جەنگ بەشێوەیەکی کاتی رادەگیرێت

رێککەوتنەکە تەنها پەسەندکردنی کابینەی جەنگی ئیسرائیل‌و سەرکردایەتیی حەماسی ماوە

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ٤٥ رۆژ لەشەڕو بۆردومانی بەردەوام، ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل نزیکەو دەیانەوێت کۆتایی بەجەنگ بهێنن.

چەند رۆژێکە هەواڵی ئاگربەست لەمیدیا جیهانییەکاندا باسی لێوەدەکرێت و بەرپرسانی هەردوولا دەڵێن «نزیکین» لەگەیشتن بەڕێککەوتن.

رۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس رایانگەیاند نزیکبوونەتەوە لەڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی.

ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە نزیکن «لەگەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئاگربەست»  لەڕێی نێوەندگیری قەتەرەوە.

ئیسماعیل هەنییە هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی تری حەماس بەناوی عیزەت ئەلریشق بەکەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە ئاگربەستکە بۆ ماوەی چەنێک بێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی.

هاوکات رۆژی دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بەڕێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بەبزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبووەتەوە.

لەڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس زیاتر لە 240 کەسی بەبارمتە گرت و لەهێرشەکەشیدا بۆ سەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل هەزارو 200 کەس کوژران. ماوەی ٤٥ رۆژە جەنگ بەردەوامەو بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس لەفەڵەستین کوژراون.

ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی رۆژی سێشەمە رایگەیاند، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی جەنگ ئەنجامداوە «بەپشتبەستن بەو بەرەوپێشچوونانەی پەیوەستن بەئازادکردنی بارمتەکانەوە».

ناتانیاهۆ جگە لەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل و کابینەی حکومەتیش کۆبووەوە.

پێش کۆبوونەوەکان، ناتانیاهۆ رایگەیاند هەواڵی «خۆش» بەڕێوەیە سەبارەت بەئەگەری رێککەوتن لەگەڵ حەماس لەسەر بارمتە ئیسرائیلییەکان.

«ئێمە لەبەرەوپێشچوونداین لەسەر گەڕانەوە بارمەتەکان و هیوام وایە بەمزووانە هەواڵی خۆش هەبێت»، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وای وت.

هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس بکرێت پێویستە لەلایەن هەرسێ دامەزراوەکەی ئیسرائیلەوە پەسەندبکرێت کە ناتانیاهۆ لەگەڵیان کۆبووەوە.

 

رێککەوتنەکە چۆنە؟

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رێککەوتنەکە ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت کە لەلای حەماسن لەبەرامبەر ئازادکردنی کۆمەڵێک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لای ئیسرائیل دەستبەسەرن.

رۆیەترز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەدانوستانەکان کە بەنێوەندگیری قەتەر دەکرێت، رایگەیاندووە کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەبێت و هەماهەنگیش لەگەڵ ئەمریکا کراوە لەسەر رێککەوتنەکە.

لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی نزیک لەدانوستانەکەوە رایگەیاندووە کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ یان زیاترەو حەماس ٥٠ بارمتە رزگار دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی ١٥٠ زیندانی فەلەستینی و راگرنتی شەڕ کەئەمەش قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکەیە. رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە لەقۆناغی دووەمی رێککەوتەنەکە بارمتەی تری ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکە، رێککەوتنەکە بەنێوەندگیری میسرو قەتەرو چەند بەرپرسێکی میسری، کە بەپێی رۆژنامەکە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەنێوەندگیرییەکەدا، باسیان لەوە کردووە سەرکردایەتی سیاسی ئیسرائیل حەماسیس کە لەدەرەوەن رێککەوتنەکەیان پەسەند کردووەو تەنها رەزامەندی یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس لەغەززە ماوە کەپێشتر لە ٢٠١١دا خۆی زیندانی ئیسرائیل بوو و لەئاڵوگۆڕێکی دیل بەدیلدا ئازاد بوو.

بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل باس لەڕێککەوتنیکی تر دەکەن کە بەشێوازێکی ترە. وێبسایتی واڵا نیوزی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس، دەیەوێت کۆتایی بەفڕینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی غەززەوە بهێنرێت.

هاوکات میدیای یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات حەماس دەیەوێت رێککەوتنەکە بەجۆرێک بێت کەتەنها رۆژانە فڕۆکەکەانی ئیسرائیل بۆیان هەبێت شەش کاتژمیر بەسەر ئاسمانی باکوری غەززەوە بن.

ئەم هەوڵەی حەماس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل پشتی بەهێرشی ئاسمانی بەستووەو لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە بۆردومانی بەشێکی زۆری کەرتی غەززەیان کردووە، بەتایبەتی باکوری کەرتەکە کە لەئێستادا وەک وێرانەیەک دەردەکەوێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 14 هەزار کەس کە لەماوەی جەنگدا کوژراون، پێنج هەزاریان منداڵن.

کەناڵی بی بی سی لەسەر کەمکردنەوەی ئەرکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئسیرائیل لەجەنگەکەدا دەڵێت، جگە لەفڕۆکەی جەنگی، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆن کە نازاندرێت چەندن لەئاسمانی غەززەدا بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی ناسینەوەی ئامانج و هەڕەشەکانی بۆ سەر سەربازەکانی و وەستانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەجەنگەکەدا بەربەست بۆ هەواڵگری ئسیرائیل دروستدەکات لەکۆکردنەوەی زانیاری، بەتایبەتی زانیاری لەسەر بارمتەکان.

لە راپۆرتەکەی واڵ ستریت جێرناڵ باسی هەمان شت کراوەو دەڵێت، رێککەوتنەکە بەکارهێنانی درۆن لەلایەن ئیسرائیلەوە رادەگرێت، ئەمە جگەلەوە بارهەڵگری مرۆیی زیاتر لەمیسرەوە رێی پێدەدرێت بچێتە نیو غەززەوە.

راوژکارێکی باڵای سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە ئەگەر رێککەوتن لەسەر بارمەتەکان ئەنجامبدرێت ئەوا لەچەند کاتژمێرێکدا لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەنددەکرێت.

مارک ریگیڤ، راوێژکارێکی باڵای بنیامین ناتانیاهۆ بە رادیۆی بی بی سی راگەیاندووە، «ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، پیویستی بەبڕیاری حکومەتی ئیسرائیلە، پێموایە بەشێوەیەکی خێرا بکرێت. پێموایە چەند کاتژمێرێکی دەوێت.

مارک ریگیڤ دەشڵێت رەنگە پرۆسەکە زۆرتری پێبچێت ئەگەر ئەو کەسە فەڵەستینیانەی ئازاددەکرێن سکاڵای هاووڵاتی ئیسرائیلییان لەسەر بێت، چونکە «هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان رەنگە تانە بدەن لەبڕیارەکە لەدادگای باڵای ئیسرائیل و دواتریش دادگای باڵا دادگاییەک رێکدەخات بۆ بابەتەکە و ئەمەش چەند کاتژمێرێکی پێویستە».

ئێرانیش لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس هاتەدەنگ و رایگەیاند کە ئیسرائیل دەیەوێت ئاگربەست بکات بەڵام «ئەمریکا ناهێڵێت».

حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیل «بەپەرۆشن بۆ راگرتنی شەڕو کۆتایهێنان بەکوژرانی سەربازەکانیان لەکەرتی غەززە بەڵام کۆشکی سپی هاوڕا نییەو ناهێڵێت».

«زایۆنییەکان بەپەرۆشن بۆ ئاگربەست چونکە لەقەیراندان، بەڵام ئەمریکییەکان ناهێڵن ئەوە رووبدات، قەلەقی و پەرێشانی زایۆنییەکان زۆر لەوە کوشندەترە کە لەنێو غەززە روودەدات و دانیشتوانی غەززە سڵ لەهیچ ناکەنەوە»، فەرماندەی سوپای پاسداران وای وت.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار