ئەردۆغان: ئەگەر ئیسرائیل رووبەرووی سوپایەکی بەهێز ببێتەوە پارچە پارچە دەبێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند سوپای وڵاتەکە پێویستە "بەهۆش خۆی بێتەوە" پێش ئەوەی سوپایەکی بەهێز رووبەرووی بێتەوە. 

لە نوێترین وتاریدا دژی ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا وتی، "ئیسرائیل، کە دڵ و قاچی هاتوونەتە لەرزە لەبەرامبەر کۆمەڵێک مەدەنی غەززە، ئەگەر رووبەرووی سوپایەکی راستەقینەوە و بەهێز ببێتەوە ئەوا پارچە پارچە دەبێت."

ئەردۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، "ئێمە هیوادارین ئیسرائیل بەهۆش خۆی بێتەوە پێش ئەوەی دەرئەنجامێکی ئاوا بەئازار رووبدات."

لەسەرەتایی دەستپێکی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی توند دەنوێنیت بەرامبەر ئیسرائیل و زۆرجار بەراستەوخۆ ناوی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەهێنێت و هەڕەشەی لێدەکات، لەدواین هێرشیشیدا وتی کە ناتانیاهۆ "قەسابی غەززە"یە و لەسەر ئەوە دادگایی دەکرێت. 

ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری تورکیا لای زۆرێک بە هەڕەشەی راستەقینە لێکنادرێتەوە و دەڵێن کە ئەمە تەنها بۆ نمایشە ئەگەرنا تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناتوانن بەرامبەر ئیسرائیل بوەستنەوە. 

ئیسرائیل چەندین جار وەڵامی ئەردۆغانی داوەتەوە و دواین وەڵامی توندیش لەلایەن ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بووە کە مانگی رابردوو وتی، "ئێمە گوێت لێناگرین تۆ گوندەکانی سنوری تورکیا بۆردومان دەکەیت." 

نزیکەی دوو مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل تا ئێستا 401 سەربازی وڵاتەکە کوژراوە، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کەسەی تر کە کوژراون. هاوکات بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، نزیکەی 16 هەزار کەس کوژراون کە ئاماری کوژرانی مەدەنی و چەکداری حەماس پێکەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە هەژمارکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار