆلار دانراوە، لە کاتێکدا کێڵگەی نەوت عێراقی هەیە بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 24 دۆلار دانراوە."

