وەزارەتی نەوتی عێراق: لەهەوڵداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت لە ھەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی كێشە یاسایی و تەكنیكی و داراییەكانی ئەو بابەتە، پەرلەمانتارێكی عێراقیش نهێنییەكی دوایین كۆبوونەوەی وەفدی هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات.
عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: حكومەتی عێراق سوورە لەسەر دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جیھانی توركیا و پەلەكردن لەو پڕۆسەیە.
وتیشی: لە ھەوڵی چڕدان بۆ چارەسەركردنی كێشە یاسایی و تەكنیكی و داراییەكانی تایبەت بە گرێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیاكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، چونكە ئەو گرێبەستانە جیاوازن لە گرێبەستەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق و پێویستە فۆڕمی گرێبەستە نەوتییەكان بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی وەزارەتی نەوت.
لەلایەن خۆشیەوە ئینتیسار جەزیری، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: وەفدی كوردی كە بەم دواییانە سەردانی بەغدای كردووە، باسی دۆسیەی یاسای نەوت و گازی كردووە و لە كاتێكدا ئەم پرسە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵییە و ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕاشیگەیاندوە: كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك وەزیران و وەفدی كوردی لە بەغدای پایتەخت لەبارەی چەند دۆسییەك بووە، یەكێك لەوانە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و یاسای نەوت و گاز بووە، بەڵام هیچ ڕێككەوتنێك لەبارە یاسای نەوت و گاز نەكراوە.
ئینتیسار جەزیری ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم یاسایە لە ئێستادا لە بەرنامەی كابینەكەی حكومەتی فیدراڵی دایە، بە ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی نوێ سەبارەت بە یاساكە دەرنەكەوتووە.
كۆتایی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە راگیرا و تائێستا دەستیپێنەكردووەتەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار