ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل سبەینێ جێبەجێ دەکرێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی پێنجشەممەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ئازادکردنی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی.

موسا ئەبوو مەرزووق، ئەندامی مەکتەب سیاسی حەماس رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی 2023,  بە کەناڵی جەزیرەی رایگەیاند، رێککەوتنی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل لە کاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئیسرائیل هێشتا کاتژمێری وردی دەستپێکی ئەم رێککەوتننامەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. لە هەندێ راپۆرتی میدیاکانی فەلەستیندا کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ئیسرائیل دیاریکراوە.

لە هەندێ لە راپۆرتەکەندا هاتووە هەموو شەوێک ئیسرائیل ناوی 12 کەس لەو هاوڵاتیانەی کە رۆژی دواتر ئازاد ئەکرێن ئەگاتە دەستیان و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. 

ئۆفیسی بنیاماین ناتانیاهۆ رایگەیاندووە کە ئەگەر حەماس دوای چوار رۆژەکە، هەر رۆژێک ١٠ بارمتە ئازاد بکات ئەوا ئاگربەستەکە بۆ رۆژێک درێژ دەکرێتەوە.

لەبارەی ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن، مووسا ئەبومەرزووق بە جەزیرەی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی حەماس بە پێی رێککەوتنەکە ئازادیان ئەکات، ئەو کەسانەن کە هاوڵاتی وڵاتانی بیانین، بەڵام ئاماژەی بەوەنەدا هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی هەن یان نا.

ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە رێککەوتننامەکە بۆ ئازادکردنی 50 هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە هەندێ لە راپۆرتی میدیا جیهانییەکاندا هاتووە رەنگە حەماس ژمارەیەک کرێکاری تایلەندیش ئازاد بکات کە لە ئیسرائیل رفێندراون، بەڵام ئەو کرێکارانە جیاوازن لەو 50 هاوڵاتییە ئیسرائیلییە.

لەسەر ئاگربەستەکە ئەحمەد عەبدولهادی، نوێنەرێکی حەماس لە لوبنان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوانیدا لە کاتی پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەردانی بەیرووتی کرد، وتی، "حەماس هیوادارە ئەم ئاگربەستە ببێتەهۆی کۆتایی جەنگ".

نوێنەرەکەی حەماس لە لوبنان لە قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، حەماس توانیویەتی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا داسەپێنێت.

هاوکات کەناڵی جەزیرە نیوەڕۆی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی حیزبوڵڵاوە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل پەیوەست بێت بە پاراستنی ئارامییەوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش ئامادەیە دەستبەرداری هێرشەکانی بێت بۆ سەر ئیسرائیل.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار