بۆچی لەئەزموونی هەرێمی کوردستان خێڵەکان بردیانەوە؟

8 مانگ لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ

لەیادمە هاوڕێیەکی عەرەبم کە یەکێک بوو لەچالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکانی  ٢٠١٩ ی بەغداد، کەدواتر بەخۆپیشاندانەکانی تشرین ناسرا. بۆی گێڕامەوە کە جارێک تەنها لەبەرئەوەی کە پۆستێکی کردووە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەسەر پرۆژەیەکی قۆرغکاری کەخزمێکی سەرۆک هۆزەکەیان ئەنجامیدابوو. لەلایەن سەرۆک هۆزەکەیەنەوە تەلەفون بۆ باوکی کرابوو ئاگادارکرابووە کەچیترئێوە بەشێک نین لەهۆزەکەمان. ئەم قسەیەش لەڕوانگەی ئەوانەوە واتە ئەگەر رووبەڕووی هەر گرفتێک ببیتەوە کەس نیە لەسەر تۆ هەڵبدات و داوای خوێنەکەت بکات. ئەم کورتە گێڕانەوەیە منی بۆ ساتێک رامان برد باشە هۆکار چییە کەخێڵەکان هێندە هەژموونیان باڵادەستە بەسەر تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لەعێراق و بەتایبەت تر لەکوردستاندا کە من لەچوارچێوەی ئەم وتارەمدا هەوڵدەدەم کەمێک هەڵوەستەی لەسەربکەم.

 پرسی باڵادەستی خێڵەکان لەکوردستاندا دیاردەیەک نیە تازەبێت و رەگێکی قوڵی هەیە لەناو تەواوی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، کەم نین ئەو قوربانیانەی جینۆسایدو تاوانەکانی رژێمی پێشوو، پیاهەڵدان نەکەن بۆ ئەو دیکتاتۆرەی مەگەر لەمێژوودا تەنها گالیگۆلا هاوشانی بووبێت!. ئەم پیاهەڵدانەش تەنها لەبەر زوڵم و ستەمی سەرۆک خێڵەکانە، کە لەئیمڕۆدا لەسەرجەم کایەکانی خۆشگوزەرانی لەپێش قوربانیان و خەڵکی سڤیلەوەن و لەڕابردووشدا لەهەمان پێگەی ئێستایان سەرقاڵی مەراییکاری بوون بۆ رژێمی پێشوو!. هەروەک ئەوەی مێژوو گاڵتەجارانە خۆی بخاتەوەڕوو رابەرانی خێڵ وەک ئەوسا سەرمەستی خۆڕانانن بەسەر خەڵکی سڤیلدا بەنمایشکاری خۆشگوزەرانی و دەرخستنی قافڵەی ئوتۆمبێلە گرانبەهاکانیان لەئاگۆراو سۆشیال میدیادا. باڵادەستی خێڵەکان وەک ستراتیجێک لەسەردەمی رژێمی پێشووەوە بەکارخراوە دژی تاکی کورد خۆی. بەجۆرێک زۆرجار خێڵەکانی باشوری عێراق گلەیی و گازندەیان لەڕژێم هەبووە. کە بۆچی ئەمانیش هەمان ئەو شایستە دارایی و پێگە باڵادەستییەیان نیە کەسەرۆک خێڵ و موستەشارەکانی سەر بەڕژێم لەكوردستان هەیانە؟.

گرفتی بنەڕەتی بەبڕوای بەندە  لەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە ئەو حکومەتەی ئاواکرا تاوەکو ئیمڕۆ شکستیهێناوە لەکاڵکردنەوەی هەژموون باڵای خێڵ بەسەر کاروباری سێکتەرەکانیەوە، بەتایبەتتر لەپرسەکانی پەیوەست بەئاسایشی نیشتیمانی،  ئابوری سەربەخۆو ئازادبوونی تاک لەکۆتوبەندەکان!. ئەم گرفتەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەپارتە سیاسییە باڵادەستەکان تاکو هەنوکەش خۆراکی بەردەوامیان لەخێڵەکانەوە وەردەگرن. هەوڵدەدەم چەند سەرەقەڵەمێک لەو هەژموون باڵاییەوە بخەمەڕوو، کە بەمەترسیی دەبینم لەسەر پرۆسەی دروستبوونی تاکی ئازاد لەهەرێمی کوردستاندا.

 

یەکەم: خێڵەکان بەمجۆرە یارییە سیاسییەکانیان سەرپێدەخەن:

لەلای خێڵ و تەنانەت تەریقەتە ئاینیەکانیش لەناوچەکەدا پرسی لایەنگرییان بۆ پارتە سیاسییە باڵادەستەکان بەربنەمای بەرژەوەندی ئابوری و پرسی دامەزراندنە. بەجۆرێک ئەگەر رابەری خێڵێک لەپارتێکی سیاسی خاوەن هەژموون لایەنگرو ئەندامبێت. بەڵام ویست و داواکاریەکانی بۆ جێبەجێ نەکرێت کەبەشێکی زۆریان لەسەر حەقخواردنی هاووڵاتی ئاسایی و چینی ناوەڕاست ئاوابووە. ئەوا پارتی رکابەری بەرامبەری دەکاتە مۆڵگەیەک بۆ بەرەنگاری و هەجوکردنی ئەو پارتەی پێشتر لێی ئەندام بووە!. ئەم یارییە بەجۆرێک لەئەزموونی سیاسی پارتەکانی باشور بەربڵاوە بووەتە یارییەکی ناشیرین و نموونەیەکی زۆر خراپی بەشداری سیاسی. پارتە سیاسییەکانیش چونکە نەیانتوانیوە راستگۆبن لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە لەسەری ئاوابوون. تێوەگلاون لەم یارییە قێزەونە کە جگە لەسەر شۆڕبوونی زیاتری کورد بەرامبەر دوژمنانی هیچی تری لێ سەوز نەبووە. بەڵام دواجار لەم هاوکێشەیە براوە هەر خێڵەکانن، چونکە پارتە سیاسییەکان ناچاردەکەن گوێڕایاڵیان بن ئەویش بەهەڕەشەی دەنگنەدان و پاڵپشت نەبوون لەهەڵبژاردنەکان و چەندین پرسی دیکە.

 

دووەم: خێڵ و بەرژەوەندە ئابووریەکان:

گەشەسەندنی ئابوری ئیمڕۆ هاوتەریبە بەگۆڕانکارییە تەکنەلۆژی وهاوکێشە ئاڵۆزەکانی جیهانگیری، بەجۆرێک ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی لەساڵی ١٩٧٠ گەیشتوونەتە پێوەری جیهانگیری کەشەست خاڵیان هیناوە ١٤ دەوڵەت بوو. ئەم ژمارەیە لە ٢٠٢١ دا گەیشتووەتە ٩٨ دەوڵەت!. بەڵام لەئەزمونی هەرێم تاهەنوکە بازاڕێکی یەکگرتوو دروستنەبووە، کەتوانیبێتی بچێتە ناو هاوکێشەی بازاڕە دراییەکانی جیهانەوە. کەبێگومان هۆکاری ئەمە لەپاڵ بەربڵاوی پرسی گەندەڵی،  باڵکێشانی خێڵەکانیش هۆکارێکی جەوهەرییە. بەو پێیە کەئەستەمە پرۆژەیەکی بازرگانی نەبینی لەبازاڕی کاری کوردستان کە لەلایەن بنەماڵەیەک یان خێڵێک ئاراستە نەکرێت. کەزۆرجار ئەم پرۆژە خێزانیانە جگە لەئەندامانی ئەو بنەماڵەیە یاخود ئەو خێڵە، هاووڵاتی سڤیل زۆر بەئەستەم چانسی بۆ دەڕەخسێت کاربکات و خۆی گەشەپێبدات. چونکە دواجار ئەگەر بەڕێژەییش وەریبگرین ئازادی مرۆڤ پەیوەستە بەئازادی گیرفانەوە. ئەگەر تاک ئازادانە و دوور لەهەژموونی خێڵ کاربکات ئەوکاتە دەتوانێت بەئازادانە ئاراستەی دونیابینیەکانی خودی خۆی بکات.

 

سێیەم: خێڵەکان و پرسی ئاشتەوایی و سازدانی فێستیڤاڵەکان:

رابەرانی خێڵەکانی کوردستان ئیمڕۆ بەناوی پرسی ئاشتەواییەوە بوونەتە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی رۆڵی دادگاکان و دەستتێوەردان لەبەدیهێنانی پرۆسەی دادوەری لەژێر ناوی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا. کەزۆرجار ئەم ئاشتەواییە لەسەر بنەمای پێ بژاردن بەپارەیەکی زۆر دەکرێت کە بەبیستنی شۆک دەبیت. ئەم بڕە پارەیەش بەشێکی وەک دیوەخانانە وەردەگیرێت. لەپاڵ ئەم مۆدێلەشدا، سازدانی فێستیڤاڵی خێڵەکان بەجۆرێک زیندووبوونەتەوە کەئەستەمە وێنابکرێت بەجۆرێک هەر هۆزێک و خێڵێک بەجیا یادی خۆی دەکاتەوە. وەک ئەوەی لەسەردەمی میرنشینەکان بژین. کەئەمە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و شوناسی کوردبوون دروستدەکات. بەوپێیەی کەوێنەی کوردبوون پارچە پارچە بووەو هەر پارچەیەکی خێڵێک خۆی بەخاوەنی دەزانێت. ئەم خاوەندارییەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەو لەپرسە چارەنووسسازەکاندا هیچ جۆرە گرنتیەک نیە کە ئایا هەموو ئەم خێڵانە دەتوانن یەکگرتووبن و بنەمای هاوبەش کۆیانبکاتەوە کەکوردبوونە؟!.

 

چوارەم: خێڵ و پرسی ئاسایشی نیشتیمانی:

پرسی ئاسایشی نیشتیمانی یەکێکە لەهەرە پرسە جەوهەرییەکان. بەڵام ئەوەی لەم ئەزموونە دەبینرێت ئەوەیە زۆرێک لەڕابەری خێڵەکان و خزم و نزیکەکانیان هەڵگری پلەی سەربازین یاخود بەڕاستەوخۆبێت یاخود ناڕاستەوخۆ، خاوەنی هێزی چەکداری رەسمی یاخود ناڕەسمین. کاریگەرییان هەیە لەسەر ئاراستەکردنی هاوکێشە سەربازی و ئەمنییەکان. دیزە بەدەرخۆنەی زۆر پرسی هەستیار دەکەن لەناو خۆیاندا بەبێ ئەوەی گوێبدەنە پێودەنگیەکانی ئاسایشی نیشتیمانی. زۆرجار روودەدات کەکێشەی خوێن و شەڕ دروستببێت لەناو خێڵەکاندا، کەڕوویداوە بەئاشکرا هەڕەشەی پەلاماری چەکدارییان لەیەکتر کردووە!. بۆئەم پرسەش ئەگەر رێکخستن و چاکسازی ریشەیی بۆ وەلائی ئەو گروپە خێڵەکیانە نەبێت کەهەژمونیان لەناو سیستەمی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی هەیە، دوور نیە مەترسی جددی دروستبەکەن لەئاستی دوورمەودادا.

 

پێنجەم: خێڵ و ئازادی تاک:

خێڵەکان بەو پێیەی کە لەئیمڕۆدا بەهۆکاری لاوازبوونی سیستەمی حوکمڕانی زیاتر بەهێزبوون و خاوەن هەژموونن، لەڕێگای سەرپێخستنی خۆڕێکخستن و دووبارە ناسینەوەی ئەندامانی خێڵ. زەمینەیەکیان سازاندووە کەتاک زیاتر بەرەو باوەشی خێڵەکان هەنگاوبنێت بەئامانجی خۆپارێزی لەهەر جۆرە ستەمێک و لەهەمان کاتیشدا پچڕینی شتێک لەبەرژەوەندی بۆخۆی ئەویش لەڕێگای دامەزراندن و خۆبەگەڕخستنی تواناکانی لەبەرژەوەندیەکانی خێڵدا. ئەم باوەشکردنەوەی خێڵەکانیش تاکو ئەو جێگەیە بڕدەکات کەتاکەکانی سەربەخۆی تۆزقاڵێک مەترسی بۆ بەرژەوەندیەکانی دروستنەکەن.

 

چی بکرێت؟

ئەوەی لەم نووسینەدا خستمانەڕوو سەرەقەڵەمێکە لەو هەژموونە باڵایەی خێڵەکان بەسەر دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا چی لەعێراق بیت یاخود هەرێمی کورداستان. بەڵام گرنگترین شتێک کەوەک چارەسەر بیخەینەڕوو لێرەدا ئەویش هۆشیاربوونی تاکە بەرامبەر بەخودی خۆی و فراوانکردنی دونیابینیەکانی بەئاراستەی پێشکەوتنە هاوچەرخەکان. گومانی تێدانیە خێڵەکانی و رابەرەکانی هەمویان مەرج نیە دژە نەتەوەو خاکبن. زۆریان تێدایە کە کەسانی نیشتیمانی جوامێربوون لەخەباتی رزگاری نەتەوەکەماندا. بەڵام ئەوەی گرنگە بکرێت ئەوەیە کەئەگەر قەرارە تاکی کورد هێشتاکە خەونی سەربەخۆیی و بەدیهێنانی ئازادی بێت بۆ خودی خۆی، دەبێت لەو خێڵگەراییە دەرچێت و بەرەو دامەزراوەبوون و سیستەم هەنگاوبنێت. ئەگەر هەر کەمێک وردبینەوە لەو وڵاتانەی کەدوژمنی نەتەوەی کوردن، دەزانین کەچەندە هەژموونی خێڵیان سنوردارکردووە. بەر لەهەموو شتێک وڵات گرنگترە پاشان خێزانەکەت ئینجا لەدواییدا خێڵەکەت و ئەو نازناوەی کەهەڵیدەگریت.

لێرەدا ئازادی و سازاندنی زەمینەیەک بۆ تاک زۆر گرنگە کەفێربێت لەدەرەوەی ئەوی دی باڵاتر تواناداربێت، ژیان بگوزەرێنێت و قەڵەمبازی بکات بۆ داهێنان و پێشخستنی نیشتیمان. بۆ سازاندنی ئەم زەمینەیەش دەبێت پارتە سیاسی و لایەنی پەیوەندیدار تێبکۆشن بۆ پێداچوونەوە بەستراتیجیەتی کارکردنیان بۆ دروستکردنی تاکی ئازادو نیشتیمانپەروەر. چونکە هەتاکو ئازادی نەبێت بۆ تاک و هەژموونی خێڵ لاواز نەکرێت لەناو سیستەمدا، خواستی پێشکەوتن و گۆڕانکاری خەونێکی دۆنکی شۆتانەیە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار